گرنگیی دابه‌شكردنی كار

10:23 - 2024-01-22
ئابووری
386 جار خوێندراوەتەوە
#دابه‌شكردنی كار به‌فیڕۆدانی كات و وزه‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌

ئاده‌م سمیس

له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: ره‌مزی میره‌كانی

پێده‌چێت په‌ره‌سه‌ندنی گه‌وره‌ له‌ هێزه‌ كاراكانی كاركردندا و به‌شی زۆری كارامه‌یی و ‏تێگه‌یشتن و بڕیاردان جا به‌ ‏هه‌ر ئاراسته‌یه‌كدا بێت، یاخود پیاده‌كردنی، له‌ ‏ده‌رئه‌نجامه‌كانی دابه‌شكردنی كاردابن.‏ ده‌كرێت به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسانتر له‌ كاریگه‌رییه‌كانی دابه‌شكردنی كار له‌ كاره‌ ‏گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵگادا تێبگه‌ین، ئه‌وه‌ش ‏به‌ به‌هه‌ندوه‌رگرتنی چۆنێتی كاركردن ‏له‌ هه‌ندێك له‌ پیشه‌سازییه‌ سه‌ره‌كییه‌كاندا.  هه‌ندێك جاریش ئه‌و رێبازانه‌ له‌ هه‌ندێك له‌و پیشه‌سازییانه‌دا كه‌ بایه‌خیان ‏كه‌متره‌، ‏به‌ ‏شێوازی پێشكه‌وتووتر پیاده‌ ده‌كرێن، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ نییه‌ ‏به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا پیاده‌ ناكرێت كه‌ بایه‌خیان ‏زیاتره‌.

كۆكردنه‌وه‌ی كرێكار له‌ یه‌ك شوێن
به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌و پیشه‌سازییانه‌دا كه‌ بایه‌خیان ‏كه‌متره‌ و ‏پێداویستییه‌كانی ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌ خه‌ڵك دابین ده‌كه‌ن، كۆژماره‌ی كرێكار كه‌متره‌، كرێكاره‌كانی ‏هه‌موو به‌شه‌ جیاجیاكان له‌ هه‌مان شوێن كۆده‌بنه‌وه‌ و ده‌خرێنه‌ ‏ژێرچاودێرییه‌وه‌. به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، له‌ پیشه‌سازییه‌ ‏گه‌وره‌كاندا كه‌ ‏پێداویستییه‌كانی زۆربه‌ی خه‌ڵك دابین ده‌كه‌ن، ژماره‌یه‌كی زیاتر له‌ كرێكار له‌ به‌شه‌ ‏جیاوازه‌كاندا كار ‏ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش واده‌كات كۆكردنه‌وه‌یان له‌ یه‌ك شوێندا كارێكی ‏زه‌حمه‌ت بێت. هه‌روه‌ها بینین و چاودێریكردنی ژماره‌یه‌كی زیاتر له‌ ‏كرێكار قورستر ده‌بێت، بۆ نموونه‌، له‌ كارگه‌ی گه‌وره‌دا ‏ژماره‌ی ئه‌و كرێكارانه‌ی له‌ هه‌مان به‌شدا كارده‌كه‌ن، تێیاندا دابه‌شكردنی كار به‌ كۆمه‌ڵی گه‌وره‌تره‌، كه‌ به‌مه‌ش ‏وای لێدێت زیاتر بێت له‌ دابه‌شكردنی ‏كار له‌ پیشه‌سازییه‌ كه‌متر بایه‌خه‌داره‌كان، كه‌ ‏تێیاندا دابه‌شكردن دیار نییه‌ و كه‌متر سه‌رنج ده‌درێت.

كارگه‌ی ده‌رزی
با یه‌كێك له‌ پیشه‌سازییه‌ كه‌متر بایاخداره‌كان به‌ نموونه‌ وه‌ربگرین، كه‌ تێیاندا ‏ره‌چاوی دابه‌شكردنی كار ده‌كرێت. بۆ ‏نموونه‌ ئه‌و پیاوه‌ كرێكاره‌ ناڕازییه‌، یان ‏نه‌خوێنده‌واره‌ له‌ بواری كاره‌كه‌یدا كه‌ بریتییه‌ له‌ پیشه‌ی دروستكردنی ده‌رزی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ ئه‌زموونی نییه‌ ‏له‌ به‌كارهێنانی ئه‌و ‏ئامێرانه‌دا كه‌ له‌ كاره‌كه‌دا به‌كاردێن، بۆیه‌ ئه‌و پیاوه‌ به‌ هه‌موو ‏توانای به‌رهه‌مهێنانییه‌وه‌ ناتوانێت زیاد له‌ ده‌رزییه‌ك ‏دروستبكات له‌ رۆژێكدا، به‌ ‏دڵنیاییشه‌وه‌ ناتوانێت 20 دانه‌ دروست بكات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ چۆنێتی راپه‌راندنی كاره‌كه‌ ‏‏نه‌بۆته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی پیشه‌سازییه‌ك و بازرگانییه‌كی سه‌ركه‌وتوو بێت، به‌ڵكو به‌ ‏دابه‌شكردنی كار به‌سه‌ر چه‌ند ‏به‌شێكدا، به‌شی گه‌وره‌شیان به‌شه‌ باشه‌كه‌ی ‏بازرگانییه‌كه‌یه‌. دابه‌شكردنی كاریش به‌م جۆره‌ ده‌بێت: كرێكاری یه‌كه‌م وایه‌ره‌كه‌ راده‌كێشێت و ئه‌وی ‏تریش رێكی ده‌كاته‌وه‌ و سێیه‌م ‏ده‌یبڕێت و چواره‌میش ئاراسته‌ی ده‌كات، كرێكاری ‏پێنجه‌میش به‌ ورده‌كارییه‌وه‌ ئاماده‌ی ده‌كات بۆ دروستكردنی ‏سه‌ری ده‌رزییه‌كه‌ و ئاماده‌كردنی ‏بۆ دوو یان چه‌ند كردارێكی زیاتر، كه‌ ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا كارێكی دانسقه‌یه‌. دواتر كه‌سێكی دیكه‌ ده‌رزییه‌كه‌ سپی ده‌كاته‌وه‌. به‌ڵام ‏پڕۆسه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كه‌ له‌م باره‌دا دابه‌ش ده‌بێت ‏به‌سه‌ر 18 پڕۆسه‌ی دانسقه‌دا، كه‌ له‌ هه‌ندێك پیشه‌سازیدا چه‌ند ‏كه‌سێكی جیاواز ‏جێبه‌جێی ده‌كه‌ن، له‌ كاتێدا له‌ هه‌ندێك شوێندا هه‌مان كه‌س دوو یان سێ له‌و ‏ئیشانه‌ به‌ ته‌نیا ‏ده‌كات.

زیاتر له‌ كارێك
یه‌كێك له‌و پیشه‌سازییانه‌م بینیوه‌ كه‌ له‌م جۆره‌یه‌ و ته‌نها ‏‏10 كرێكار كاری تێدا ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیشیان دوو ‏كاری جیاواز، یان زیار جێبه‌جێ ده‌كه‌ن. ‏سه‌رباری ئه‌وه‌ی زۆر هه‌ژارن، به‌ڵام راهاتوون له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ مامه‌ڵه‌ ‏له‌گه‌ڵ ئامێره‌ ‏پێویسته‌كاندا بكه‌ن، كه‌ له‌ بواری كاره‌كه‌یاندا هه‌یه‌ و گه‌یاندوونیه‌ته‌ ئه‌و راده‌یه‌ی، كه‌ ‏بتوانن له‌ رۆژێكدا ‏زیاتر له‌ شه‌ش كیلۆ ته‌ل دروستبكه‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامی ‏به‌كارهێنانی ئه‌وپه‌ڕی توانایانه‌. له‌ هه‌ر نیو كیلۆ ته‌لێكدا، ‏چوار هه‌زار تاڵی مامناوه‌ند ‏هه‌یه‌، ئه‌و 10 كه‌سه‌ توانیان 48 هه‌زار له‌و تاڵانه‌ دروستبكه‌ن، كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان یه‌ك ‏‏له‌سه‌ر ده‌ی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌یان ئه‌نجامداوه‌. هه‌ریه‌كێكیشیان له‌ رۆژێكدا چوار هه‌زار و 800  تاڵی دروستكردووه‌. له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌كیان به‌ ته‌نیا  و به‌بێ فێربوونی بنه‌ماكانی كاره‌كه‌، ئه‌و كاره‌ی بكردایه‌، ئه‌وكاته‌ ‏هیچیان نه‌یانده‌توانی له‌ رۆژێكدا 20 ته‌ل دروستبكه‌ن، ته‌نانه‌ت نه‌یانده‌توانی یه‌ك ‏دانه‌ش ‏دروستبكه‌ن. بێگومان ناشتوانن 240 به‌شیش له‌ ته‌له‌كان دروستبكه‌ن، یاخود ‏ئه‌و به‌شه‌ی كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان چوار هه‌زار و 800  تاڵی دروستكردووه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ ‏له‌ رێگه‌ی دابه‌شكردنێكی باشی كاره‌ و تێكه‌ڵه‌یه‌ك له‌ ‏پڕۆسه‌ی ‏جیاجیا جێبه‌جێ ده‌كرێن.

كاریگه‌رییه‌كانی دابه‌شكردنی كار‏
ئه‌م باره‌ بۆ هه‌موو هونه‌ر و پیشه‌سازییه‌كی دیكه‌ش راسته‌، كه‌ تێیدا كاریگه‌رییه‌كانی ‏دابه‌شكردنی كار هاوشێوه‌یه‌ ‏له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ كاریگه‌ره‌ له‌ پیشه‌سازییه‌ كه‌متر ‏بایه‌خداره‌كاندا، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كاركردن تێیاندا، ناكرێت بۆ كرده‌ی ئاسانتر ‏دابه‌ش بكرێت یان ‏كورت بكرێته‌وه‌.‏ دابه‌شكردنی كار له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ بریتییه‌ له‌، زیادكردنی هه‌ڵكشانی هێزی كارا له‌ ‏كاردا، كه‌ له‌م باره‌دا ‏ده‌گونجێت و له‌ هه‌موو بواره‌كانی هونه‌ریشدا پیاده‌كرێت. ‏پێده‌چێت جیاكردنه‌وه‌ی ئیش و ئه‌ركه‌ جیاوازه‌كان شوێنی ‏خۆیان هه‌یه‌ و درێژكراوه‌ی ‏ئه‌م خاڵه‌ ئه‌رێنیه‌ن، جیاكردنه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان له‌و وڵاتانه‌دا په‌یڕه‌و ‏كراوه‌ ‏كه‌ باڵاترین ئاستی پیشه‌سازی پێشكه‌وتنیان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش كاری تاكه‌ ‏كه‌سێكه‌ له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ چه‌ندان تاكی تر و كرێكاری ‏تر.

گه‌شه‌ی فراوان
گه‌شه‌ی فراوان له‌ كاردا، كه‌ به‌هۆی دابه‌شبوونی كاره‌وه‌ دروست بووه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ‏خه‌ڵك ده‌توانن ‏جێبه‌جێی بكه‌ن، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سێ بارودۆخی جیاواز: یه‌كه‌م زیادبوونی كارامه‌یی كرێكاره‌كان. دووه‌م به‌فیڕۆ ‏نه‌دانی ئه‌و كاته‌ی كه‌ زۆرجار به‌فیڕۆ ‏ده‌چێت له‌ كاتی گواستنه‌وه‌ له‌ كارێكی دیاریكراوه‌وه‌ بۆ دانه‌یه‌كی دیكه‌دا. سێیه‌میش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هێنانه‌ كایه‌ی ژماره‌یه‌كی بێشوماری ئامێر كه‌ كاركردن ‏ئاسانتر ده‌كات و ‏رێگه‌خۆش ده‌كات، ته‌نها كرێكارێك ‏چه‌ند كارێك بكات،‏ ئه‌وه‌ چه‌ند هێنده‌كردنی به‌رهه‌مهێنانی هه‌موو جۆره‌ پیشه‌جیاجیاكانه‌، كه‌ ‏ده‌رئه‌نجامی دابه‌شبوونی كاره‌، كه‌ ئه‌ویش له‌ ‏كۆمه‌ڵگایه‌كی باشی ئیداره‌كراو و ‏به‌ڕێوه‌براودا ده‌بێته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و سامانه‌ گشتییه‌ په‌لبهاوێت و بگاته‌ ئه‌و ‏‏خه‌ڵكانه‌ی كه‌ له‌ ئاسته‌كانی خواره‌وه‌ی چینه‌كانی كۆمه‌ڵگادان.‏ 
هه‌روه‌ها هه‌ر كارگه‌ریه‌ك بڕێكی زۆر به‌رهه‌می كاری خۆی ده‌بێت، كه‌ له‌خۆی زیاده‌، ‏له‌هه‌مان كاتدا هه‌موو ‏كارگه‌ره‌كانی دیكه‌ش له‌ هه‌مان پێگه‌ی ئه‌ودان، كه‌ وا ده‌كات ‏كارگه‌ری یه‌كه‌م بتوانێت بڕێكی زۆری به‌رهه‌مه‌كانی ‏بگۆڕێته‌وه‌ به‌ بڕێكی زۆر به‌رهه‌می دیكه‌، یاخود بڕێكی زۆری لێ ده‌فرۆشێته‌وه‌.‏ له‌م دۆخه‌دا كارگه‌ری یه‌كه‌م ده‌توانێت ئه‌و پێداوستیانه‌ی كارگه‌كانی دیكه‌ به‌ زیاده‌وه‌ دابین بكات، ئه‌وانیش ئه‌وانه‌ی بۆ دابین ‏ده‌كه‌ن كه‌ پێویستیه‌تی، به‌مه‌ش زیاده‌ییه‌كی گشتی به‌ناو ‏هه‌موو چینه‌كانی كۆمه‌ڵگادا بڵاو ده‌بێته‌وه‌.‏

سه‌رچاوه‌: www.ahewar.org

بابەتە پەیوەندیدارەکان