دوێنێ لە بەغدا، بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەرۆك كۆماری عیراق، سەرۆك وەزیران و چەندین سەركردە و بەرپرسی باڵای عیراقی و كوردستانی و باڵیۆز و نوێنەری وڵاتان و نەتەوە یەكگرتووەكان و حزب و لایەنە سیاسییەكان، لە رێوڕەسمێكدا شەشەمین ساڵیادی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، كرایەوە.
لە رێوڕەسمەكەدا، كە بە سەرپەرشتیی د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق كرایەوە، سەرەتا بە سرودی نیشتمانیی عیراق دەستیپێكرد، پاشان چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز خوێندرایەوە، دواتریش فیلمێكی دیكۆمێنتاری لەسەر ژیانی سەرۆك مام جەلال لەژێر ناوی (مام جەلال سەركردەی هەموو سەردەمەكان) نمایش كرا.
سەرۆك كۆمار:
مام جەلال ژیانی بۆ یەكڕیزی و
تەبایی تەرخانكرد
لە وتەیەكدا، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، رۆڵی سەرۆك مام جەلال-ی لە عیراقی نوێدا بەرزنرخاند و رایگەیاند: «مام جەلال ژیانی بۆ یەكڕیزی و تەبایی گەلی عیراق تەرخانكرد و لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵی زۆری دا، مێژووش شاهیدی ئەو راستییە دەدات، كە تەمەنی سەرۆك مام جەلال پڕ لە خەبات و شانازییە». وتیشی: «مام جەلال پارێزەری مافەكانی هەموو عیراقییەكان بوو، هەربۆیە لەلایەن سەید عەلی سیستانی مەرجەعی باڵاوە نازناوی سەمامی ئەمانی پێبەخشراوە. سەرۆك مام جەلال ژیان و خەباتی زۆر لەوە گەورەترە كە ئێمە بتوانین لە رێوڕەسمێكی لەمشێوەیەدا، یاخود لە چەند دێڕێكدا باسی بكەین، لە خوای گەورە داواكارین رۆحی پاكی بە بەهەشتی بەرین شادبكات».
محەمەد شیاع سودانی:
گەلەكەمان سەركردەیەكی
گەورەی لەدەستدا
پاشان، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە وتەیەكدا رایگەیاند: «شەش ساڵ پێش ئێستا عیراق رۆژێكی خەمناكی بەڕێكرد و سەركردەیەكی گەورەی وەك مام جەلال-ی لەدەستدا، كە پڕكردنەوەی ئەو جێگەیەی ئەستەمە». وتیشی: «سەرۆك تاڵەبانی، ژیانی خۆی بۆ عیراقییەكان و دیموكراسی لە عیراق تەرخانكرد، بۆیە هەمیشە ناوی بە بەرزی دەمێنێتەوە، لەم رێوڕەسمەشدا جوانترین وشە و رەحمەتی بۆ دەنێرین».
هەر لە وتەكەیدا، سەرۆك وەزیران رایگەیاند: «بە دەرفەتی دەزانم لێرەدا پیرۆزبایی گەرم لە بافڵ جەلال تاڵەبانی بكەم بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەروەها پیرۆزبایی لە سەركردایەتیی نوێی یەكێتی دەكەم».
عەممار حەكیم:
هیچ كات مام دەستبەرداری
مافی گەلەكەی نەبووە
هەر لە رێوڕەسمەكەدا، عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە لە وتەیەكدا بە گرنگییەوە باسی لە رۆڵی سەرۆك مام جەلال لە عیراقی نوێدا كرد و رایگەیاند: «سەرۆك مام جەلال هەوڵ و كۆششی لە عیراقێكی نوێی دیموكراسیدا دیارە و بۆ گەلی كوردیش هیچ كاتێك دەستبەرداری سیاسەت و مافی گەلەكەی نەبووە، بۆ ئامانجەكانی گەلەكەی هەوڵیداوە». وتیشی: «وەك بنەماڵەی ئەلحەكیم، پەیوەندیی قووڵ و دوورودرێژمان لەگەڵ مام جەلال و گەلی كورددا هەیە و شانازیی پێوەدەكەین، چونكە هەردوولامان بۆ یەك ئامانج قوربانیمان هەیە، كە ئەویش عیراقێكی دیموكراسییە».
ئەوەشی خستەڕوو: «سەرۆك مام جەلال هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە دژی زوڵم و ستەم وەستاوەتەوە و هەوڵی بونیادنانی بناغەیەكی دیموكراسی لە دەستووردا داوە، هەر ئەمەش وایكردووە كە هەموومان بە سەركردەیەكی نیشتمانی بزانین».
باڵیۆز د.محەمەد سابیر:
گەلی عیراق یادی
سەرۆك مام جەلال دەكەنەوە
پاشان، باڵیۆز د.محەمەد سابیر سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، كە سەرپەرشتیاری رێوڕەسمەكە بوو، وتەیەكی پێشكەشكرد و بەناوی بنەماڵەی مام جەلالەوە، سوپاسی میوانەكانی كرد و رایگەیاند: «مام جەلال تەنها سەرۆكی كورد نەبوو، بەڵكو سەرۆكی هەموو عیراقییەكان بووە، گەلی عیراق یادی مام دەكەنەوە و لەبیری ناكەن». وتیشی: «مام جەلال هەمیشە هەوڵی یەكڕیزی و تەبایی و ئاشتی لەنێوان پێكهاتەكانی گەلی عیراقدا داوە و هەوڵی دووبارە بونیادنانەوەی عیراق و پاراستنی سەروەرییەكەی داوە، هەروەها هاوڕێ و دۆستی نزیكی سەرجەم لایەنە عیراقییەكان بووە و كلیلی چارەسەری كێشەكان بووە. وەك دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی-ش لە ناخی دڵمانەوە سوپاسی بەشداربووانی رێوڕەسمەكە دەكەین».
شەش ساڵ بەسەر كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال-دا تێدەپەڕێت، لە ساڵیادی كۆچی دوایی شكۆی نیشتماندا لە سلێمانی تاجەگوڵینەی رێز و وەفا لەسەر مەزاری سەرۆك مام جەلال دانرا. هەر لەو چوارچێوەیەدا دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و دامەزراوەی بەحرلعلوم، سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 4/10 لە نەجەف دیدارێك كە چەند پانێڵێك لەخۆدەگرێت رێكدەخەن، تێیدا چەند توێژینەوەیەك لەبارەی سەرۆك مام جەلالەوە دەخرێتەڕوو.
PUKMEDIA