بۆ مەرگ و كۆستی بێ ‌كۆتایی مام

10:59 - 2023-10-03
کەلتور
511 جار خوێندراوەتەوە

شیوەنى: ئارارات ئەحمەد ئەحمەد


(ئەم شیعرە، لەسەر ریتمی (پایزە)
كە بەیتێكی فۆلكلۆریی پشدەر و موكریانە، نووسراوە)


پایزە، هەوەڵ پایزە...
ئەوە سەدایێ‌ پیرە پایزێم لە بن گوێی دێ‌ 
گەلی دە خزمان، گەلی دە دۆستان!
توخواكەی چ پایزێكی لە من بەدقدوم و بەدفەڕە
خۆ ئەوە بە هەموو بورجان، بە هەموو كتێبان، حیسابان 
بەوێ‌ مانگێم دەڵێنەوە مشتاخان و رەزبەرە
كەچی ئەوەتانێ‌ قەدەر لە منی ردێنشین  و ئەنگاوتەی،
دەكاتەوە بە خەزان و خەزەڵوەرە

دە وەرە بابەكەی بابم، دە وەرە
ئەوە پایزێك لە من دادێتەوە برادەرینە، 
چ پایزێكی تووش و لە شەڕە
لە من دەشەمزێنێتەوە چەپكە گوڵەكەی باغی جەلالی
ئاڵۆز دەكاتەوە كاكۆڵی جحێڵان، 
تێك دەداتەوە سینە و بەرۆكی ناسك و نازداران،
دڵی نۆبوكانم لـێ‌ دەكاتەوە پەڕە پەڕە...


ئەوە سەدایێ‌ پایزێكی خەمگینم لە بن گوێی دێ‌، 
عەزیزەكەی لە دنیایەم
چ پاییزێكی بە قات و قڕە
ئەوە ساڵان ئەو محەلانە، گەنم دەكرانەوە دە چاڵان،
ماڵا پڕ دەبوونەوە لە بەرەكەت،
عالەمێ‌ خوای دەچوونەوە سەر دوكانی دە زێڕنگەران، 
دە كوتاڵفرۆشان،
سازیان دەكردەوە هێلانێكی، لەوی دە تازە و دە تەڕە
كەچی ئەوساڵەكە، زێدە لە ساڵان، هاوار بە ماڵم!
محەلی دەست لێك بەردانێیە 
لە خەڵكی و لە چەپكە گوڵەكەی مامی و،
لە منی خانەخەراب و قەلەندەرە...

ئەوە پایزە...
كەسی لە هەموو كەسانم زێدە، پایزە
چ پایزێكی زویر و دڵ بە كەسەرە
سەرەدولكەی برینی پڕ لە خوێی وەتەنم دێتە بەرگوێیان
هێندێك دەڵێن 
ئەوە پەرچەمی سوڵحە 
بە چنگی رەشەبایەوە دێت و دەچێ‌ و دەبێتەوە دادڕ دادڕە
بازێك دەڵێن
ئەوە ناڵە و نركەی لانەی سارد و غەریبە، 
پیرە هەڵۆی لـێ‌ بۆتەوە تەرە 
جەمعێكیش دەڵێنەوە
ئەوە چاوی هومێدێیە تەمی گرتووە،
پشت و قەوەتێ‌ عەدالەت و ئاوەدانییە، شكاوە،
جێخوونی هەتیوانە، دەسوتێ‌،
میسحەفی ژیانە، بە دەستی نەزانانەوە لەمن بۆتەوە پەڕەپەڕە،
ئەدی، بابەكەی بابم، ئەدی...
ئەوە مامی حەكیمی حاڵزانی دەردانە
تاقانە سوارچاكی مەیدانە 
خدری زیندەی تەنگانانە
بە عێجزی، ئۆغر دەكا و، لەسەر دواكۆچ و سەفەرە!
وەی بابە لەوێ‌ پایزێ‌،
وەی دایە لەوێ‌ پایزێ‌،
چ پایزێكی سەربە گێچەڵ و حەواڵ نەپرس و لەسەرە!

وەی دایە لەوێ‌ پایزێ‌،
وەی بابە لەوێ‌ پایزی،
چ پایزێكی بێ‌ كۆتایی و بێ‌ ئەمسەر و ئەوسەرە
لە من دەشكێنێتەوە پشتی هەموو ساڵان، ئەژنۆی هەموو فەسڵان
كانی و رووبارانم لـێ‌ دەكاتەوە چۆڕەبڕە،
لە رەز و باغ و مێرگانم دەداتەوە گڕە،
مامی مام و، مامی باب و ، مامی سەرۆك و رابەر و
مامەكەی شیرینكەلامم،
دەستێنێتەوە لە وڵاتێكی بێكەس، 
لە قەومێكی بێ‌ ماڵ و بێدەرە!
پایزە،
كەسی لە هەموو كەسانم زێدە، پایزە
چەندی دەكەم و دەكرێنم، وە كەس راناگا ڕۆ ڕۆ و فیغانم
خواكەی ئەنگۆ
خەبەر بەرن، خەبەرێكی بە ئەجەلە، بۆ خزمانم
ئاورێك بەربووە، ئاورێكی وا لە خەرمانم 
نە بە پەڵەی دادەمركێ‌ و نە بە لێزمەی دە فرمێسكانم
دەڵێن مام دڵی هێشاوە، نازانم بۆ!...
سوڵتانەكەی كوردایەتی
بە دڵگرانی، بێ‌ ماڵاوا، بەجێدێڵێ‌ 
ئاورگی ساردی مەشخەڵانم،
سەنگەر و مەچەك و قەڵاتی ئومێدی پێشمەرگە،

دوایین نیگا و هەناسەی گەرمی شەهیدان،
مەملەكەتی تاڵانكراو و پڕ لە گورگ،
موڕافەعەی نۆی شوبات و،
زامی بە سوێی كۆن و تازەی نیشتمانم...
وەی بابە لەوێ‌ پایزێ‌
وەی مامە لەوێ‌ پایزێ‌
وەی كەسم لەوێ‌ پایزێ‌...

تشرینی یەكەمی 2017 سلێمانی

#یادی مام

بابەتە پەیوەندیدارەکان