قوباد تاڵەبانی، لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، پەیامێكی لە یادی شەش ساڵەی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال-دا، بڵاوكردەوە، ئەمە دەقەكەیەتی:
لاپەڕەكانی مێژووی هەر گەلێك پڕە لە چیرۆك و بەسەرهاتی ئەو سەرۆك و سەركردە و رابەرانەی كە سەركەوتن و دەستكەوتی گەورەیان بۆ گەلەكەیان بەدیهێناوە، بەڵام نەك هەر لە مێژووی گەلێكدا بەڵكو لە مێژووی جیهانیشدا ژمارەی ئەو سەرۆك و سەركردانەی لە نموونەی سەرۆك مام جەلال-ن، زۆر كەم و دەگمەنن كە ئەوەندە بە شكۆ و مەزن بن، تەنانەت لای نەیارەكانیشیان رێزلێگیراوبن و دوای خۆیان ببنە قوتابخانەیەك بۆ سیاسەت و نەوە لە دوای نەوە باس لە گەورەیی و خەبات و سیاسەت و حەكیمییان بكرێت.
راستە سەرۆك مام جەلال دامەزرێنەر و سەرۆك و رابەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، بەڵام ئەو هەر موڵكی یەكێتی نەبووە، بەڵكو هی هەموو كوردە.
راستە سەرۆك مام جەلال زیاتر لە 60 ساڵ لەپێناوی كورددا خەباتی كرد، بەڵام بەهۆی سیاسەتی حەكیمانەی لە چارەسەركردنی كێشەی عیراقییەكان، ئەمڕۆ هەموو عیراقییەكان بە موڵكی خۆیانی دەزانن.
راستە سەرۆك مام جەلال سەرۆكێكی كورد و سەرۆك كۆماری عیراق بوو، بەڵام بەهۆی خەبات و تێكۆشانی بۆ داكۆكیكردن لە ئازادی و هەوڵەكانی لەپێناوی دیموكراسیدا، لای ئازادیخوازان و دیموكراسیخوازانی جیهانیش سەرۆكێكی رێزلێگیراوە.
مام چەتری كۆكەرەوەی ئەو كەس و لایەنانە بوو كە ناكۆكی و گرفتیان هەبوو و حەكیمی چارەسەر و ئاشتەواییان بوو لەپێناوی بەرجەستەكردنی ئارامی و بەرژەوەندیی گشتیدا.
تا رۆژان و ساڵان تێپەڕدەبن زیاتر درك بە ئازاری غیابی مام دەكەین، تا قەیرانەكان و ململانێ و ناكۆكییە سیاسییەكان لە كوردستان و عیراق قووڵتر دەبنەوە، زیاتر لە حكیمەت و سیاسەتی مام تێدەگەین كە چۆن بەرپرسیارانە و دووربینانە ئیدارەی ناكۆكییەكانی كردوە و رێگربووە لەوەی قووڵبوونەوەی ناكۆكی نێوان دوو لایەن و چەند لایەنی سیاسی ژیان و داهاتووی خەڵك بخاتە مەترسییەوە. لە خۆڕا نەبوو كە لە لووتكەی بێهیواییدا هەمیشە مام جەلال تروسكایی هیوایەك بوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
لە یادی شەش ساڵەی كۆچی دواییدا باشترین رێز و وەفا بۆ سەرۆك مام جەلال، نوێكردنەوەی بەڵێنی بەردەوامبوونە لەسەر رێبازەكەی، باشترین وەفا ئەوەیە لە رێ و رێبازەكەی تێبگەین و كاری لەسەر بكەین. بۆ ئەمساڵیش بەستنی سەركەوتووانەی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی، باشترین وەفا و پاداشتی یەكێتییەكان بوو بۆ روحی بەرزی سەرۆك مام جەلال.
یادت بۆ هەمیشە لە دڵماندایە و رێبازیشت بۆ هەتا هەتایە لە هزرماندایە.