پشتێندی به‌ قولاب

10:49 - 2023-09-28
ئەدەب و هونەر
460 جار خوێندراوەتەوە

مه‌حموود نه‌جمه‌دین

به‌داخه‌وه‌ ژانری چیرۆك له‌ نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردیدا به‌پێی پێویست گرنگی پێنادرێ، بۆیه‌ ده‌بینین ژماره‌ی چیرۆكنووسه‌كانمان كه‌مه‌، به‌ تایبه‌ت خانمان، ژماره‌ی ئه‌و خانمانه‌ی چیرۆك ده‌نووسن زۆر كه‌من. یه‌كێك له‌و چیرۆكنووسه‌ ده‌گمه‌نانه‌ له‌یلا نوورانییه‌، ئه‌م خانمه‌ یه‌كه‌م به‌رهه‌می خۆی به‌ ناونیشانی پشتێندی به‌ قولاب بڵاوكردۆته‌وه‌، ده‌بێ هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێ، چون كۆمه‌ڵه‌چیرۆكێكی هونه‌رییه‌ و نووسه‌ر توانیوێتی به‌سه‌ر هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكدا زاڵ بێ، له‌ خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كاندا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م خانمه‌ به‌ڵه‌ده‌ به‌ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك. لێره‌وه‌ ده‌ستخۆشی لێ ده‌كه‌م و هیوای به‌رده‌وامی بۆ ده‌خوازم و نموونه‌ی زۆربێ، خانمانی دیكه‌ی كورد چاو له‌م نووسه‌ره‌ بكه‌ن چیرۆك بنووسن. چون كه‌می چیرۆكنووسی ژن كه‌لێنێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردیدا. 

دێمه‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆكی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌چیرۆكه‌. پشتێندی به‌ قولاب ده‌ چیرۆكی ئه‌م چیرۆكنووسه‌یه‌ و ناوه‌ڕۆكی چیرۆكه‌كان وه‌ك تێما چیرۆكی ژنانه‌ن، چیرۆكی ژن و به‌سه‌رهاتی سه‌خت و تاڵی ژنی كورده‌. پێگه‌ی ژن له‌ نێو كورده‌واریدا، له‌یلا له‌ روانگه‌ی ژنایه‌تی خۆیه‌وه‌ وه‌ك خانمێك چیرۆكی ژنانی كوردی گێڕاوه‌ته‌وه‌، له‌ نێو كۆمه‌ڵی كورده‌واریدا چۆن ده‌ژین، پێگه‌یان چییه‌، چۆن سه‌یر ده‌كرێن... له‌ پاڵ ئه‌و چیرۆكی ژنه‌كاندا نووسه‌ر وێنای ژیانی كورده‌واری نیشان ده‌داته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ موكریان. ئه‌م خاڵه‌ زۆر گرنگه‌، نووسه‌ر ده‌بێ چیرۆكی محه‌لی بنووسێ تاوه‌كو ببێت به‌ جیهانی. ئیشی نووسه‌ر ئه‌وه‌یه‌ چیرۆكه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆی بنووسێته‌وه‌ و له‌ چوارچێوه‌یه‌كی ئه‌ده‌بیدا نیشانی خوێنه‌ری بدات. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ده‌بێ چیرۆكنووس بزانێ چۆن ده‌گێڕێته‌وه‌. له‌یلا له‌م كۆمه‌ڵه‌چیرۆكه‌دا به‌ زمانی چیرۆك قسان ده‌كات. چیرۆكی وه‌ك چیرۆك نووسیوه‌، زمانی گێڕانه‌وه‌ له‌سه‌ر هێڵی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌، نه‌ك فه‌لسه‌فاندن و چوون به‌لای بابه‌تی دیكه‌وه‌. ئه‌مه‌ خاڵێكی گرنگه‌، كاره‌كته‌ری چیرۆكه‌كان وه‌ك خۆیان قسان ده‌كه‌ن، ئاستی بیركردنه‌وه‌یان، پێگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یان...رێك وه‌كو خۆیان ده‌یانناسێنێ. 
خاڵێكی دیكه‌ی گرنگ له‌م كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكه‌دا بابه‌تی زمانی نووسینه‌، ئه‌م كۆمه‌ڵه‌چیرۆك به‌ كوردییه‌كی ئه‌وه‌نده‌ جوان و ره‌وان نووسراوه‌، خوێنه‌ر له‌ خوێندنه‌وه‌یدا وه‌ڕس نابێ، حه‌ز ناكات ته‌واو بێت، ئه‌وه‌نده‌ كوردییه‌كه‌ی ره‌وان و جوانه‌، پڕ له‌ وشه‌ی ره‌سه‌نی كوردی. به‌ موكریانییه‌كی هێنده‌ شیرین نووسراوه‌ چێژی خوێندنه‌وه‌ی نه‌بڕاوه‌یه‌. هیوای به‌رده‌وامی بۆ خاتوو له‌یلا ده‌خوازم و چاوه‌ڕوانی كاری نوێ و باشتر و باشترم.  
ئه‌م كۆمه‌ڵه‌چیرۆكه‌، یه‌كه‌م به‌رهه‌می نووسه‌ر خاتوو له‌یلا نوورانییه‌، دوو جار چاپ كراوه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات چل و نۆ كتێب چاپی كردووه‌ و له‌ رۆژهه‌ڵاتیش ناوه‌ندی ماد چاپی كردووه‌. ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ له‌ ده‌ كورته‌چیرۆك پێكدێ. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان