وەستا ئیبراهیم زیاتر لە 30 ساڵە هەلاجی دەکات

10:17 - 2023-09-11
ڕاپۆرت
157 جار خوێندراوەتەوە

هەلاج بەوکەسە دەگوترێت کاری شیکردنەوە و پەڕەکردنەوەی لۆکە دەکات بۆ  دروستکردنەوەی یان تازەکردنەوەی دۆشەک و بالیف ئەگەر چی پێشووتر گرنگییەکی زۆری پێدراوە، بەڵام ئێستا بەهۆی هێنانی کاڵاکان لە دەرەوەی وڵات رۆڵیان کەمبووەتەوە، لە رابردوودا بە هەر شەقامێکدا بڕۆشتیتایە دوکانی ئەو وەستایانەمان بەرچاو دەکەوت کە ئەوکارەیان دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو پیشەیە کەم بووەتەوە و زیاتر وەک هێمای پیشەیەکی کوردەواری ماوەتەوە.
ئیبراهیم شوکر ناسراوە بە وەستا ئیبراهیمی بەڕەچی لەساڵی 1979 ماڵیان لە کەرکوک بووە و دراوسێکەیان هەلاج بووە، ئەوکاتە چووە سەیری کارەکەی کردووە، هاوکاری کردوون و  لەگەڵ ئەوان خەریکی لێفە دوورین بووە تا فێڕی پیشەکە بووە.


سازدانی/ هاوژین عەبدولواحید


*ساڵی چەند کاری هەلاجیت دەستپێکرد؟
- ساڵی 1980 لە کەرکوکەوە ماڵمان گواستەوە بۆ سلێمانی لەماڵەوە هەمان کارم دەکرد لێفەم دەدوری دوکانم نەبوو ساڵێک بوو کارەکەی دەستپێ کردبوو ماڵمان گواستەوە بۆ شاری هەولێر و ساڵی 1993 بۆ 1994 دوکانێکم گرت و دەستم بەکاری هەلاجی کرد دۆشەک و بالیفم دورست دەکرد تا ساڵی 2004 بەردەوام بووم، دواتر ماڵمان هاتە شاری کۆیە و لێرەش لە کارەکەم بەردەوامم تائێستا، رۆژانە نزیکی شەش  بۆ حەوت سەعاتێک لە دوکان کاری هەلاجی دەکەم.
*لۆکەکان بەچی شیدەکەنەوە و زیاتر چی لێ دروست دەکەن؟
- سەرەتا لۆکەکە دەهێنین دەیخەینە ناو مەکینەی تایبەت بە هەلاجی تا جوان شیدەکاتەوە ئینجا کۆی دەکەینەوە بەرگی دۆشەکەکە یان بالیفەکەی بۆ ئامادە دەکەین و دەیدوورین، بەڵام بەپێی خواستی کەسەکە لۆکەکەی تێدەکەین، چونکە هەندێک کەس حەز دەکات پڕبێت لەلۆک ەو هەندێکی تر حەز بەو پڕییە ناکات پاشان سەری دۆشەکەکە دوبارە دەدوورینەوە بە دەست پاشان  بە دار لە دۆشەکەکە  دەدەین تاوەکو بەیەکسانی لۆکەکە لەناویدا پەرت بێت و رێک ببێت، دواتر ناوەڕاست و لاکانی دۆشەکەکە تەقەڵ دروو دەکەین بۆئەوەی لۆکەکە بە تەنها لەلایەکدا کۆنەبێتەوە، ئەو داوەی تەقەلەکانی پێدەکەین دەبێت داوێکی ئەستوور و قایم بێت تاکو نەپسێت لەکاتی راکێشان و قایمکردنی لەدوای ئەم هەنگاوانە دۆشەکەکە کارەکانی تەواو دەبێت و دەدەینەوە بەخاوەنەکەی.

* خواست چۆنە لەسەر ئەو کەلوپەلانەی هەلاجەکان دروستی دەکەن؟ 
- هەلاجی مێژویەکی دێرینی هەیە و لە سەدەی رابردوودا ئەو کەسانەی کاری هەلاجییان دەکرد رێژەیان زۆر بوو،  چونکە خواست لەسەر بەرهەمەکان زۆر بوو، بەڵام ئێستا وانییە لەگەڵ کەمبوونەوەی خواستی خەڵک ئەو پیشەگەرانەش کەمبوونەتەوە هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئێستا کەلوپەلی ئامادەکراو لە بازاڕەکاندا زۆرن، هەرچەندە هێشتا هەندێك خەڵک ماوە  حەز بە کاری ئێمە دەکات و دێت دۆشەک و بالیف و لێفەی بۆ دروست دەکەین  یاخود کۆنەکانی خۆیان تازە بکەنەوه، چونکە لۆکە  لەگەڵ زۆر بەکارهێنان و شوشتنی دەنوسێت و پێویستی بە دووبارە شیکردنەوە هەیە.

* تا چەندە کارەکەتت لەلاپەسەندە و خۆشت دەوێت، ئایا هەوڵتداوە منداڵەکانت فێربکەیت و هەمان کار بکەن؟
-بەڵێ لەگەڵ ئەوەی زۆر ماندوو دەبم، بەڵام کارەکەم چێژێکی تایبەتی هەیە بەدڵ ئیش دەکەم و حەزم بۆی هەیە و خۆشم دەوێت، راستە کارێکی بەتۆز و پیسە زۆرکات هەیە ئەو تۆزە هەناسەت تەنگ دەکات، بەڵام بۆ من کارەکەم تایبەتە و لێی رازیم و بێزار نابم، منداڵەکانم ئازاد کردووە لە بەردەوام بوونیان لەکاری من یاخود نا دوو کوڕم هەیە لەگەڵم کاردەکەن و هاوکاری منن فێری کارەکەش بوون، بەڵام وەک حەز نا، چونکە حەزیان لێی نییە.

* دروستبوونی مەکینەی پەڕەکردن تاچەند بۆ پیشەگەران کارئاسانی دروستکرد؟
- مەکینەی پەڕەکردن ساڵی 1980 پیاوێک دروستی دەکرد لە بەغداد پێیان دەگوت ئەبو عەلی کە بەکارەبا کار دەکات و پێش حەفتاکان ئەو مەکینەیە نەبووە و لەدوای پەیدابوونی کارئاسانی زۆر باشی دروست کرد بۆ ئەو کەسانەی هەلاجی دەکەن، لە رێگەی مەکینەکەوە دەتوانیت بە ماندوبوونێکی کەمتر و کارێکی جوانتر کەلاپەلەکان دروست بکەیت و دەتوانیت رێژەیەکی زۆرتر لۆکە شیبکەیتەوە.

*پێش دروستکردنی مەکینە کاری پەڕەکردن بەچی دەکرا و چۆن بوو؟
- پێش دروستکردنی مەکینە کاری شیکردنەوە و پەڕەکردنی لۆکە بە کەوان دەکرا ئەوە زەحمەتییەکی زۆرتری دەویست  و کەسەکە زیاتر هیلاک دەبوو و بەراورد بە مەکینەکە رۆژانە بڕێکی کەمتر لۆکە پەڕە دەکرا، پێش دروستکردنی مەکینە هەلاجەکان زیاتر بە کۆڵانەکاندا دەگەڕان و لەبەر دەرگای ماڵەکان کارەکەیان دەکرد، بەڵام دروستکردنی مەکینە وایکرد هەلاجەکان لە شوێنێکی تایبەت کارەکە بکەن و ئەو کەسەی دەیەوێت خۆی بێت بۆلایان و داوای ئەو کەلوپەلە بکات کە خواستێتی بۆی دروست بکرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان