ساڵۆنی لاپەڕە نۆ

كتێبی (چیرۆكی جوانە) ناسێنرا

10:01 - 2023-09-14
ڕاپۆرت
457 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

پێش نیوەڕۆی رۆژی شەممە 12/8/2023 لە ساڵۆنی لاپەڕە نۆی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، كۆڕێك بۆ ناساندن و دابەشكردنی كتێبی (چیرۆكی جوانە) لە نووسینی خاتوو كنێر جەمیل رێكخرا.
لە كۆڕەكەدا کە ژمارەیەك لە نووسەران و رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی مەدەنی ئامادەیبوون، تێیدا خاتوو كنێر وتی: كتێبی (چیرۆکی جوانە) راستییەكەی لەسەر بیرەوەرییەكانی خۆم نووسیوومەتەوە كە جوانە یەكێك لە كچە هەرە جوانەكانی هەولێر بوو كە كرابووە سیخوڕ لەسەر من لە بەندیخانەدا، هەرچەندە ناوەكەی خوازراوە و ناوی خۆی ناهێنم، بەڵام من بڕوام نەدەكرد ئەو كارە بكات، ئەو خۆی بۆی باسی كردم كە ئەو كارە دەكات، بەڕێوەبەری ئەمنی ئەوكات شەوانە بۆ خۆی دەیبرد و دواتر دەیهێناوە لەگەڵ ئێمە بەندی دەكرد بۆ ئەوەی بزانن من لەناو بەندیخانەكە چی دەكەم، بۆیە جوانە یەكێكە لە كچی بنەماڵە هەژارەكانی شاری هەولێر كە باوكی لەناو بازاری قەیسەری شارەكە حەماڵ بووە و كاری قورسی كردووە، بۆیە جوانە یەكێكە لە قوربانییەكان، ئەو باسی خۆی بۆ کردووم و منیش لە کتێبەکەدا نووسیومەتەوە كە بردوویانە و دەریان كردووە و ماڵی خەڵكی پاككردۆتەوە و دەستدرێژیان كردۆتە سەری و...هتد.
وتیشی: یەكێك لەو نەهامەتیانەی تووشی جوانە دەبێت ئەوەیە دایكی دەمرێت و سێ منداڵ لە دوای خۆی بەجێدێڵێت، جوانە بۆ خۆی پەروەردەیان دەكات، بۆیە باوكی لەتەمەنی 10 ساڵیدا جوانە بۆ خۆی بەشوودەدات، بەڵام دواتر باوكی و پاشان زڕ دایكەكەشی دەمرن، باوكی لەو ژنەش چەند منداڵێكی دەبێت، بۆیە جوانە ناچار دەبێت نۆ منداڵ بەخێو بكات، جوانە ناچار دەبێت لەدەرگایەكەوە بۆ دەرگایەكی تر بچێت، ئیتر كە لەسەر من بەسیخوڕ دادەنرێت، بەڕێوەبەری ئەمنی هەولێر پێیدەڵێت: دەبێت بەشەو لەگەڵ من بیت و بەڕۆژیش سیخوڕ بیت بەسەر ژنێك بەو ناوەوە، كاتێك جوانە هاتە لام لەبەندیخانە و باوەشی پێداكردم زۆرم پێناخۆش بوو كە كچێكی ئەوەندە جوان تووشی ئەو كارە بێت، زۆرجاریش باوەشی پێدادەكردم و دەیوت خۆزگە منیش وەكو تۆ ژنە خەباتگێرێك بومایەو بەندكرابام.
ئەوە راستی بوو
كنێر خان وتی: كاتێك رۆژانە لە دەرەوە دەیانهێنایە ناو ژووری بەندیخانەكە لەسەر ئەوەی من هیچم بۆ باس نەدەكرد ئەمنەكان ئەشكەنجەی زۆریان دەدا، بۆیە دەبوایە لەسەر ژیانی جوانە رۆمانێكی زۆر گەورە بنووسرابوایە، بەڵام من تەنیا لەسەر ئەوەی لەسەر خۆم سیخوڕ بووە ئەوەم باس كردووە، ئەو كتێبەش بەر لەچاپكردنی كتێبی بیرەوەرییەكانم چاپكراوە كە دەبوایە بەر لەو كتێبە، كتێبی بیرەوەرییەكانی خۆم لەچاپبکەم، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو سیخوڕی لەسەر من دەكرد، بۆیە لەسەرەتا ئەوەم چاپ كرد، چونكە ئەو شتە جیاوازی هەیە، ئەوە راستی بوو، هەرچەندە من سەرەتا بڕوام پێنەكرد، بەڵام كاتێك هەر نۆ خوشك و براكەی كە هاتنە بەندیخانەكە بۆ دیداری خوشكەكەیان من ئەوكات لەقافات بووم، ژوورێك بووهەمووی موحەجەرە بوو، ئیتر بۆم نەبوو دیداری هیچ كەسێك بكەم، بەڵام جوانە وتی لەدەرگاكەوە وەرە سەیری خوشك و براكانم بكە، یەك بەیەك هەموویان ئاماژەیان بۆ كردم، ئینجا ئەوكات بڕوام بەوە كرد سیخور بووە لەسەر من و بەكاریان هێناوە.
سەبارەت بەكتێبی (بۆ كوردستانێكی ئازاد) كنێر وتی: ئەوەش كتێبێك بوو لەسەر گەنج و لاوی ئاڵودەبووی مادەی هۆشبەر، چونكە بەریتانیا سیاسەت و ئەو شتانە نیەو وڵاتێكی ئازادە، كە دواتر وەرمگێرا بۆ سەر زمانی كوردی بۆ ئەوەی خەڵكەكەی تێبگەن لەبەریتانیا كورد جیاوازە لەگەڵ هاووڵاتی بەریتانی و سەرەتا نەمزانی كە لەهەرێمی كوردستانیش كەسانی ئاڵودەبووی مادەی هۆشبەری لێیەو وامدەزانی هەروەكو پێشتر كورد دوورە لەو شتانەو تەنیا نەتەوەی خۆی خۆشدەوێت و وڵاتی خۆی دەوێت.
سەبارەت بەكتێبی (كچە پاشا) كنێر جەمیل وتی: كتێبێكە بۆ كەسانی 11 ساڵی بەرەو سەرەوەیە كە پێشتر بۆ گەورەتر بوو، بەڵام پێیان بچووكردمەوە هۆكارەكەی بۆ ئەوەبوو كۆمەڵگای ئێمە هەندێك شت قبوڵ ناكات، بۆیە زۆر شتیان لێ كەم كردەوە و بچووكیان كردەوە.
وتم تۆڵەی خۆم دەكەمەوە
سەبارەت بەپرسیاری ئامادەبوویەك كە دەبوایە كتێبی جوانە رۆمانێكی گەورە بوایە كنێرخان وتی : راستە دەبوایە ئەم كتێبەم بەشێوەیەكی فراوانتر بنووسیبوایە، بەڵام وەكو نووسەر و شاعیر لەناو كوردستان بەردەوام لەسەر ئەرك و ماندوبوون و پارەی خۆمان كارەكان دەکەین و چاوەڕێ بین ئاخۆ كەی خێرخوازێك یارمەتیمان دەدات یا سپۆنسەرمان بكات یا بۆمان ناكات. من دەبێت دەستخۆشی لەهەموو ئەوانە بكەم كە پێش من كتێب و شیعریان هەیە و خۆیان ماندوو دەكەن و شەونخونی دەكەن، من ئەگەر ئەو سێ كتێبەم لەبەرتیانیا بە زمانی ئینگلیزی بنووسیبوایە ئێستا لەو وڵاتە دەستیان دەگرتم و هۆبە بە هۆبە بەهەموو خوێندنگاكاندا دەیانگێڕام و گرنگییەكی زۆریان پێدەدام لەبەرئەوەی لەكوردستان سێ كتێبم هەیە و چوارجار گیراوم، دەبوایە پەیكەرێكم لەناوەندی شار بۆ دروستكرابوایە، كەچی بەپێچەوانەوە دوای ئەو هەموو زۆڵم و زۆرەی بەرامبەر بە من كردوویانە، بەڵام گوێم پێنەداوە، چونكە هەر لەبەندیحانە ئازادكرام وتم تۆڵەی خۆم دەكەمەوە، كە حەزم دەكرد حەوت كوڕم هەبوایە بۆ ئەوەی هەر حەوتیان پێشمەرگە بونایە و لەبەرەی جەنگ بوونایە و تۆڵەی دایكیان کردبایەوە، هەرچەند دواتر هەندێ حزب و لایەن لەگەڵم باش نەبوون، بەڵام کێشە نییە و من بۆ كورد و كوردستان و میللەتەكەی خۆمم كردووە و لە هیچ شتێكیش سڵ ناكەمەوە، چونكە ئێستا ئێمە پێویستیمان بە ژنە تا بێتە مەیدان و زیاتر هەوڵ بدات، نەك وەک ئێمە رێگەی لێ بگرین و نەهێڵین بێتە ناو كۆڕ و خەباتەوە كە منیش لەوانەیە زۆر رێگرم هەبووەو زۆر شتم هەبووە.

دیمەنێک لە کۆڕەکە

بابەتە پەیوەندیدارەکان