فاروق جەبار چۆن شەهید بوو؟

09:52 - 2023-09-06
کوردستان
786 جار خوێندراوەتەوە

رێباز بێركۆتی

هێزەكانمان لە گوندی چەمرگە كۆببووینەوە، لە پێنجی ئەیلولی ساڵی 1996 دەمەو بەیانی؛ كاك كۆسرەت ئاگاداریكردینەوە كە هێزەكانی پارتی لە گوندی باخچەوە هێرش دەهێننە سەر زوورگەكان بە ئاڕاستەی گوندی چەمرگە، بۆیە پێویستە دەستە و مەفرەزەكان خۆتان ئامادەبكەن بۆ روبەڕوبوونەوە.
بەڕاستی هێزەكانمان ماندووبوون پاش دەرچوونمان لە شاری هەولێر.
ئەوەی من ئاگاداری قۆڵی زوورگەكانی بەرزایی سەر باغمرە و رەقە بووم، مەفرەزەی شەهید دكتۆر هیوا و مەفرەزەی كاك سەید حیكمەت و دەستە و ئەو هەڤاڵانەی لەگەڵ من بوون (عەمید فەریق محەمەد گەردی، لیوا روكن زاتیار شەقڵاوەیی، كاك جەنگی و كاك شێرزاد، شەهید عومەر عەدۆ و چەند پێشمەرگەیەكی قارەمانی موتەفەریقە) تا نزیكی سەعات 11:00 شەڕێكی قورس بەردەوام بوو.
بەڵام كاتێك هێزەكانی پارتی و ناقیلە سەربازییەكانی سوپای عیراق لە شەقامی بیستانە و كانی بزرە بەرەو گوندی چەمرگە پێشڕەوییان كرد، واتە لە پشتی ئێمەوە نزیكبوونەوە، بەناچاری ئێمە پاشەكشەمان كرد و ئەو هێزەی لەوێ بوو رووە و هەردوو گردی ئاڕاستەی حاجی وسوو رۆیشتین و لەو دوو گردە گیرساینەوە.
هەرچەندە ئەو شوێنە لەڕووی جوگرافی شوێنی بەرگریی نەبوو، بەڵام حاڵەتەكە وابوو كە ئاگری هێزی هێرشبەر زۆر زۆر بوو، بە جۆرەها چەكی قورس ئاگربارانیان دەكردین، شەهید فاروق، هەمیشە لە نزیكی كاك كۆسرەت بوو، كاتێك ئاگری هێرشەكە لەسەرمان زۆر زیادبوو، بە چەكی 106 و 23 ملیم و دۆشكە زۆر بەچڕی لێمان دەدرا، مخابن كاك فاروق بریندار بوو، هەر لەوێشدا شەهید كەمال مەسیفی شەهیدبوو. كاك فاروقیش لەڕێگا بەرەو كۆیە شەهید بوو.
رۆحی شەهیدانمان شاد و نەفرەت لە شەڕی كوردكوژی.
هەموومان تەمەنای یەكڕیزیی و تەبایی ناوماڵی كوردستان دەكەین و ئەم شەڕە نەگریسە یەخەی كورد بەربدات و ببێتە وانەیەك بۆ داهاتوو.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان