پەیامی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی

08:47 - 2023-10-09
کوردستان
310 جار خوێندراوەتەوە

لە رۆژانی 8و9ی تشرینی یەكەمی 2023 بەسەرپەرشتیی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەنجومەنی نوێی سەركردایەتی، كۆبوونەوەكانی خولی نوێی دوای كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی، لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی سەركردایەتی لە سلێمانی، سازكرد.
‎كۆبوونەوەكان بە خولەكێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان و بزوتنەوەی دیموكراتی لە عیراق دەستیپێكرد، بەتایبەت گیانی پاكی سەرۆك مام جەلال، كە شەش ساڵ لەمەوبەر ماڵئاوایی یەكجارەكی كرد و كوردستان، عیراق و یەكێتیشی وەك ئەمانەت بە هەڤاڵان و هاوسەنگەرانی، سپارد.
سەرۆكی یەكێتی، لە كۆبوونەوەكاندا جەختی لە دوو پرەنسیپی گرنگ لە سیاسەتی یەكێتی كردەوە، كە بریتین لە خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و ئەولەویەتی ئەو پرۆسەیە تایبەت بە مووچە، ژیان و گوزەرانیان، دووەمیش پرەنسیپی ستراتیجی، كە بریتییە لە ماف و ئیستحقاقە نەتەوەیی و دەستوورییەكانی گەلەكەمان لە عیراقدا. وتیشی: هەردوو ئەم داخوازییە بە گرتنەبەری سیاسەتێكی كوردستانی و عیراقییانەی راست و دروست دەبێت، كە لە كوردستان یەكڕیزیی راستەقینە، چاكسازیی جەوهەری و راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی پێویستە و لە بەغداش بە هاوپەیمانی، هاوبەشی، هاوسەنگی و كردنی پایتەخت بە چەقی سترایجیی خەباتی سیاسی و دیموكراتی و دەستووریمان دێتەدی. بۆ ئەم مەبەستەش كۆبوونەوەی سەركردایەتی تەئكیدی لەسەر پتەوكردنی پەیوەندیی كوردستانی و عیراقی لەگەڵ هێز و لایەنەكان بۆ راییكردنی ئەركە نیشتمانییە هاوبەشەكان، كردەوە.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەشكرد كە سەركردایەتیی نوێ و هەموو هەڤاڵانی یەكێتی لەم ماوە نزیكەدا دوو تاقیكردنەوەی گرنگیان لەئەستۆیە، كە ئەوانیش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە لە سایەی ئالیەتێكی گونجاو و لەباری دیموكراتیدا. وتیشی: نابێت هەردوو ئەركەكە ئەوەشمان لەبیربباتەوە كە هەمیشە داكۆكی لە شایستە داراییەكانی خەڵكی خۆشەویستی خۆمان بكەین، كە پێویستە تێكەڵ بە ململانێ سیاسییەكان نەكرێن، چ لە نێوان هەرێم و بەغدا و چ لە ناوخۆی كوردستاندا، چونكە قووتی خەڵك هێڵی سوورە بۆ ئێمە و هەرگیز دەستبەرداری نابین.
كۆبوونەوەكانی دوو رۆژی سەركردایەتی، بە چڕوپڕی گفتوگۆی لەسەر پەیكەربەندیی نوێی كارە رێكخراوەییەكانی یەكێتی كرد و لەمبارەیەوە مەكتەبی سیاسیی نوێی هەڵبژارد، ئەركی مەكتەب و ئۆرگانەكانیشی بە گوێرەی پەیڕەوی نوێ دیاریكرد.
لە كۆبوونەوەكەدا، بڕیاردرا بەڵگەكانی پەسەندكراوی كۆنگرە لە پەیڕەوی ناوخۆ، پڕۆگرام و راپۆرتی سیاسی، چاپ و بڵاوبكرێنەوە و بخرێنە بەردەم ئۆرگانەكان و رای گشتی.
كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی، بە گیانی پتەوی هەڤاڵان و ویستی ئاشتكردنەوەی سەرجەم هەڤاڵانی یەكێتی لە ئاستە جیاجیاكانی خەباتدا كۆتاییپێهات و سەرۆك بافڵ؛ رووی لە هەموو تێكۆشەرانی یەكێتی كرد، بە جۆش و خرۆشی یەكێتییانەوە وەك هەمیشە شان بدەنەبەر راپەڕاندنی ئەركە نیشتمانی و حزبییە تازەكانی خەبات لە خزمەت خەڵكی كوردستان، كە سەرچاوەی هێز و وزەی یەكێتین.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان