جۆزێف شۆمپیتەر، دامەزرێنەری راڤەی دینامیکیی ئابووری

09:59 - 2024-01-14
ئابووری
488 جار خوێندراوەتەوە

فەیسەڵ عەلی


جۆزێف شومپیوتەر (1883ـ1950)، ئابووریناس و کۆمەڵناسێکی ئەمریکاییە، بە تیۆرییەکانی لەمەڕ گەشەپێدانی سووڕی ئابووری ناوبانگی دەکرد، لە قوتابخانە باوەکانی ئابووری هەڵگەڕایەوە و لە قوتابخانەی تەقلیدی نوێی ڤییەنا هاتە دەرێ، خۆی لە راڤەی ستاتیکی بە دوور خست و هەوڵی دامەزراندنی تیۆریی راڤەی دینامیکی دا، ئەمەش لە رێی بایەخدانی زۆر بە کۆکردنەوەی تیۆریی ئابووری و ئامار، وێڕای مێژوو و کۆمەڵناسی، بۆ چارەسەرکردنی پرسە ئابوورییەکانی سەردەم. بەم هەنگاوی جارێکیتر پشتی لە قوتابخانەی ڤییەنا کرد و رووی کردە قوتابخانەی کینزی، بەڵام دواتر پشتی لەویش کرد.

کورسی پڕۆفیسۆر وەردەگرێت
شۆمپیتەر لە ڤییەنا زانستەکانی وەرگرت، لە ساڵانی نێوان (1901 - 1906) بایەخی بە ئەدەبی کۆنی مرۆڤایەتی داوە، لە زانکۆی ڤییەنا ئابووری و مافی خوێند، دوای بڵاوکردنەوەی کتێبی (سروشتی تیۆریی ئابووری و ناوەرۆکە سەرەکییەکەی) لە ساڵی 1908دا، ساڵی 1909 لە زانکۆی چێرنۆڤیتز (Czernowitz) کورسی پڕۆفیسۆری وەرگرت، لە ساڵی 1912دا، کتێبە بەناوبانگەکەی (تیۆریی پەرەسەندنی ئابووری) بڵاوکردەوە، تێیدا هزرە سەربەخۆکانی ئابووری خۆی بە رووی قوتابخانە باوەکانی ئەوکاتی ئابووری خستەڕوو. لە ساڵانی نێوان (1919 - 1920)دا پۆستی وەزیری دارایی لە حکومەتە سوسیالیستەکەی نەمسا هەبوو، ساڵی 1932، کاتێک مامۆستا بوو لە زانکۆی بۆن، بە کورسی پڕۆفیسۆری زانکۆی هارڤارد قایل بوو، تا مردنی لەو زانکۆیە مایەوە.
راڤەی دینامیکی ئابووری
جۆزیف شومپیوتەر بە دامەزرێنەی راڤەی دینامیکی ئابووری دادەنرێت، دوای ئەوەی لە قوتابخانەی نیوکلاسیک هاتەدەرێ، کە کاری بۆ دامەزراندنی راڤەی ئابووری لەسەر تیۆریی هاوسەنگیی ئابووری دەکرد، پێی وابوو چالاکی ئابووری لەسەر بنچینەی ستاتیکی نوێ دەبێتەوە و هیچ گۆڕانکارییەک لەبەرچاو ناگیرێت. کاتێک شۆمپیتەر سەرنجی بۆ پەرەسەندنی مەنزومەی ئابووری و بارگۆڕانەکانی و هەروەها گەشەی ئابووری و گۆڕانکارییەکانی رۆیشت، پرنسیپەکانی راڤەی دینامیکی بۆ شیکردنەوەی یاساکانی گۆڕان داڕشت.
هەروەها دەرخستنی رۆڵی رێکخەر بۆ شۆمپیتەر دەگەڕێتەوە، کە رۆڵی لە داهێنان و پەرەسەندنی چالاکییە ئابوورییەکاندا هەیە، هۆکاری سەرەکی ئەم رۆڵگێڕانەی بۆ قازانج دەگەڕێتەوە، کە کار بۆ کۆکردنەوەی هۆکارەکانی بەرهەمهێنان و بەگەڕخستنی دەکات، هەروەها بەشکردنی ئەو زێدە ئابوورییەی لەو پڕۆسەیە دەستەبەر دەکرێت بۆ خزمەتکردنی گەشەی ئابووری. لە سۆنگەی تیۆرییەکەی لەمەڕ رۆڵی رێکخەر و داهێنانەکانی، شۆمپیتەر بەدوای یەکداهاتنی قۆناغە ئابوورییەکان شی دەکاتەوە، هەر لە بواژنەوە تا بە قەیرانی ئابووری دەگات، تێیدا سووڕی ئابووریی درێژ مەودای دەستنیشانکردووە کە بۆ ماوەی پێنج بۆ پەنجا ساڵە و پێی دەوترێ (سووڕی کۆندراتیڤ)، سووڕی مامناوەندیش کە ماوەکەی نۆ بۆ دە ساڵە، هەروەها سووڕی کورت مەودا کە چل مانگ (سووڕی کیچین) دەخایەنێت. لە هەمان کات شۆمپیتەر جەخت لەوە دەکات، کە گەشەی ئابووری، بە سروشتی خۆی خولییە، گەشەی ئابووری لە قۆناغی بوژانەوە دەستەبەر دەبێت و پاشان پاشەکشێ دەکات و بۆ پوکانەوە دەگەڕێتەوە.

بە رێگەیەکی جیاواز
لە چارەسەرکردنی پرسی ئایندەی سەرمایەداریدا، شۆمپیتەر وەک مێژووناس و کۆمەڵناس لە ئابووری دەڕوانێت، بە پێچەوانەی مارکسەوە دەڵێ: هیچ هۆکارێکی ئابووری نییە کە بڕیار لە حەتمەیەتی رووخانی سیستمی سەرمایەداری بدات، بەڵکو سەرمایەداری بە هۆی سەرکەوتنە خودییەکانی خۆییەوە بەرەو داڕمان دەچێت، چونکە چڕبوونی زیاتری ئابووری بەرەو رەخساندنی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیی دژ بە دامەزراوە گەورەکان دەچێت، گەورەبوونی دوژمنایەتیی بۆرجوازی دەگاتە ئاستێک، کە کۆنتڕۆڵی خێزانی بەسەر دامەزراوەکانیدا لە دەست دەدات و چینێکی فروانی رۆشنبیران دەردەکەوێت، کە هەستی ناڕەزاییان زیاد دەکات، بەمەش وەک شۆمپیتەر دەڵێ: رەوتی پەرەسەندنەکە بەرەو سوسیالیستی دەبات، واتە بە رێگەیەکیتر دەگاتە هەمان ئەو بەرئەنجامەی مارکس پێی گەیشتبوو.

بەرهەمە زانستییەکانی
شۆمپیتەر، بەهۆی ئەو کتێب و نوسینانەی، جێ دەستی گەورەی بەسەر پەرەسەندنی تیۆریی ئابوورییەوە هەیە، جگە لە (کتێبی سووڕی کار)، ‌چەند کتێبێکی دیکەی وەک، (راڤەی تیۆریی و مێژوویی و ئاماری سەرمایەداری لە ساڵی 1939) و (سەرمایەداری و سوسیالیتی و دیموکراسی ساڵی 1942) بڵاوکردەوە، لە دوای مردنیشی کتێبی (مێژووی راڤەی ئابووری) لە ساڵی 1954دا بڵاوکرایەوە.    
جۆزێف شۆمپیتەر، ساڵی 1883 لە مۆرڤیای چیک لە دایک بووە و ساڵی 1950 لە ئەمریکا مردووە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان