مامۆستا پێشڕەو
خەو یان نووستن کردارێکە بۆ كەمكردنەوەی چالاكییە جەستەیی و هزرییەکانی مرۆڤ، لەكاتی خەوتندا چالاكییەكانی مێشك و لەش و ماسولكەكانی مرۆڤ كەم دەبنەوە و خاودەبنەوە، نووستن زۆر گرنگە بۆ ژمارەیەك لە چالاكییەكانی مێشك، بەجۆرێك كە دەمارەكان و سێڵەكان پەیوەندی دەكەن لەگەڵ یەكتر، خەوی زۆرباش دەبێتە هۆی چالاككردنی مێشك و زیادبوونی هەواو ئارەزوو بەتایبەتی ئەگەر كەسی خەوتوو ئەو مادانەی خواردبێت كە كافاین و(Caffeine) نیكۆتین و كهولی تێدا بێت، نووستن پەیوەندی بە زۆرێك لە نەخۆشییەكانی مرۆڤەوە هەیە لەوانە: نەخۆشییەكانی دڵ، گورچیلە، فشاری خوێن، شەكرە، قەڵەوی، خەمۆكی..هتد.
خەو لەهەمانكاتدا یەكێكە لە غەریزە پێویستەكانی مرۆڤ، هەروەكو برسێتی، تینوێتی، سێكس، خەوتن یان نووستن بەپێی تەمەن جیاوازە، منداڵ پێویستی زۆرتر بەخەو هەیە بۆ گەشەكردنی ئەندامەكانی لەشی، كەسی هەرزەکار و گەنج كەمتر پێویستی بەخەوە، بەڵام لە تەمەنی پیرو بەساڵاچواندا خەو پچڕ پچڕ و كەم دەبێتەوە، لەبەر كەمی جووڵە لە رۆژدا.
پێنج راستی دەربارەی خەو
* لەسەدا دوانزەی خەڵك لەكاتی نووستندا خەو دەبینن، ئینجا خەوەكە گەشبینانە یان رەشبینانە بێت.
*یەك لەسەر سێی ژیانی مرۆڤ بەخەو دەڕوات.
*درێژترین ماوەی نەنووستن یانزە رۆژە.
*دوو لەسەر سێی ژیانی پشیلە بەخەو دەیباتە سەر.
* زەڕافە لە رۆژێكدا تەنها پێویستی بە یەك سەعات و نۆ دەقیقە خەو هەیە، لە كاتێكدا شەمشەمە كوێرەی قاوەیی لە رۆژێكدا نۆزدە سەعات و لە دەیا نۆ سەعات پێویستی بەخەوە.
چەند رێنماییەكی پێویست بۆ خەوتن
- نیو سەعات تا سێ چارەك لە جێگەدا مایتەوە و خەوت لێ نەكەوت، هەڵەیە لەجێگەدا بمێنیتەوە، پێویستە لە جێگە بێیتە دەرەوە كتێبێك بخوێنیتەوە یان بەدەنگێكی هێواش سەیری فیلمێك یان زنجیرەیەكی تەلەفزیۆنی بكەیت.
- هەوڵ بدە كەمتر لەسەر لای چەپ بخەویت، چونكە دڵ كەوتۆتە لای چەپ، نووستن لەسەر لای چەپ قورسایی دەخاتە سەر دڵ و ماسولكەكان و خوێنبەرەكان.
- شەو درەنگ چاو و قاوە مەخۆرەوە، چونكە ئەوانە خەوزڕێنن و بەئاگات دەهێننەوە.
- پێش نووستن نان مەخۆ و نابێت گەدەت پڕ بێت، هەروەها نابێت برسیشت بێت، چونكە گەدە پڕ بوون دەبێتە هۆی نەنووستن.
- تا دەتوانیت لەسەر پشت مەخەوە، چونكە دەبێتە هۆی ئاستەنگ دروست كردن بۆ سییەكان و هەناسەدان و روودانی حاڵەتەكانی مۆتەكە.
- هەوڵ بدە بە رۆژ نەخەویت تا كار لەسەر خەوی شەوت نەكات.
- لەكاتی نووستندا دەنگی تەلەفزیۆن و رادیۆ و تەلەفۆن خامۆش بكە.
- لەكاتی نووستن نابێت بیر لە هیچ شتێك بكەیتەوە، واتا واز لە كێشە و گیروگرفت و سەرقاڵییەكان رۆژانە بهێنە و سەرنج بخەرە سەر نووستن .
- شەو زوو بخەوە و بەیانی زوو هەستە.
- باشتر وایە رووناكی خامۆش بكرێ یان زۆر كز بێت.
- تا دەتوانیت دوور بكەوەرەوە لە بەكارهێنانی حەبی خەو، هەروەها نەخواردنی هەندێك داودەرمانی بەئاگا هێنەرەوە.
لە كۆتاییدا بەڕای پزیشكان و شارەزایانی بواری تەندروستی نەنووستن یان تێر نەنووستن زیانی زۆرە بۆ ئەندامەكانی جەستە، بەتایبەتی بۆ مێشك .
سەرچاوەكان:
-Department of Health and Social Carewww.gov.uk
-National Health Service in
-Mayo Foundation for Medical