گۆڕانی ژینگەی کەرکوک و کاریگەریی لەسەر هاووڵاتیان

09:59 - 2023-09-20
ڕاپۆرت
738 جار خوێندراوەتەوە
#کەرکوک پارێزگایەکی نەوتییە و دەبێت سەوزایی زۆر بێت

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
ژینگەی كەركوك كەوتۆتە پانتاییەكی فراوانی ئابووریی و پیشەسازییەوە و گەلێك كۆمپانیا و كارگەی گەورە تێیدا کاردەکەن، زۆربەیان کارەکانیان لە دژی ژینگەیە و كاردانەوەكانی دەچێتە چوارچێوەی كاریگەرییە خراپەکان بۆ سەر ژینگەی کەرکوک، دواجاریش بۆ سەر جەستە و دەروونی خەڵکەکەی.

ژینگەکەی گۆڕاوە 
عەلی كەریم دانیشتووی گەڕەكی پەنجا عەلی لەبارەی گۆڕانی ژینگەی کەرکوک وتی، لە چلەكانی سەدەی رابردووەوە لە كەركوك دەژیم و ئەو ژینگەیەی ئێستا هەیە جیاوازی لەگەڵ جاراندا زۆرە بۆ نموونە ئینگلیزەكان كە كۆمپانیای نەوتی كەركوكیان دانا لە بەرامبەر پیسكردنی ژینگەی كەركوكدا درەختی زۆریان لە شارەكەدا رواند بۆ ئەوەی ژینگە و هەواكەی پاك ببێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئێستا نە درەخت دەڕوێنن نەپانتایی سەوزایش ماوە، بۆیە رۆژ بە رۆژ شارەكە دەبێتە رووتەڵان و كاریگەرییە ژینگەییەكان بۆ سەر مرۆڤ زیاد دەكەن.
پانتاییە سەوزاییەكان بەرەو نەمان دەچن
مەحمود عەبدوڵڵا-ی تەمەن 60 ساڵ مامۆستای یەكێك لە قوتابخانەكانی شاری كەركوكە، لەسەر ژینگەی كەركوك وتی، جاران لادێیەكی زۆر لە دەوروبەری كەركوك هەبوو كە پانتاییەكی گەورەی سەوزایی بوو هەم مرۆڤ و ئاژەڵەكانیش سوودیان لێ دەبینی، بەڵام بەهۆی پڕۆسەی بە عەرەبكردنەوە بەشێكی زۆر لە لەوەڕگا و پانتاییە سەوزاییەكان خاپوركران زەوییەكان چوونە چوارچێوەی ناوچە سەربازییەكانەوە و گۆڕانكاری گەورە لە ژینگەدا روویدا و ئاو و هەواكەی كاریگەری كردە سەر جەستە و دەروونی خەڵكەكەی بەهۆی گەرما پڕووكێنەکەی و هەوا پیسەکەی، جگە لەوەش كارگەیەكی زۆر تەنگی بە هاووڵاتیان هەڵچنیوە كە بووتە هۆی توڕەیی، بێئارامی، نەخۆشی دەروونی و شێرپەنجە.
هەر لەو بارەیەوە شكۆفە محەمەد ئەندامی رێكخراوی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز دەڵێت، گۆڕانە ژینگەییەكان كاریگەری نێگەتیڤ لەسەر خودی مرۆڤ دروست دەكەن كە هەندێکجار دەبێتە گۆڕانكاری لە شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ و كاردەکات بۆ كۆچ پێكردنی مرۆڤ لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر دەكات و تووشی نامۆ بوونی ژینگەیی دەكات كە ئەمەش زۆر لەسەری دەكەوێت و لە هەڵسوكەوت و ژیانی رۆژانەیدا لێی دیاردەکەوێت.
وتیشی، كەركوك بە ناوچەیەكی گەرمەسێر ناسراوە، بۆیە گۆڕانكارییە ژینگەییەكان زۆر بەخێرایی کاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی مرۆڤ ‌و جەستە دروست دەکات وەک پێست و چاو هەروەها هەڵسوكەوت و دەروون و دەردانە بۆ ماوەییەكان.

ژینگەیەكی لەبار و پەیوەندییەكی گونجاو
تیشك محەمەد توێژەری كۆمەڵایەتی لەسەر كاریگەرییە ژینگەییەکان لەسەر دەروونی مرۆڤ وتی، گۆڕانكارییە ژینگەییەكان لە ئاو و هەوا و گەرما و رووتانەوەی دارو سەوزایی هۆكاری سەرەكین بۆ پەرتەوازە بوونی مرۆڤەكان لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر، هەر ئەمەشە وایكردووە كۆچ لەشارەكەوە بەرەو شار و ناوچەكانی دەوروبەری دەست پێبكات، چونكە كوردەواری وتویانە: ئاو و ئاوەدانی، لە هەمانكاتدا تێكچوونی ژینگەی شارەكە لەم ساڵانەی دوایدا جگە لە کاریگەرییە خراپەکانی بۆ سەر جەستە و تەندروستی مرۆڤەکان کاریگەریی هەیە لەسەر تەندروستی دەروونی و پەرتەوازەیی لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا.

ئاماری رێژەی سەوزایی
بەپێی ئامارەکان دەرکەوتووە رێژەی سەوزایی لە کەرکوک %2 ـە و لە دوای پڕۆسەی ئازادی عیراقەوە رێژەکە تەنیا %1 زیادی کردووە، لە سنووری کەرکوک حەوت دارستان بوونیان هەیە، بەڵام زۆرینەیان کەوتوونەتە قەزا و ناحیەکانی دەوروبەرییەوە و بەشێکیشیان لەلایەن رێکخراوی داعشەوە تێکدراون.
ستانداردی جیهانی بۆ رێژەی سەوزایی  %25ـە و رێژەکە لە پارێزگای کەرکوک  %23 کەمترە.
کەرکوک پارێزگایەکی نەوتییە و بۆ پاراستنی تەندروستی و ژینگەی شارەکە دەبوو سەوزایی زۆر زیاتر بوایە، بەڵام کۆمپانیاکان ئەو رێژە سەوزاییە جێبەجێ ناکەن کە لەسەریان پێویستە، ئەوە لەکاتێکدایە بەپێی دەستووری عیراق هەر شارێک کۆمپانیای نەوت کاری تێدا بکات دەبێت چواردەوری شارەکە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە سەوز بکرێن.

#کەرکوک

بابەتە پەیوەندیدارەکان