کەسوکاری ئەنفالکراوان چاوەڕوانی گەڕانەوەی روفاتەکانن

09:41 - 2023-10-31
ڕاپۆرت
639 جار خوێندراوەتەوە
ساتی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی سەماوە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد


نەهێنانەوەی روفاتی 171 ئەنفالکراو بۆ هەرێمی کوردستان، ناڕەزایەتی کەسوکاری ئەنفالکراوانی لێکەوتووەتەوە، لەکاتێکدا روفاتەکان لە ساڵی 2019 ەوە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵی بیابانی سەماوەی پارێزگای موسەنا دەرهێنران و تائێستا لە پزیشکی دادی بەغدان و بۆ هەرێمی کوردستان نەهێنراونەتەوە.
ئێستا سامپڵی ئێسک لە روفاتی 171 ئەنفالکراوەکە وەرگیراوە، ماوەتەوە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم سامپڵی خوێن لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان وەربگرێت، تا ناسنامەی روفاتەکان ئاشکرابکرێن و بهێنرێنەوە بۆ هەرێم.

دەستپێکردنی ناونووسین

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی حکومەتی هەرێم پڕۆسەی ناونووسکردنی کەسوکاری ئەنفالکراوەکانی دەستپێکردووە بەمەبەستی وەرگرتنی نموونەی خوێن لێیان و بەراوردکردنیان لەگەڵ نموونەی ئێسکی روفاتەکان.
عادل ساڵح وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ناوی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان لە سنووری چەمچەماڵ و کەلار تۆمار دەکرێت، دواتر تیم دەنێردرێت بۆ وەرگرتنی سامپڵی خوێن لێیان و بەراوردکردنیان بە سامپڵی ئێسک و پروسکەکان بۆ دۆزینەوەی کەسوکاریان و گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی خۆیان.
کەسوکاری ئەنفالکراوەکانی چەمچەماڵ و کەلار خۆیان بە خاوەنی روفاتەکان دەزانن و هەریەکەیان داوا دەکەن روفاتەکان ببرێنەوە لە ناوچەکانی خۆیان بەخاک بسپێردرێن.

روفاتی 97 ژن و 74 منداڵن
بەپێی توێکاريیە سەرەتاییەکانیش دەرکەوتووە ئەو 171 روفاتەی لەناو گۆڕە بە کۆمەڵەکەی سەماوە دەرهێنراون ئێسک و پروسکی 97 ژن و 74 منداڵن و پشکنەرەکان رایانگەیاند، شێوازی شەهیدکردنەکەیان فیشەك نراوە بەسەری ژنەکان و بەشێك لە منداڵەکانەوە پاشان دەستڕێژی هەڕەمەکیان لێکراوە بۆ ئەوەی دڵنیابن هەموویان گیانیان لە دەستداوە.
لەناو گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا چەندین کەلوپەل و ناسنامە دۆزراونەتەوە کە لەکاتی ئەنفالکردنیاندا لە گیرفانی قوربانییەکاندا بووە و هەڵگیراونەتەوە و گۆڕە بەکۆمەڵەکە لەلایەن تیمی نیشتمانی هاوبەشی دەزگای شەهیدانی فیدراڵ و وەزارەتی کاروباری شەهیدانی فیدراڵ و وەزارەتی کاروباری شەهیدانی هەرێم بە هاوکاری پزیشکی دادی عیراق و رێکخراوی icmp گۆڕەکە هەڵدراوەتەوە.

قەرەبووکردنەوە بەیاسا چەسپێنراوە
بەپێی ئامارەکان لە کۆی 182 هەزار ئەنفالکراو تائێستا، روفاتی هەزار و669 ئەنفالکراو هێنراونەتەوە هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە 358 قوربانی هێنراونەتەوە بۆ گۆڕستانی دوکان، 838 بۆ مۆنۆمێنتی چەمچەماڵ و 81 بۆ گۆڕستانی تۆپزاوا و 392 قوربانیش بۆ دێبنە لە ناحیەی رزگاری، ئەوەش%1ی قوربانییەکان ناکات.
بەپێی یاسای ژمارە 11 ی ساڵی 2015 ی تایبەت بە قوربانیانی نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکان کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە پەسەند کراوە، پێویستە پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ قوربانیانی ناو گۆڕەکان و کەسوکارەکانیشیان بکرێت بە مەبەستی ناسینەوەی ناسنامەی قوربانییەکان.
هەرچەندە بەپێی بڕیاری بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی ئەنفال لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق بڕیاری قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی تاوانەکە دراوە، بەڵام تائێستا هیچ کوردێک قەرەبوو نەکراوەتەوە، ئەوەش کەسوکاری قوربانیانی ئەنفالی نیگەران کردووە.
 لەدوای روخانی رژێمی سەدام حسێن لە ساڵی 2003، یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق ژمارە 10ـی ساڵی  2005 پەسندکرد کە بەپێی ئەو یاسایە هەرکەسێک تاوانەکانی جینۆساید، تاوانی دژەمرۆڤایەتی، تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکردنی یاساکانی عیراقی کە لەو یاسایەدا هاتووە لە دوای رۆژی 17-7-1968ـەوە کردبێت دادگای دەکرێت.
سزای لەسێدارەدان بۆ تاوانباران
دادگایی تایبەت بە دۆسیەی ئەنفال لە 21ـی ئابی 2006  دەستپێکرد، دواین دانیشتنیش لە رۆژی 24ـی مانگی حوزەیرانی 2007 بوو، لەو ماوەیەدا 61 دانیشتن کرا، سزا بۆ حەوت لە سەرانی رژێمی بەعس دەرچوو و تاوانەکە بە دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و جینۆساید ناسێنرا و بڕیاری قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی ئەو تاوانە درا.
لەو تاوانە هەریەک لە سەدام حوسێن، سەرۆک کۆماری پێشووتری عیراق، عەلی حەسەن مەجید، هاشم سوڵتان ئەحمەد، عەلی حوسێن رەشید، سابیر دووری، فەرحان موتلەگ جبووری و تاهیر ئەلعانی سزادران، داواکاری گشتی دادگاکە مونقیز ئال فیرعەون لە دادگایکردنەکەدا ئەو کەسانەی بە تاوانی کوشتنی 182 هەزار کەس لە پڕۆسەی ئەنفال تاوانبار کرد و چەندین بەڵگەنامە و وێنەی خستەڕوو.
رۆژی 12ی شوباتی 1988 تاوانی ئەنفال لەلایەن رژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی سەدام حسێن دژی کورد دەستیپێکرد، ئەو تاوانە بەهەشت قۆناغی یەک لە دوای یەک لە 22ـی شوباتی 1988ـەوە دەستیپێکرد و تا 6ـی ئەیلولی 1988 بەردەوام بوو، قۆناغی سێی ئەنفال کە رۆژی 14-4ـی 1988بوو، بەهۆی ئەوەی زۆرترین قوربانی هەبوو گەورەترین کۆمەڵکوژییە بە بەراورد بە قۆناغەکانی دیکە، بۆیە بە رۆژی ئەنفال دیاریکراوە.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان