لەتیف هەڵمەت: سەرۆك مام جەلال دۆستی ئەدیب و نووسەران بوو

12:56 - 2023-09-06
کوردستان
670 جار خوێندراوەتەوە

وەفدێكی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال رۆژی 9/5 سەردانی لەتیف هەڵمەت، شاعیری گەورە و ئەدیبی ناسراویان کرد و لە نزیكەوە لە دۆخی تەندروستیان پرسی و سڵاوی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی و قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال-یان پێگەیاند.

لای خۆیەوە لەتیف هەڵمەت خۆشحاڵی بەسەردانەكە دەربڕی و باسی لە دۆستایەتی رەوانشاد سەرۆك مام جەلال لەگەڵ نووسەر و ئەدیب و رۆژنامەنووسان بەتایبەتی و چین و توێژەكان بەگشتی كرد و رایگەیاند: "سەرۆك مام جەلال دۆستایەتی بەتینی لەگەڵ ئەدیباندا هەبوو، پاڵپشتێكی گرنگی ئازادی و ئازادیی رەخنە بوو، لەگەڵیشیدا داكۆكیكار و بەدیهێنەری نان و ئازادی بوو".

هەروەها تێڕوانینی سەرۆك مام جەلالی وەبیرهێنایەوە و وتی: "سەرۆك مام جەلال، شاعیر و ئەدیب و نووسەر و رووناكبیرانی بە موڵكی نەتەوە و نیشتمان دەزانی، پشتیوانی بێمەرجیان بوو، بۆیە هەمیشە لەگەڵ فراوانكردنی فەزای ئازادی و رەخنە و داهێنانەكانیاندا بووە".

ئەم سەردانەی وەفدی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال-یشی بەرزنرخاند وەك هەواڵپرسی و ئاوڕدانەوە و پێزانین بەرامبەر بەو كۆشش و خزمەتەی پێشكەشی میللەتەكەی كردووە.

لەتیف ھەڵمەت نووسەر و شاعیر و رۆژنامەنووسی بەناوبانگی کوردە، لە ساڵی 1947 لە کفری لەدایکبووە، لە ساڵی 1963 دەستیکردووە بە نووسین لە بواری منداڵاندا، زیاتر لە بیست دیوانی هۆنراوە و 17 بڵاوکراوەی بۆ منداڵان هەیە.

ھەروەھا خەڵاتی (ئاپیک)ی لەسەر دیوانی منداڵان وەرگرتووە، چەند جارێکیش خەڵاتی وەزارەتی رۆشنبیری وەرگرتووە.

خاوەنی دەیان دیوان و بەرهەمی شیعری و ئەدەبی و توێژینەوە و بەرهەمی منداڵانە.

PUKMEDIA

#مام جەلال

بابەتە پەیوەندیدارەکان