لە باشووری رۆژئاوای ئاسیا، فلیپین، ئەندەنوسیا، مالیزیا گەلێک هەن بەناوی « باجاو» ژمارەیان زیاتر لە ملیۆنێک کەس دەبێ و هەموو ژیانیان لەنێو ئاوە و لە بەلەم و ماسی هیچی تر ناناسن، ئەو گەلە سەدان ساڵە هەن، بەڵام لەساڵی 1521 ەوە لەلایەن گەڕۆکێکی ئیتالییەوە دۆزراونەتەوە، ئەو گەلە لەنێو خۆیاندا یەکگرتوو و ئاشتیخوازن، نەشەڕدەکەن و نە دژایەتی کەسیش دەکەن، خەباتی ژیانیان تەنها راوکردنی گیانلەبەری ئاویی و گوزەرانە لەگەڵ یەکتر، هیچ جیاوازییەکی نەتەوایەتی ، ئاینی، چینایەتی لە نێوانیاندا نییە و لەگەڵ یەکتر کۆک و تەبان، گەلی باجاو بە 10 زمان قسەدەکەن کە زمانی گەل و نەتەوەکانی ئەو وڵاتانەیە، بەشی هەرە زۆریان موسڵمانن بەڵام هەر بەناو.
بۆچی لەناو ئاون؟
دەگێڕنەوە بەر لە هەزاران ساڵ لەمەوبەر لە وشکایی دەژیان و پاشایەکیان هەبووە رۆژێک منداڵی پاشا یان شازادە دەکەوێتە ناو ئەو دەریایەوە، خەڵکی ئاوایی هەموویان چەند شەو و ڕۆژێک لەناو ئەو دەریایە بەدوایدا دەگەڕێن و سەرئەنجام نایدۆزنەوە و بە ناچاری لەوێ دەمێننەوە و بەتەواوی دەیکەنە مەنزڵگەی خۆیان، دیرۆکی تر دەگێڕنەوە گوایە لەترسی زوڵم و زۆرداری دەسەڵاتی فلیپینیەکان و مالیزیەکان وشکاییان جێهیشتووە و لەترسا پەنایان بردۆتەبەر ژیانی ناودەریا.
13 دەقە لەژێر ئاو دەمێننەوە
گەلی باجاو هەر لەدایک دەبن دەچنە ناو ئاو و لەشێوەی ماسی بەناو گژوگیاو داروپەردووی ژێر دەریادا دەگەڕێن، توانایان هەیە بۆ ماوەی 13 دەقیقە لەژێر ئاو بمێننەوە تا قوڵایی 70 مەتر شۆڕببنەوە، لە ژێری ژێرەوە بەدوای خواردن و پێداویستی و کەلوپەلی ناو بەلەمەکانیاندا دەگەڕێن، لەسەر پشتی بەلەم کوخی بچووکیان دروست کردووە، جەستەیەکی چالاکیان هەیە، بەرگەی گەرماو سەرمای زۆر دەگرن، ژیان و گوزەرانیان لەسەر پشتی بەلەمی بچووکی لەدار دروستکراوە، لەوێ لەدایک دەبن و زەماوەند دەکەن و دەژین، هەر لەوێش دەمرن و دواتر دەبنە خۆراکی گیاندارانی نێو ئاو، ئەوان نەک هەر لەگەڵ ئاو راهاتوون، بەڵکو سروشت و پێکهاتەیان لەگەڵ کیشوەرەکەدا گونجاوە.
سییەکانیان دەبڵە
شارەزایان لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەوە کردووە ئایا ئەو توانایەیان لەکوێوە هێناوە کە ئەو ماوە درێژە بەبێ هەوا لەژێر ئاودا بمێننەوە، چەند زانایەکی زانکۆی هاوای سەردانی ئەو ناوەیان کردووە و پشکنینیان بۆ کردوون بۆیان دەرکەوتووە سیەکانیان دوو ئەوەندەی مرۆڤی ئاسایی دەبێت و لەنێو خوێنیاندا خڕۆکەی سوور زیاتر دروست دەبێت بۆیە دەتوانن هەوای پێویست حەشاربدەن و زۆرتر لە مرۆڤی ئاسایی بمێننەوە.
سەرچاوە: Spiegel Online