فەیسەڵ عەلی
براوەی خەڵاتی ئەمساڵی 2023 ی نۆبڵ ژنێکە، بەمەوە ئەمە سێیەمین ژنە ئەم خەڵاتە وەردەگرن، بەڵام ئەم جارەیان، بەبێ هاوبەشی و بە تەنها خەڵاتەکە دەباتەوە. کلۆدیا گۆڵدن (Claudia Goldin) پڕۆفیسۆری ئابووریی زانکۆی هارڤاردە، پسپۆڕیی ئابووریی کاری ژن و مێژووی ئابوورییە، ئەم خەڵاتەی لە پای ئەو توێژینەوانە پێبەخشراوە کە لەبارەی کاری ژن و مێژووی کاری ژنەوە کردوونی، بەتایبەتیش لە ئەمریکا.
حەفتاکان و دەیەی شۆڕش
لە سەدەی هەژدەمیندا رۆڵی ژن بەهۆی کەمبوونی کاری کشتوکاڵی پاشەکشێی کرد، لە کاتێکدا کاری پیشەسازیی گەشەی کرد. ئەمە لە میانی توێژینەوەیەکی فراوانی کلۆدیادا بوو کە لە بارەی نەوەتەکانی سەدەی رابردووەوە ئەنجامی دابوو، ناونیشانەکەشی بریتی بوو لە: (کەلێنی کرێی نێوان هەردوو رەگەز) لە ئەمریکا. بەڵام دواتر لە سەدەی بیستەمدا بەهۆی گەشەکردنی رۆڵی کەرتی خزمەتگوزاری لە ئابوورییدا، کاری ژنان رووی لە گەشەکردن کرد. کلۆدیا دەیەی حەفتاکانی سەدەی رابردووی ئەمریکای بە دەیەی (شۆڕشگێڕیی) وەسف کرد، چونکە تەمەنی زەواج رووی لە پاشەکشێ کرد، کە هاوکاتی ئارەزووی ژنان بوو بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا، هەروەها بڵاوبوونەوەی حەبی رێگرتن لە منداڵبوون رۆڵی لە دواخستنی زەواج و ئازادیی و کۆنتڕۆڵکردنی ماوەی کاری ژندا هەبوو.
داهاتی ژن و پیاو
بەڵام لە کرێی کارکردندا، هێشتا کەلێن لە نێوان پیاوان و ژناندا بۆ هەمان کار هەبوو، کە جیاوازییەکەی دەگەیشتە نزیکەی %20، ئەو جیاوازییە لە ماوەی منداڵبوونی یەکەمی ژناندا زیادی دەکرد، لە توژینەوەیەکیدا کە پازدە ساڵی خایاند و لەسەر دەرچوانی کۆلێجی بزنسی زانکۆی شیکاگۆ ئەنجامی دابوو، کەلینی داهاتی نێوان پیاو و ژن لە دوای منداڵی یەکەم و دووەمەوە رووی لە زیادبوون کردووە.
توێژینەوەکانی کلۆدیا رێژەی بەشداربوونی ژنانی لە بازاڕی کاردا گرتەوە، هەروەها هۆکارەکانی جیاوازیی کرێی نێوان پیاو و ژن، لایەنگریکردنی دژ بە کارپێکردنی ژنان، وایکرد پەرە بەو یاسایانە بدرێت کە پارێزگاری لە کاری ژنان دەکات. هەروەها دەڵێ، هۆکاری جیاوازیی کرێی نێوانیان بۆ جیاوازیی ئاستی خوێندنی نێوانیان نەبوو، چونکە لە دەوڵەتانی خۆرئاوا، بە تێکڕا ئاستی خوێندەواریی ژنان لە هی پیاوان بەرزتر بوو. بەڵام ئەم دیاردەیە تەنها دەوڵەتانی خۆرئاوا ناگرێتەوە، ژنان لە ئاسیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش لە رووی خوێندنەوە لە پێش پیاوانەوەن و رێژەی بەشداری ژنان لە بازاڕی کاریشدا هەنگاوی باشی بڕیوە و بەرزبۆتەوە.\
کاری ژنان لە ئۆرکێسترا
کلۆدیا دەڵێ: هێشتا رەگەزپەرستی دژ بە کاری ژنان لە ئەمریکا ماوە، بۆ نموونە، باس لە توێژینەوەیەک لەسەر خوازیارانی کار لە ئۆرکسترا دەکات، کە زۆرینەی پیاوان بوون، دوای ئەوەی داواکردنی کارکردن گۆڕا، کە ئاماژەکردن بە رەگەزی تێدا لابرا، رێژەکە بە تەواوی گۆڕانی بەسەردا هات، بە جۆرێک رێژەی کارمەندانی ژن زۆر لە کارمەندانی پیاو زیاتر بوون. هێشتا ئەو جۆرە مومارەسانە لە زۆر کۆمەڵگە و دەوڵەتدا ماون و بە پێی یاسا و پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و سروشتی بازاڕی کار لێکتر جیاوازن.
کلۆدیا بە عاشقی وانەبێژی ناسراوە، چونکە ئەم لە زۆرینەی مامۆستایانی ئابووری ناچێت، ئەوان زیاتر ئارەزووی توێژینەوە دەکەن و وانەبێژی بۆ یاریدەدەرانیان بەجێ دەهێڵن، بەڵام کلۆدیا، وانەبێژی بە دەرفەتی سەلماندنی بۆچوونەکانی دادەنێت. کلۆدیا ئێستا 77 ساڵە، خێزانی پڕۆفیسۆرێکی ئابووریی زانکۆی هارڤاردە، کە بە هاوبەشی هەندێک توێژینەوەی ئابوورییان کردووە. کلۆدیا بەکالۆریۆسی لە زانکۆی کۆرنێل و دکتۆرای لە زانکۆی شیکاگۆ بەدەستهێناوە و لە ساڵی 1989وە لە زانکۆی هارڤاردە.
دەرفەتی خستنەڕووی راستییەکان
تا ساڵی 1972 کۆمەڵەی ئابووریناسانی ئەمریکا، ژمارەی ئەو ژنانەی لە زانستی ئابوورییدا کاردەکەن بڵاو نەکردەوە، رێژەی ژنان لە کۆی هەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆراە تەنها %7.2 بوو.
کلۆدیا، ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا هات تۆمارکرد، ئەمە لە کاتێکدا بوو پیاوان هیچ بایەخێکیان پێ نەدەدا، پیاوانی شارەزای ئابووری پێیان وابوو نابێ ژنان لە ئەرکە گرنگەکاندا بن، وەک ماکرۆ ئابووری، بەڵام سووربوونی کلۆدیا و ئەو ئابووریناسانەی وانەی پێ دەگوتنەوە، وایکرد بە شێوازیکی جیاواز لە جیهان بڕوانن. راندی هیالمارسۆن، ئەندامی لیژنەی نۆبڵ، سەبارەت بە کلۆدیا دەڵێ: ئەرشیفی ئەمریکای هەڵداوەتەوە و داتای زیاتر لە دوو سەد ساڵی ئەمریکای کۆکردۆتەوە، ئەوەش دەرفەتی بۆ رەخساند تا ئەو راستییە بخاتەڕوو کە چۆن و بۆچی جیاوازیی لە نێوان تێكڕای داهات و کارپێکردنی ژنان و پیاوان پەرەیسەندووە.
بەر لەم خەڵاتەی، چەندین خەڵاتی تری لەسەر توێژینەوەکانی بەدەستهێناوە. بوارەکانی کارکردنی لە زانستی ئابووری، مێژووی ئابووری، مێژووی خوێندن و بازاڕی کار بووە.