ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە كۆبوونەوەی دوێنێیدا، جارێكی دیكە رێز و وەفای بۆ سەرۆك مام جەلال، دووپاتكردەوە.
كاروان یاروەیس بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە PUKMEDIAی راگەیاند: ئەنجومەنی نوێنەران دوێنێ جارێكی دیكە رێز و وەفای بۆ سەرۆك مام جەلال دووپاتكردەوە و لەسەر داوای فراكسیۆنی یەكێتیش سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان دەقەیەك بەبێدەنگی، وەستان.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی نوێنەراندا، راگەیەنراوی فراكسیۆنی یەكێتی لەلایەن هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتییەوە، خوێندرایەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە كرد: ساڵیادی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال سەمامی ئەمانی عیراق، رۆژی 3/10یە، كە یەكەم سەرۆكی عیراق بوو بەشێوەیەكی دیموكراسیانە هەڵبژێردرا و بەم بۆنەیەوە لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە رێز و وەفامان بۆ رۆحی سەرۆك مام جەلال دووپاتدەكەینەوە.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو: لێرەوە بەڵێن دەدەین، بە رۆحیەت و سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال-ەوە خەبات دەكەین و هەوڵی پاراستنی پێكەوەژیان و چارەسەری كێشەكان دەدەین و ئەم یادە دەكەینە بنەمایەك بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بۆ چارەسەری كێشەكان.
PUKMEDIA