كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
زناكان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی كه وزه‌ی به‌رهه‌مهاتوو له نه‌وت و غاز و خه‌ڵوز زیان به به‌رگه‌هه‌وای زه‌وی ده‌گه‌یه‌نێت و په‌نگخواردنه‌وه‌ی گه‌رمای لێ ده‌كه‌وێته‌وه، له‌به‌رئه‌وه له‌مێژه بیر له‌وه ده‌نه‌وه جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌م جۆره زیانبه‌خشه بدۆزنه‌وه، یه‌كێك له گرنگترین جێگره‌وه‌كان هایدرۆجینه، كه به وزه‌ی سه‌وز ناسراوه، ئه‌م جۆره غازه ده‌سووتێ و دووكه‌ڵیشی نییه، له‌به‌رئه‌وه كه‌مترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر پیسبوونی ژینگه هه‌یه.
كاتێك بیر له جێگره‌وه‌ی نه‌وت و غاز و خه‌ڵوز ده‌كرێت، گه‌وره‌ترین كێشه‌ی شێوازی به‌رهه‌مهێنانییه‌تی، له‌به‌رئه‌وه زاناكان له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان په‌ره به به‌رهه‌مهێنانی هایدرۆجین بده‌ن، به‌و هیوایه‌ی ببێته ئه‌و جۆره سووته‌مه‌نییه‌ی له داهاتوودا جێگه‌ی نه‌وت و غاز بگرێته‌وه.
ساڵی 2021 له بازاڕی جیهاندا خواست له‌سه‌ر هایدرۆجین گه‌یشته 94 ملیۆن تۆن، به‌ڵام هێشتا ئه‌و رێژه‌یه زۆر كه‌مه به به‌راورد به به‌كارهێنانی سووته‌مه‌نییه باوه‌كان، چونكه ئه‌و 94 ملیۆن تۆنه ته‌نیا %2.5ی كۆی گشتی سووته‌مه‌نی به‌كارهێنراوه له‌سه‌ر ئاستی جیهان.
هه‌نگاوه‌كان به‌ره‌و زیادكردنی به‌كارهێنانی ئه‌م جۆره وزه‌یه زۆر له‌سه‌رخۆن، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت تا ساڵی 2030 خواست له‌سه‌ر هایدرۆجین بگاته 115 ملیۆن تۆن، ئه‌ویش به گوێره‌ی پێشبینی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك كه له ساڵی 2022دا كردوویه‌تی. هه‌روه‌ها زانایان پێشبینی ده‌كه‌ن تا ساڵی 2050 بازاڕ و به‌رهه‌می هایدرۆجین بگاته 600 بۆ 650 ملیۆن تۆن به‌وه‌ش رێژه‌ی به‌كارهێنانی هایدرۆجین له بری نه‌وت و غاز ده‌گاته %20.
تا ئێستاش ته‌كنیكی به‌رهه‌مهێنانی هایدرۆجین پێویستی به بوونی كاره‌بای خاوێن و نوێبۆوه هه‌یه، وزه‌یه‌ك كه دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن به‌رهه‌م نه‌هێنێت، ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ش زۆر به هێمنی به‌ڕێوه ده‌چێت، به گوێره‌ی توێژینه‌وه‌یه‌كی په‌یمانگه‌ی راینه‌ر لیمۆینی ئه‌ڵمانی، فراوانبوونی به‌كارهێنانی وزه نوێبۆوه‌كان هۆكارێكی گرنگه بۆ به‌رهه‌مهێنانی هایدرۆجینی سه‌وز.
به‌رهه‌مهێنانی هایدرۆجین به گۆڕانكارییه‌كی سه‌ره‌كی داده‌نرێت له بواری وزه‌دا، له هه‌مان كاتدا زاناكانی ئه‌و بواره‌ش جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، كه ده‌توانرێ هایدرۆجین به شێوازێك به‌رهه‌م بهێرێت كه دۆستی ژینگه بێت، به تایبه‌تیش كه ئگه‌ر كاره‌بایه‌كی به‌رهه‌مهاتوو له وزه‌ی نوێبۆوه به راده‌یه‌كی فراوان له‌به‌رده‌ستدا بێت.
ئه‌ڵمانیا یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی گرنگییه‌كی تایبه‌ت ده‌دات به وزه‌ی نوێبۆوه و هایدرۆجین، به پێی توێژینه‌وه‌كه‌ی په‌یمانگه‌ی راینه‌ر لیمۆینی ئه‌ڵمانیش، توێژینه‌وه‌كان له‌و بواره‌دا دڵخۆشكه‌رن و ئه‌نجامی باشیان هه‌بووه، هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م گرنگیپێدانه‌ش، ئه‌وه‌یه كه له‌م دواییانه‌دا به‌هۆی شه‌ڕی ئۆكرانیا و روسیاوه، ئه‌ڵمانیا و وڵاتانی دیكه‌ی فه‌ره‌نساش تووشی قه‌یرانی وزه بوون، چونكه پێشتر به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشتیان به‌ستبوو به غازی هه‌نارده‌كراوی روسیا، كاتێكیش وڵاتانی ئه‌وروپا ویستیان روسیا سزا بده‌ن، روسیا وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك غازی لێگرتنه‌وه.
كێشه‌ی سووته‌مه‌نی ته‌نیا په‌یوه‌ست نییه به جه‌نگه‌كانی ئه‌م دواییانه‌وه، هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی پیشه‌سازییه‌وه، له‌و كاته‌وه‌ی كه مه‌كینه‌ی هه‌ڵم په‌یدا بوو، ئاستی به‌كارهێنانی خه‌ڵوز به شێوه‌یه‌كی سه‌رسووڕهێنه‌ر به‌رز بۆوه، دواتریش دۆخه‌كه بۆ نه‌وت و غاز به هه‌مان شێوه بوو، له‌به‌رئه‌وه تا به‌رهه‌مهێنان و به‌كاربردن زیاتر بێت، خواست له‌سه‌ر وزه‌ش زیاتر و زیاتر ده‌بێت.