بەیانیان باڵامان لە ئێواران بەرزترە

10:45 - 2023-10-29
دووتوێ
164 جار خوێندراوەتەوە

رەنگە پێمان سەیر بێت کاتێک دەڵێن بەیانیان لە خەو هەڵدەستین باڵامان بەرزتر بێت وەک لە ئێواران، ئەو راستییە لەلایەن زانایانەوە سەلمێندراوە کە لەکاتی خەودا بەژنی مرۆڤ چەند میلیمەترێک زیاتر دەبێت و دواتر لەگەڵ درێژبوونەوەی رۆژگار ئەو زیادەیە نامێنێ و کورت دەبێتەوە، هەموو ئەو توێژینەوانەی لەسەر باڵای مرۆڤ کراوە ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە مرۆڤ لە شەو و رۆژدا وەک یەک نییە، ئەو بارەش پەیوەندی بە بڕبڕەی پشتەوە هەیە بەتایبەتیش لەو شلە لینجەی لەناویدا هەیە و ئسێقانەکان لە رووشان و شکان دەپارێزێت، لەکاتی خەودا ئەو شلەیە زۆرتر و ئەکتیڤترە، زیاتر کاری خۆی دەکات و ئێسقانەکانیش لەگەڵ خۆیدا کارادەکات، وادەکات بڕبڕەکان درێژتر ببنەوە و گەشە بکەن، بەڵام لەگەڵ رۆژ دەبێتەوە و مرۆڤ دەست بە جووڵە و کارکردن دەکات، بڕبڕەکان ماندوو دەبن و لەگەڵ خۆشیان ئەو شلەیە ماندوو دەکەن، بۆیە کەمتر دەبێتەوە و ناتوانێت وەک بەیانی زوو کاری خۆی بکات لەگەڵ ئەو کەمبوونەوەیە ئێسقانەکان چەند میلیمەترێک کورتتر دەبنەوە.
زانایان ئاشکرای دەکەن هەموو کەسێکی ئاسایی  24 بڕبڕەی پشتی هەیە و هەریەک لەوانە کڵاوەیان پێوەیە، لە شەو و لەکاتی خەوتندا درێژییان بە بڕی 1 بۆ  2 میللیمەتر زیاد دەکات، کە رۆژ دەبێتەوە ئەو زیادەیە نامێنێت، هەروەها بە هاوکێشەیەکی بەردەوام شەوانە ئەوە روودەدات و دواتر کورت دەبێتەوە، توێژینەوەکان دەریانخستووە ئەو بارە وادەکات مرۆڤ کاتێک دەچێتە تەمەنەوە باڵای کورتر بێتەوە وەک لە گەنجێتی و تەمەنی کامڵی، چونکە ئەو بڕبڕانە کاتێک رۆژانە و لەماوەی ئەو هەموو ساڵانەدا فشاریان دەخرێتەسەر  لینجییەکەی ناویان کەمدەبێتەوە و لەگەڵ زیادبوونی تەمەن تا دێت کورتر دەبنەوە و کاردەکەنە سەر باڵای مرۆڤ، هەر کەمبوونەوەی ئەو لینجیەشە وا دەکات بەتەمەنەکان پشت و ئەژنۆیان دەست بە ئازار بکات.
ئەنجامی ئەو ئەزمونانە دەریدەخەن جۆری ئەو کاروپیشانەی مرۆڤەکان لە ماوەی تەمەنیان دەیکەن راستەوخۆ کار دەکاتە سەر ئەو کورتبوونەوەیە و ئەوانەی کاری قورس دەکەن و قورسایی دەخەنە سەر پشتیان وەک بارهەڵگر کاردەکەن ئەو حاڵەتانەیان زیاتر تێدا روودەدات کاتێک دەچنە تەمەنەوە و زیاتر و زووتر کورت دەبنەوە، بەڵام ئەوانەی کاری ئۆفیس دەکەن ئەو بارەیان کەمترو درەنگتر تێدا روودەدات، هەموو ئەوانەش زۆر بخەون و ئەو بڕبڕەیەی پشتیان نەکەوێتە ناو چالاکی ئەو هاوکێشەیەوە دیسان لەکاتی پیربوون کێشەی گۆڕانی باڵایان دەبێت.  
سەرچاوە: Business Insider

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان