جەمال بابان، ئاوێنەی ئەدەب‌ و مێژوو

12:15 - 2023-09-08
کەلتور
415 جار خوێندراوەتەوە

خەلیل عەبدوڵڵا


جەمال بابان كەسایەتیی گەورەی كولتووری‌ و مێژوویی كوردستان، لە بوارەكانی ڕۆشنبیری‌ و مێژوویی‌ و كارگێڕی خزمەتی زۆری پێشكەش بەگەل‌ و نیشتمانەكەی كردووە‌ و خاوەنی خەرمانێك  بەرهەمی نووسراو و چاپكراوە، خزمەتەكانی بە شانازییەوە لە لاپەڕە درەوشاوەكانی مێژووی كوردستاندا تۆمار دەكرین.
جەمال كوڕی عەبدولقادر كوڕی عەزمی بەگ كوڕی مستەفا بەگ كوڕی سلێمان پاشا كوڕی ئەوڕەحمان پاشای بابان، ناوی تەواوی ئەم كەسایەتییە گەورەیەیە‌ و بە جەمال بابان ناسراوە.
ساڵی 1927 لە شاری سلێمانی لە دایكبووە، لە ئامێزی خێزانێكی ناودار‌ و رووناكبیردا پەروەردە بووە، قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی‌ و ناوەندی‌ و ئامادەیی لە شاری سلێمانی تەواو كردووە.
بۆ خوێندنی زانكۆ رووی كردۆتە شاری بەغدا‌ و ساڵی 1946 لە كۆلیجی ماف  وەرگیراوە‌ و ساڵی 1950 بە سەركەوتوویی تەواویكردووە‌ و بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە مافدا وەرگرتووە.
جەمال بابان، هەر لە سەرەتای ژیانی گەنجییەوە بایەخی بە ئەدەب بەگشتی‌ و چیرۆك بە تایبەتی داوە، دواتر بایەخی بە نووسینی بابەتی مێژوویی داوە‌ و چەندین كتێبی ناوازەی ئەدەبی‌ و مێژوویی پێشكەش بە كتێبخانەی كوردی كردووە.
ساڵی 1957 یەكەم بەرهەمی ئەدەبی بەناوی ( خانزاد) بڵاوكردۆتەوە كە چیرۆك بووە،
دواتر چەندین بەرهەمی دیكەی ئەدەبی بڵاوكردۆتەوە لەوانە: (پەڵە هەورێكی چڵكن، سەی كەڵەك، مامە یارە، خەڕەكە شكاوەكە، ترش‌ و شیرینی خاڵە رەجەب، قسەی نەستەقی پێشینان)‌ و چەندانی تر.
مامۆستا جەمال بابان بایەخی بە بواری مێژووش داوە‌ و خاوەنی چەندین كتێبی ناوازەی مێژووییە، لەوانە: (سلێمانی شارە گەشاوەكەم- چوار بەرگ، یاداشتنامەی ژیانم، گەشتێ‌ بە ناخی تەمەندا، بابان لە مێژوودا‌ و گەورە پیاوانی بابان، هەندێك داوەریی بەناوبانگ).
مامۆستا جەمال بە زمانی عەرەبیش بابەتی مێژوویی نووسیوە‌ و خاوەنی چەند كتێبێكی بەنرخە، لەوانە: (اعلام الكرد- دوو بەرگ، اصول اسماء المدن والمواقع العراقیە- سێ‌  بەرگ، بابان فی التاریخ و مشاهیر البابانیین، واقع كركوك).
لە بواری كارگێڕیشدا خزمەتی كردووە چەندین پۆستی جیا جیای وەرگرتووە لەوانە: (بەڕێوەبەری ناحیە، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی، سەرۆكی شارەوانی، ئەمینداری گشتیی كۆڕی زانیاری كورد، بەڕێوەبەری دەزگای رۆشنبیری‌و بڵاوكردنەوەی كوردی).
مامۆستا جەمال بابان، نووسەر‌ و رووناكبیرێكی مەزن‌ و بە توانا بووە، هەر بۆیەش ساڵی 1970 بە یەكەم سەرۆكی یەكێتیی نووسەرانی كورد هەڵبژێردراوە.
مامۆستا جەمال  بابان بایەخی بە دامەزراندنی یانە‌ و سەنتەری رۆشنبیری داوە، لەوانە: (یانەی رۆشنبیری سەڵاحەدین لە بەغدا، سەنتەری رۆشنبیری بابان لە سلێمانی).
بەحوكمی ئەوەی مامۆستا جەمال دەرچووی كۆلیجی ماف بووە، لە دوای خانەنشیبوونی لە ساڵی 1976 كاری پارێزەری كردووە، پارێزەرێكی زیرەك‌ و بە توانا بووە‌ و تا ساڵی 2015 بەردەوام بووە لە كاری پارێزەری.
مامۆستا جەمال لە زۆربەی رۆژنامە‌ و گۆڤارە كوردی‌ و عەرەبییەكان وتاری نووسیوە‌ و خاوەن ئیمتیاز‌ و سەرنووسەر‌ و بەڕێوەبەری نووسینی چەند گۆڤارێك بووە، لەوانە : (بەیان، گۆڤاری سلێمانی شارەوانیی سلێمانی، گۆڤاری بابان).
دوای خزمەتێكی زۆر بە كایەكانی رۆشنبیری‌ و مێژوویی كوردستان، شەوی7 لە سەر 8ی ئەیلولی 2023، مامۆستا جەمال بابان لە تەمەنی 96 ساڵیدا كۆچی دوایی‌ کرد و لە گۆڕستانی سەیوانی شاری سلێمانی بە خاكی نیشتمان سپێردرا.
دروودی رێز‌ و وەفا‌ و ئەمەكداری بۆ گیانی پاكی مامۆستا جەمال بابان، ئەو پیاوەی لە زۆر كایە‌ و بواری ئەدەبی‌ و مێژووییدا خزمەتی زۆری كرد‌ و لە دەروازەیەكی زێڕینەوە دەچێتە ناو مێژووی كوردستانەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان