ئاكار نه‌جم
كه‌ریم عیراقی ناوێكی دیاره له مێژووی شیعر و ئه‌ده‌بی عیراقی‌دا. ئه‌و شاعیره‌ی به شیعره‌كانی زۆرێك له‌و هونه‌رمه‌نده گۆرانیبیژانه‌ی هاوسه‌رده‌می خۆی بۆ شیعر په‌نایان بۆ بردووه. ئه‌م پیاوه ته‌نها شاعیر نه‌بووه و له چه‌ند ژانرێكی دیكه‌دا كاری كردووه، وه‌ك شانۆنامه و رۆمان و ئه‌ده‌بی منداڵان. شاعیری ناوداری عیراقی هه‌فته‌ی رابردوو ماڵئاوایی له ژیان و شیعر كرد، شاعیری گۆرانیبێژه ناوداره‌كان شیعری به جێهێشت و مردنه‌كه‌ی بووه باسوخواسی میدیا عیراقی و عه‌ره‌بییه‌كان و كاربه‌ده‌ستان و ده‌سه‌ڵاتدارانیش بۆی هاتنه سه‌رخه‌ت و پرسه‌و هاوخه‌می خۆیان بۆ ئه‌و شاعیره ناسكه‌ی به‌غدا ده‌ربڕی. سه‌رۆكی عیراق و سه‌رۆك وه‌زیران و گه‌لێك كه‌سایه‌تی دیاره هاوخه‌می مه‌رگی ئه‌م شاعیره بوون.
له كه‌رخه‌وه بۆ جیهانی عه‌ره‌ب
كه‌ریم عیراقی ساڵی 1955 له ناوچه‌ی كه‌رخی به‌غدا له‌دایكبووه و هه‌فته‌ی پێشوو یه‌كی ئه‌یلوولی 2023 له ته‌مه‌نی شه‌ست و هه‌شت ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. هه‌واڵی مردنه‌كه‌ی سایت و تیڤییه عه‌ره‌بی و به تایبه‌ت عیراقییه‌كانی ره‌شپۆش كرد. ئه‌و شاعیره‌ی چه‌ندین گۆرانی بۆ هونه‌رمه‌ند كازم ساهیر و سه‌عدون جابر و چه‌ندانی تر نووسیوه. ئه شاعیره له گه‌ڕه‌كێكی به‌غدا له‌دایكبوو، ئه‌مما به‌هۆی كاره جوانه‌كانییه‌وه له جیهانی عه‌ره‌بیدا ناو و ناوبانگی ده‌ركردووه.
كه‌ریم ئۆده
كه‌ریم عیراقی ناوی راسته‌قینه‌ی كه‌ریم ئۆده‌یه، شاعیر و كه‌سایه‌تییه‌كی میدیایی هاوچه‌رخی عیراقی بوو. كه‌ریم وه‌ك پیشه شاعیره و به شیعره ناسكه‌كانی جه‌ماوه‌رێكی زۆری بۆ خۆی په‌یدا كردبوو، نه‌ك گوێ‌گران، زۆرێك له هونه‌رمه‌نده‌كانیش بۆ ئه‌وه‌ی شیعریان پێ بدا هانایان بۆ ده‌برد. ئه‌م شاعیره خاوه‌نی بڕوانامه‌ی دبلۆمی ده‌روونناسییه و موزیكی منداڵانی له په‌یمانگای مامۆستایان له به‌غدا خوێندووه و پاشان ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك وه‌ك مامۆستا له قوتابخانه‌كانی به‌غدا وانه‌ی گوتووه‌ته‌وه. دواتر وه‌ك سه‌رپه‌رشتیارێك كاری كردووه كه تایبه‌ته به نووسینی ئۆپێرای قوتابخانه‌كان.
له منداڵییه‌وه خولیای هونه‌ر و ئه‌ده‌ب بووه
كه‌ریم وه‌ختێك منداڵ بووه، له قۆناغی سه‌ره‌تاییدا له چه‌ند گۆڤارێكی عیراقی ده‌ستی به نووسین و بڵاكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانی كردووه، له‌وانه: گۆڤاری المگفجر و الرصد و رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و گۆڤاری ئه‌لشه‌باب. لێره‌وه ده‌ستیپێكرد. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وه‌ك نووسه‌رێك ده‌ركه‌وتووه. حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی كه‌ریم جیاواز بوون، بریتی بوون له نووسینی شیعری باو، گۆرانی، ئۆپێرا، شانۆنامه و وتار... حه‌ز و ئاره‌زووی بۆ كه‌لتور و ئه‌ده‌ب هه‌ر له سه‌ره‌تاوه كه‌ریمی وه‌ك منداڵێكی جیاواز له هاوسه‌رده‌مه‌كانی ناساند و هه‌ر زوو توانا و سه‌لیقه‌ی ده‌ركه‌وت، وه‌كو كه‌سێكی و خاوه‌ن به‌هره.
عیراقی وه‌ك رۆژنامه‌نووس
كه‌ریم له بواری نووسینی گۆرانیدا كاری زۆر باشی كردووه و سه‌ره‌تای كاركردنی له‌م هونه‌ره‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1974 كه به دوو گۆرانی بۆ منداڵان ده‌ركه‌وتووه، كه ئه‌و كاته خوێندكاری قۆناغی ناوه‌ندی بووه، ئه‌و دوو به‌رهه‌مه‌ش بریتی بوون له (الشمیسة) و (یا خالة یالخیاطة) و دواتر چه‌ندین به‌رهه‌می سه‌ركه‌وتووی پێشكه‌ش كردووه. ورده ورده گۆرانیبیژه‌كانی وڵات له ده‌وری كۆبوونه‌وه. كه‌ریم ته‌نها شاعیر نه‌بووه، وه‌ك رۆژنامه‌نووسیش چالاك بووه و سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری سیدتی كاری كردووه. كه‌ریم بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك وه‌ك سه‌رنووسه‌ری هونه‌ری له گۆڤاری هونه‌ری عیراقی كاری كردووه، هه‌روه‌ها وه‌ك سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌نووس له چه‌ندین گۆڤاری عه‌ره‌بی له میسر و سعودیه و ئیمارات كاری كردووه، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی نێوده‌وڵه‌تی نووسه‌ران بووه.
شاعیری شه‌ڕبوو
كه‌ریم له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كاندا عیراقی به‌جێهێشت و به‌ره‌و تونس ئۆغری كرد. ئه‌م كۆچكردنه‌ی كه‌ریم هاوكات بوو له‌گه‌ڵ رۆیشتنی زۆرێك له هونه‌رمه‌نده عیراقییه‌كان. ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان ژیان و گوزه‌رانی عیراق زۆر سه‌خت و ناخۆش بوو، بارودۆخی ئابووری و فشاری به‌عس وای كرد گه‌لێك له شاعیر و هونه‌رمه‌ندان عیراق به جێێبهێڵن و سه‌ری خۆیان هه‌ڵبگرن، كه‌ریمش یه‌كێك بوو له‌وانه و رۆیشت و ئاوڕی له بیره‌وه‌رییه‌كانی كۆڵان و شار و وڵاته‌كه‌ی نه‌دایه‌وه. ئه‌گه‌رچی پێشتر به شیعر به‌رگریی له شه‌ڕی عیراق كردووه. سه‌رده‌مانێك كه‌ریم عیراقی كوڕی وڵات بوو، شه‌ڕی عیراق له‌گه‌ڵ ئێرانی وه‌ك جیهادێك بینیوه و شیعری بۆ نووسیوه و به شیعره‌كانی هانی سه‌ربازانی عیراقی ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی بچن بۆ شه‌ڕی دوژمنی ئێرانی. ئه‌م قۆناغه‌ش سه‌رده‌می ناوبانگ بۆ ئه‌و. كه‌ریم به‌شداری له زۆر به‌رهه‌می شانۆییدا كردووه له ده‌وری شه‌ڕی ئێران و عیراقدا. به‌ڵام دوایی له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كاندا به‌ره‌و تونس رۆیشتووه و دوای چه‌ند ساڵێك تونسیشی به‌جێهێشتووه. له نێوان چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بیدا له هاتوچۆدا بووه، تا دواجار له ئیماراتی عه‌ره‌بی نیشته‌جێ بووه.
خه‌ڵاته‌كان
كه‌ریم عیراقی ئه‌و شاعیره‌ی به شیعره‌كانی ناوبانگی په‌یدا كردووه، له پای ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی چه‌ند خه‌ڵاتێكی وه‌رگرتووه. له‌وانه خه‌ڵاتی یونیسێف بۆ باشترین گۆرانی مرۆیی بۆ شیعری بیرت بێت كه له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند كازم ساهیره‌وه ئاوازی بۆ دانراوه و گوتراوه. له ساڵی 2019 خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی شازاده عه‌بدوڵڵا فه‌یسه‌ڵی به‌ده‌ستهێناوه.
به‌رهه‌مه‌كانی
كه‌ریم عیراقی له ژیانی ئه‌ده‌بی خۆیدا خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌مه و زۆرێك له شیعره‌كانی كراون به گۆرانی، له به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م شاعیره: یامدلل، یا ناس، الاب، بدیل، موال سبع ایام... چه‌ندین شیعری دیكه كه هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ كردوویانه به گۆرانی وه‌كو كازم ساهیر و ماجید موهه‌ندیش و سه‌عدون جابر و... كثر الحدیث یه‌كێك له كتێبه‌كانی 2014 بڵاوكراوه‌ته‌وه و الاغانی وحكایاتها. كتێبێكی دیكه كه‌ریم عیراقییه كه له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای مصر المحروسهةالقاهرة. هنا بغداد یه‌كێكی دیكه‌یه له كۆمه‌ڵه شیعره‌كانی. أحبك جدا و ها.. حبیبی و دلع و... چه‌ندین به‌رهه‌می دیكه. له‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه بۆ منداڵان نووسیوێتی: الطباخ والمرح، الغواص واللؤلؤ، الا‌مومة... چه‌ندین به‌رهه‌می دیكه‌ی منداڵان. كه‌ریم عیراقی هه‌ر به‌شیعر نووسینه‌وه نه‌وه‌ستاوه، خۆی له قه‌ره‌ی رۆمانیش داوه، رۆمانێكی به ناونیشانی الشاكریة نووسیوه. ئه‌م رۆمانه ساڵی 2014 ده‌زگای میزۆپۆتامیا له به‌غدا چاپی كردووه و له دووتوێی 240 لاپه‌ڕه‌دایه. نووسه‌ر له گێڕانه‌وه‌كه‌یدا هه‌وڵده‌دات مێژووی ناوچه‌ی ئه‌لشاكرییه له به‌غدا نیشان بدات. باس له‌و ناوچه‌یه و خانوو و كۆشكه گه‌وره‌كانی ده‌كات كه له سه‌رده‌می شاهانه‌دا دروستكراون.