ناكامی ئەوینێك

10:52 - 2023-10-29
دووتوێ
391 جار خوێندراوەتەوە

ئیبراهیم ناجی، پزیشك و شاعیری میسری، تەمەنی شانزە ساڵ بوو ، كچی دراوسێكەیانی خۆشویست، خۆشەویستییەك هەموو ژیانی داگیركرد بوو، ئەو خۆشەویستییەی وەك  هیگڵ دەڵێ: «خۆی لە بیرچوبووەوە، خودی خۆی لەوی دیدا دەبینی، ژینی خۆی، خۆشیی خۆی لە ژیان و خۆشیی خۆشەویستەكەیدا دەدۆزیەوە، ئەو كاتە دەتوانێ خۆی بدۆزێتەوە»  لەو  سەردەمەدا  خوێندكاری ئامادەیی بوو، پاش ساڵێك  ئامادەیی تەواو كرد، شارەكەی  بەجێهێشت و چووە كۆلیژی پزیشكی لە قاهیرە، كاتێ كۆلیژی تەواو كرد و بووە پزیشك و هاتەوە، خۆشەویستەكەی شووی كردبوو، ئای لەو كارەساتە، لەو تاریكییە ئاسمانی بیری داگیركردبوو، لەو ژانەی دڵی دەگوشی و گینگڵی پێدەدا، ئیتر چۆن دەیتوانی لە  دڵی دەركا؟ 
پاش پانزە ساڵ، پیاوێكی چل ساڵ  لە نیوەشەودا هانای بۆ ناجی  هێنا، تا فریای ژنەكەی  بكەوێت، ژان گرتبووی بە سەختی، مناڵی دەبوو.
لە ماڵی پیاوەكەدا ژنێكی  بینی  داپۆشرابوو ، هەناسەی سوارببوو، داوای  لێكردن  رووپۆشەكەی لابەن تا بتوانێ هەناسە بات، كە روخساری دەركەوت، خۆی بوو، كچەكەی دراوسێیان، یەكەم خۆشەویستی ناجی پاش ساڵانێك ئەم زامی خۆشەویستییەی لە دڵدا ساڕێژ نەبوو،  وەك خۆی مابوو، دایە گریانێكی بەكوڵ، گریانێك بەردی دەكرد بەئاو، سەرنشینانی ماڵەكە نەیان دەزانی چی روودەدات. 
ژنەكە مناڵەكەی بوو، ناجی كاتێ گەڕایەوە ماڵەكەی خۆی  دەمەو بەیان بوو .. نەچووە  ژوورەوە، لەبەر دەرگا دانیشت و قەسیدەی ئەتلال- ی نووسی كە 124 بەیت بوو، سیانزە ساڵ دوای كۆچی دوایی ئیبراهیم ناجی ئوم كەلسوم بەشێك لەم قەسیدەیەی كرد بە گۆرانی.
عوسمان فەقێ

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان