سۆما به‌رزنجی
- خاتوون، خاتوونی به‌ڕێز!
- به‌ڵێ،له‌گه‌ڵ منته!؟ فه‌رموو:
- كوپه قاوه‌كه له ده‌ستت كه‌وته‌خواره‌وه شكا، رێگه‌م پێ ده‌ده‌ی ئه‌و ناوه پاك بكه‌مه‌وه، كوپێك قاوه‌ی ترت بۆ بهێنم؟
- نه‌خێر چاوه‌ڕێی كه‌سێكم، وا خه‌ریكه ده‌گات.
***
كــاتێك مرۆڤ تارمایی بیركردنه‌وه ئاسمانی خه‌یاڵی ده‌ته‌نێ، شكانی هیچ شووشه‌یه‌ك خه‌یاڵی راناچڵه‌كێنێت، خه‌یاڵی كامه رێگه‌ی داخراو منی ئاوا كردووه‌ته خه‌ڵوه‌تی چه‌شتنی ئازار و میحنه‌تی نابینایه‌كه‌وه!
كه‌سێك ویستی نه‌بێت به چاوی هه‌ستی كه‌سێك ببینێت، ئه‌گه‌ر مانگی تابانیش بێت پێی وایه له ئه‌شكه‌وتێكی روخاودایه.
زۆر باش له‌بیرمه، ئێواره‌ی پایزی ساڵی چاوه‌ڕوانی بوو، دوای ته‌واوبوونی وانه‌كانی زانكۆ چووم بۆ قاوه‌خانه‌یه‌كی بچوكی شار له‌سه‌ر كورسییه دارینه‌كه دانیشتووم و مێزێكی دارین و مۆمێك و گوڵێك له به‌رده‌ممدا دانراون، هیلاك و شه‌كه‌ت بڕستم لێبڕاوه، چونكه به‌پێ هاتم بۆ قاوه‌خانه‌كه، بیرم نه‌چێت له به‌رامبه‌رم په‌نجه‌ره‌یه‌كی گه‌وره هه‌یه و لێواری په‌نجه‌ره‌كه‌ی به‌رده‌مم شینه، وا خۆر هێواش هێواش ماڵئاوایی ده‌كات. ئه‌و كزه‌بایه‌ش بۆنی غه‌ریبی دێنێ، به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌ی قاوه‌خانه‌كه باخچه‌یه‌كی جوان و دڵبه‌ره، واقم وڕماوه له ئاوێته‌بوونی گه‌ڵای دره‌خته‌كان و ده‌ستله‌ملانی ره‌شه‌با و ره‌نگی پایزی، ئه‌و هه‌موو بیركردنه! ئه‌و هه‌موو تامه‌زرۆیی گه‌ڵاو كه‌وتنه‌سه‌ر چۆك بۆ ماچێكی زه‌وی، له‌ولاوه پیره‌گه‌ڵایه‌ك ده‌ستی له ملی قه‌دی دره‌ختێك ئاڵاندووه، ره‌شه‌با ته‌شریفی هانی و هه‌رچه‌ندی كرد نه‌یتوانی ده‌ستی له ملی بترازێنێت.
هه‌ندێك له گه‌ڵاكان هێشتا ره‌نگی ژیانیان تێدایه، هه‌ندێكیان هێشتا نووزه‌ی سه‌وزیان تێدایه و هه‌ندێكی دیكه‌ش سوور هه‌ڵگه‌ڕاون و به‌ره‌و زه‌ردبوون ده‌چـن، ده‌ستم له ژێر چه‌ناگه‌م دانابوو له په‌نجه‌ره‌ی قاوه‌خانه‌كه‌وه له دیمه‌نی وه‌رینی گه‌ڵاكانم ده‌ڕوانی، دیمه‌نێكی ئه‌فسووناوی و جوانی هه‌یه، له‌گه‌ڵ وه‌رینی هه‌ر گه‌ڵایه‌ك هه‌زار خه‌یاڵ ده‌كه‌م، تووشی شادییه‌كی ئه‌به‌دی ده‌بم و دڵه‌كوتێمه له خۆشبه‌ختی و شادی، ئه‌و خۆشبه‌ختییه وه‌كو بروسكه به نێو رۆحمدا تێپه‌ڕێت هه‌ر شادمانم ده‌كات، دڵۆپه فرمێسكێك كه‌وته سه‌ر مێزه‌كه گومانم كرد فرمێسكی خه‌یاڵی ئه‌و خۆشبه‌ختییه بێت، ده‌نگی موزیكی ناو قاوه‌خانه‌كه و بۆنی قاوه‌كه دیسان خه‌یاڵمی به ئاگا هێنا، قاوه‌خانه‌یه‌كی بچووك و كلاسیك چه‌ند مێزێكی دارین دانراون و هه‌ر مێزێك چه‌ند كورسییه‌ك له ده‌وری، بۆنی قاوه و ده‌نگی كه‌سه‌كانی ناو قاوه‌خانه‌كه ئاوێزانی یه‌كتر ببوون، مێز و كورسییه‌كه‌ی پشتم كوڕ و كچێكی لاو بوون، دیار بوو تازه یه‌كتریان ده‌ناسی و یه‌كه‌م بینینیان بوو، شه‌رم روخساریانی داپۆشیبوو، به‌رامبه‌رم كچێكی لاو دانیشتووه، به ده‌ستێكی قه‌ڵه‌مێكی گرتووه، وادیاره وێنه كێشه، ده‌سته‌كه‌ی تری كوپه قاوه‌كه‌ی.
ده‌رگای هاتنه ژووره‌وه‌ی قاوه‌خانه‌كه ته‌خته‌یه‌كی قاوه‌یی كۆن بوو، جیڕه‌ی ده‌رگاكه هات، كرایه‌وه و ده‌نگی پێی كه‌سێك دێت خه‌ریكه نزیك ده‌بێته‌وه، تا ده‌هات ده‌نگه‌كه نزیكتر ده‌بوو، ئاوڕم دایه‌وه، ئه‌و بوو.
پیاوێكی به هه‌یبه‌ت و باڵابه‌رزی شان پان و گه‌نم ره‌نگ و چاوه‌كانی قاوه‌یی، ددانه‌كانی سپی مرواری ئاسا و ریشێكی ته‌نكی هه‌بوو، قه‌میسێكی شین و پانتۆڵێكی قوماشی نیللی له‌به‌ركردبوو. كه‌سێتییه‌كی به‌هێز و پڕخه‌ونی هه‌بوو، رێكپۆش بوو، گرانبه‌هاترین عه‌تره‌كانی پاریسی ده‌دا له خۆی، به جۆرێك هه‌میشه دوای یه‌كتربینینمان بۆنی ئه‌وم لێ ده‌هات!
دڵبه‌ری یه‌كلایه‌نه‌ی من و خه‌ونی هه‌میشه‌یی و به‌ده‌ست نه‌هاتووی من بوو، وای چی عه‌شقێكم هه‌یه بۆی! ئای خودایه من له‌ژێر باری ئه‌شكه‌نجه‌ی عه‌شقێكی یه‌كلایه‌نه‌ی پیاوێكی بێباكدام، عه‌شقی من بۆ ئه‌و وه‌هم و خه‌یاڵ نییه، راستییه، ئه‌و راستییه‌ی كه نه‌ده‌بوو ئه‌و هه‌موو چاوڕوانییه‌ی ته‌مه‌نمی تێدا بنێژم.
له‌گه‌ڵ هاتنه‌ژووره‌وه‌یدا، سیحری رۆشنایی خۆی خزانه نـێو دڵی نیوه‌ی شه‌و، سڵاومان كرد و رۆحی ده‌ستی له چاره‌نووسی من زۆر ساردتر بوو، هیچ شتێك وه‌كو خۆی نه‌بوو، ته‌نانه‌ت سڵاو و بۆنی عه‌تره‌كه‌شی.
- فه‌رموو دانیشه.
- ده‌مێكه چاوه‌ڕێیت؟
- نه‌خێر ئه‌وه‌نده نابێت.
- رۆژانه سه‌رقاڵی چیت، ته‌ندروستیت چۆنه؟
- زۆر باشم، سه‌رقاڵی خوێندنی ماسته‌رم و به‌رده‌وامم له نووسین و خوێندنه‌وه.
- به‌ڵێ وتار و نووسینه‌كانت ده‌خوێنمه‌وه، به‌ڕاستی ئافه‌رین، به‌توانایت.
- زۆر سوپاس بۆ ئه‌و ستایش و پیاهه‌ڵدانه‌ت، شه‌رمه‌زارت كردم، ئه‌ی هه‌واڵی تۆ چۆنه؟ كاروباره‌كانت چۆن تێده‌په‌ڕن؟
- باشم، به‌ڵام كاروباری نووسینگه به‌هیلاكم ده‌بات.
كارمه‌ندی قاوه‌خانه‌كه هات: چی ده‌فه‌رموون؟ چی ده‌خۆنه‌وه؟
- قاوه‌یه‌كی ئێسپریسۆ.
- منیش هه‌مان خواردنه‌وه‌ی ئه‌م خاتوونه.
***
بێده‌نگیی باڵی به‌سه‌ر ئاسمانی عه‌شقی خه‌یاڵپڵاوی من و بێئاگایی ئه‌ودا كێشا، هه‌ردووكمان له باخچه‌ی به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌كه و له وه‌رین و كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی گه‌ڵاكان بۆ سه‌ر زه‌ویه‌كه و شكانی رۆحیان رامابووین. هه‌موو شتێك له‌سه‌ر ئه‌م مێز و كورسییه ته‌خته‌یه بوو، جگه‌له دڵ و رۆحی بێهه‌ستی ئه‌و.
له دڵمدا ده‌موت: ئه‌م یه‌كتربینینه‌مان جیاواز له‌وانیتر ده‌بێت، ئه‌مه ساتی له‌دایكبوونی دڵی من ده‌بێت، له‌دایكبوونی عه‌شقی من له دڵی یاردا، كووره‌ی ئه‌م دڵه‌ی من به وشه‌یه‌كی، نیگایه‌كی خۆشه‌ویستییانه‌ی ئه‌و سارد ده‌بێته‌وه، به خه‌یاڵمدا ده‌هات و ده‌موت ده‌بێت چاره‌نووسی ئه‌م سه‌راپا چاوه‌ڕوانییه‌ی من چی بێت، كه بچووكترین شادومانی ئه‌م دونیا و ئه‌و دونیا‌م ده‌كات. مـن هیچ كاتێك هه‌ستێكی ساخته‌م له‌و نه‌ویستووه، نامه‌وێت هیچ كاتێك به نووسین و ده‌ربڕینه‌كانم دڵنه‌وایی ئه‌م دڵه بێلانه‌یه‌م بكات و به‌زه‌یی خۆی بنوێنێ بۆم، وه‌كو منداڵێك وڕكم له خۆشه‌ویستی ئه‌و گرتووه، به‌ڵام ئه‌م منداڵه‌ی رۆحم ده‌یه‌وێت وه‌كو كچی نێو خه‌یاڵه‌كانی ئه‌و بیبینێت، منداڵێكی به‌دخووه هه‌میشه ئیره‌یی به‌و زه‌وییه‌ش ده‌بات، كه ئه‌و به‌سه‌ریدا هه‌نگاو ده‌نێت، سه‌راپای جه‌سته‌م ببووه گوێ چاوه‌ڕێی ره‌حمه‌تی سۆزێك بوو، گریان گه‌روومی گوشیوه و چاوه‌كانم فرمێسكی تكای تێدا قه‌تیسه و دڵم ده‌له‌رزێت.
قاوه‌كانمان بۆ هات و ده‌ستی به خواردنه‌وه‌ی كوپه قاوه‌كه‌ی كرد، چاوی له‌سه‌ر هه‌موو قوژبنێكه جگه‌له چاوی من، ئاخر ده‌زانێت چاوم پڕه له تكا و پاڕانه‌وه، ده‌زانێت عه‌شق له چاومدا قه‌تیس بووه، ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و سه‌یری بكات ده‌ڕژێت و دێته‌خوارێ، رۆحی بێچاره‌م هاوارده‌كات و پێی ده‌ڵێت: بیكه به خاتری گه‌وره‌یی و عه‌زه‌مه‌تی خودا، تۆسقاڵێك خۆشه‌ویستی بكه نێو ئه‌م بیابانی دڵه چاوه‌ڕێیه‌وه.
- به‌ته‌مانیت قاوه‌كه‌ت بخۆیته‌وه؟ وا ساردبووه‌وه!
راچڵه‌كیم، وتم: ده‌ی به‌شكو له دڵیدا گه‌ڕابێت و بیڵێت به‌ڵێ من ده‌ڵێیت؟
- به‌ڵێ قاوه‌كه‌ت بخۆره‌وه، خه‌ریكی خه‌یاڵی چی ده‌كه‌ی؟ جوانكیله.
- خه‌یاڵی ئه‌وه‌ی تۆ خه‌ریكی بیڵێیت.
- ئه‌وه‌ی وتم قاوه‌كه‌ت بخۆره‌وه؟
ده‌بێ وه‌ڵامی ئه‌م جوانكیله‌یه چی بێت بۆ ئه‌و پرسیاره؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مه راینه‌چڵه‌كێنێت، چی رای ده‌چڵه‌كێنێت؟
ئه‌م جوانكیله‌یه، دڵ و چاوی بێبه‌ری كردووه له هه‌ر پیاوێكی ئه‌م دنیایه.
په‌نجه‌ره و قاوه‌كه و مۆمدان و خه‌ڵكی قاوه‌خانه‌كه و ده‌رگاكه‌شی، تكا و پاڕانه‌وه‌ی ئه‌م چاوه چاوه‌ڕێ پڕ ئه‌سرینه‌یان بینی، به‌ڵام ئه‌و ته‌نها كوپه قاوه‌كه‌ی بینی.