متمانەی منداڵ بە مامۆستاکەی

10:40 - 2023-10-29
دووتوێ
421 جار خوێندراوەتەوە

چرۆ رەشید قادر



قۆناغی باخچەی منداڵان رۆڵ و کاریگەریی گەورە لە پەروەردەکردنی منداڵدا دەگێڕێت، بەو پێیەی دامەزراوەیەکی پەروەردەیی کۆمەڵایەتییە گرنگییەکی زۆری لە ژیانی منداڵدا هەیە، قۆناغێکی هەستیارە لە ژیانی فێربوونی تاکە کەسیدا یارمەتیدەرە بۆ بەدەستهێنانی کارامەیی و شارەزایی هەمە جۆر، قۆناغێکی ناسک و گرنگە بنیاتنەری کەسایەتییە، منداڵ تیایدا فێری مامەڵەکردن دەبێت لەگەڵ کەسانی ترو جیاواز لە ئاستی خێزان لەهەمانکاتدا فێری هاوکاری و کێبڕکێ و گۆڕینەوەی هەستی سۆز و خۆشەویستی دەبێت لەگەڵ مامۆستا و هاوڕێکانی.

پەیوەندییەکی پۆزەتیڤ
منداڵانی باخچە دوای ئەوەی لەگەڵ کەشی باخچە رادێن و شارەزای یاسا و رێساکانی ناو باخچە دەبن و هاوڕێ و مامۆستاکانی دەناسێت دەبینرێت پاش ماوەیەک هۆگری مامۆستاکەی دەبێت بەشێوەیەک ئاوێتەی مامۆستاکەی دەبێت پەیوەندییەکی پۆزەتیڤی بەهێز دروست دەکات ئەمەش رەفتارێکی ئاساییە بەسەر هەر یەکێک لە منداڵانی باخچەدا دێت، ئا لێرەوە متمانەی منداڵ بە مامۆستاکەی دروست دەبێت بەشێوەیەک هەستی وایە هەرچی مامۆستاکەی بیڵێت تەواوە لەسەر هەموو بابەت و باسێک زانیاریی تەواوی هەیە و راسته هەندێکجار وا رێک دەکەوێت دایک و باوک بە منداڵ بڵێن ئەم کارە وانابێت هەڵەیە راستەوخۆ منداڵەکە بە نەخێر وەڵامی دایبابی دەداتەوە دەڵێت راستە و هەڵەی تیا نییە، چونکە مامۆستاکەم وای پێوتووم هەتا ئەگەر دایبابی منداڵ هاوپیشەبن و ئەوانیش مامۆستا بن، بەڵام منداڵ هەر وەڵامی مامۆستاکەی لا پەسەندە و بەڕاستی دەزانێت، چونکە منداڵ مامۆستاکەی خۆی خۆشدەوێت و متمانەی بە قسەکانی هەیە ئەمە لە کاتێکدایە مامۆستاش مرۆڤە و وەک هەرکەسێکی تر هەڵە دەکات مەرجیش نییە لە هەموو بابەتێک زانیاریی تەواوی هەبێت، هەربۆیە لێرەدا هەست بە قورسایی ئەرکی مامۆستا دەکرێت، بۆیە زۆر گرنگە مامۆستا زانیاریی هەڵە نەدات بە منداڵ، چونکە گرفتی زۆر بۆ منداڵ دروست دەکات و لەکاتێکدا ئەرکەکە لەباخچەدا قورسترە، چونکە قۆناغێکی هەستیارە و پێویستی بە وریاییە لە مامەڵەکردندا.

لاسایی مامۆستاکەی دەکاتەوە
هاوکات منداڵ لاسایی شێوازی قسەکردن و رەفتار و هەڵسوکەوتی مامۆستاکەی دەکاتەوە، بۆیە هەندێکجار مامۆستایان رووبەڕووی هەندێ پرسیاری منداڵ دەبنەوە جێگەی سەرسوڕمانە کە پێویستە مامۆستا بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکات، چونکە منداڵ متمانەی بە زانیاری و شارەزایی مامۆستاکەی هەیە لەم کاتەدا پێویستە مامۆستا وەڵامێکی دروست بدات بە منداڵەکە ئەگەر لەو کاتەشدا وەڵامی دروستی پێ نەبوو، بەڵام پێویستە لەکاتی گونجاودا و بە دروستی وەڵامی پرسیارەکانی منداڵ بداتەوە نابێت بەهەڵە و نادروست وەڵام بدرێتەوە، چونکە ئەگەری زۆرە منداڵ تا ژیانی ماوە لەسەر ئەم هەڵەیە بڕوات ئەگەر دایبابانیش هەوڵی راستکردنەوەی بدەن منداڵ وەریناگرێت، چونکە متمانەی بە مامۆستاکەیەتی  ئەو لە سەرووی هەموانەوە سەیردەکات، ئەگەر منداڵ هەست بکات مامۆستاکەی وەڵامی پرسیارەکەی نازانێت ئەوە کاریگەریی نێگەتیڤ لەسەر دەروونی منداڵەکە جێدەهێڵێت متمانەی نەک تەنها مامۆستایەک، بەڵکو بەرامبەر هیچ مامۆستایەک نامێنێت، هەربۆیە پێویستە مامۆستا بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسیاری منداڵاندا بکات و چەند تەکنیکێک بەکاربهێنێت تا وەڵامی دروست بە منداڵەکە دەدات و پرسیارەکانی منداڵان فەرامۆش نەکات.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان