یەحیا رەسوڵ: بۆردومانەكەی عەربەت بە درۆنێك بووە لە توركیاوە هاتووە

12:54 - 2023-09-19
عیراق
405 جار خوێندراوەتەوە

لیوا یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایگەیاند، بۆردومانەكەی فڕۆكەخانەی كشتوكاڵیی عەربەت، لە رێگەی درۆنێكەوە بووە، كە لە سنووری توركیاوە هاتووە.

لیوا یەحیا رەسوڵ راگەیەندراوێكی لەبارەی بۆردومانكردنی فڕۆكەخانەی كشتوكاڵیی عەربەت بڵاوكردەوە و رایگەیاند، فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان كە بە سنووری توركیا تێپەڕیووە، هاتووەتە سنووری ئاسمانیی عیراق و فڕۆكەخانەی عەربەتی لە پارێزگای سلێمانی بۆردومانكردووە و بەهۆیەوە "سێ پاڵەوانی دژەتیرۆر" شەهیدبوون و سێ كەسی دیكەش برینداربوون.

وتیشی، ئەو دوژمنكارییە پێشێلكردنی سەروەریی عیراق و ئاسایش و سەلامەتیی خاكی عیراقە، هەروەها هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكە و جیهان و پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە.

دەشڵێت، ئەم دەستدرێژییە دووبارانە، لەگەڵ بنەمای پەیوەندیی باشی دراوسێیەتی ناگونجێن و هەڕەشەی تێكدان لە هەوڵەكانی عیراق دەكات، بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەكی باش و هاوسەنگی سیاسی و ئابووری و ئەمنی لەگەڵ دراوسێكانیدا، هەروەها عیراق مافی خۆیەتی سنوورێك بۆ ئەو پێشێلكارییانە دابنێت.

سەرچاوە: ultrairaq

بابەتە پەیوەندیدارەکان