نازەنین عوسمان
ناوچەی قەوقازی خواروو، بەتایبەتی کۆماری ئەرمینیا و کۆماری ئازەربایجان، لە دروستبوونیانەوە ناکۆکن و پێش دروستبوونی دەوڵەتەکانیشیان وەک دوو میللەتی ئەو ناوچەیە هەر ناکۆک بوون.
ناکۆکییەکانیان لەسەر ئایین و خاک بووە، ئەرمەنییەکان کریستیانن و ئازەرییەکان ئیسلامی شیعەن و تورکن و سەردەمی عوسمانییەکان بەشێک بوون لە دەسەڵات.
هەردوو میللەتی هاوسێ لەژێر دەسەڵاتی جیاجیادا بوون، تاوێک لەژێر دەسەڵاتی سەفەوییەکاندا و ساتێک دەسەڵاتی عوسمانی و سەردەمێکیش روسیا، بە چەندین پەیمان و رێکەوتنی ئەو دەسەڵاتانەدا تێپەڕیون و زۆرجار دیمۆگرافیای ناوچەکانیان گۆڕاون بەهۆی گواستنەوە یان نیشتەجێکردنی ئەو میللەتانەوە.
شاڵاوی پاکتاوکردنی ئەرمەنییەکان
لە شەڕی نێوان روسیای قەیسەری و تورکیای عوسمانی لە ساڵی 1914، ئەرمەنییەکان پشتگیریی روسیای کریستیانیان کردووە تا لەژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان رزگاریان ببێت، بەڵام وەڵامی عوسمانییەکان زۆر دڕندانە دەبێت و لە ساڵی 1915 تا 1918 ئەرمەنییەکان دەکەونە بەر شاڵاوی پاکتاوکردن و یەک ملیۆن و نیو ئەرمەن لەناو دەبەن، ئەمەش بە پشتگیریی ئازەری هاوزمان دەکەن.
دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، نەخشەی دەسەڵاتی عوسمانییەکان دەگۆڕرێت و ئەو ناوچانە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی روسیاوە. پاشان بەهۆی لاوازیی روسیای پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917 و دوای جەنگی یەکەمی جیهان لە ساڵی 1920 و بە یارمەتیی بەریتانیا، هەردوو کۆماری ئازەربایجان و ئەرمینیا دروست دەبن، بەڵام لە هەر یەکێک لەو دوو وڵاتەدا خەڵکی نەتەوەکەی تر لە هەندێک شوێنیدا هەن. بەشێکیان کۆچ دەکەن بۆ وڵاتی هاوزمانیان، بەڵام لە دوو ناوچەدا لە هەردوو وڵات، ژمارەی نەتەوەکەی تر زۆرن و هەردوو وڵات هەریەکە و لەلایەن خۆیەوە داوای سەربەخۆیی بۆ ئەو دوو ناوچەیە دەکەن.
ئەم دوو ناوچەیە لە کۆماری ئازەربایجان، ئەرمەنەکان لە بەرزاییەکانی ناگۆرنۆ قەرەباخدان لە بەشی خۆرئاوا، لە کۆماری ئەرمینیاش، ئازەرەکان لە ناوچەی نەخچەڤانن لە خوارووی خۆرئاوا.
پاش بەهێزبوونی یەکێتیی سۆڤیەت، داوای سەربەخۆیی ئەو دوو ناوچەیە پشتگوێ خرا، بەڵام هەردوو میللەت لە ناگۆڕنۆ قەرەباخ و نەخچەڤان لە 1923 ئۆتۆنۆمییان وەرگرتبوو لەژێر یاساکانی سۆڤیەتدا بوون و جیاوازیی میللەتان بەزەقی نەدەبینرا، هیچ یەکێکیش لەو میللەتانە داوای سەربەخۆییان نەدەکرد.
دوای لاوازبوونی یەکێتی سۆڤیەت، کۆمارەکانی یەکێتیی سۆڤیەت لێکترازان و جیابوونەوە، ئەرمینیا و ئازەربایجانیش سەربەخۆییان وەرگرت، لەم جیابوونەوەیەدا دیسان کێشەی کەمەنەتەوەکانی نێوان کۆمارەکان سەریهەڵدایەوە، هەرچەندە هەردوولا ئۆتۆنۆمییان هەبوو.
لە ئەیلولی 1991 لە قەرەباخ راپرسییەک کرا و دەستوورێکیان دانا و یەکلایەنە کۆماری ئارتساخیان دامەزراند. ئەم کۆمارە هەرچەندە ئەرمینیا بە هەموو شێوەیەک پشتی دەگرت و تەنانەت دراوەکەشی دراوی ئەرمینیا بوو، بەڵام هیچ وڵاتێک دانی پێدا نەنا، تەنانەت ئەرمینیاش.
ئازەربایجان رەتیکردەوە و ئەو ناوچەیەی بە خاکی ئازەربایجان دادەنا، بەو هۆیەوە لە 1992 شەڕ لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا روویدا. ئەرمینیا نەک هەر قەرەباخ، بەڵکو بەشێکی باشی لە زەوی ئازەربایجانیش گرت، چونکە ئازەربایجان ئەوکاتە لە رووی سەربازییەوە لاوازبوو.
پاش دۆزینەوەی غاز و رەوانەکردنی نەوت و غاز بۆ دەرەوە، ئیلهام عەلیێڤی سەرۆک کۆماری ئازەربایجان، کە هەر لە کۆنەوە لە سەردەمی سۆڤیەتدا باوکی دەسەڵاتی گرتبووە دەست و بەهۆی شارەزایی لە زمان و دیپلۆماسی و درێژیی ماوەی مانەوەی لەسەر حوکم لە 1992ەوە تا ئێستا، پەیوەندیی لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپادا بەهێز کردووە، وەک ئیتالیا و هەوڵی ئەوە دەدەن جێگەی غازی روسیای پێ بگرنەوە، ئابووریی ئازەربایجان بەرز بۆتەوە و توانیوێتی چەکی بەهێز و پێشکەوتوو بکڕێت لە تورکیا و لە ئیسرائیل (40 ٪ غازی ئیسرائیل لە ئازەربایجانەوە دابین دەکرێت)، تورکیاش بە هەموو شێوەیەک یارمەتی دەدات، بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس و تەکنۆلۆژیا و مەشقپێکردن، پەیوەندیی نێوان ئەردۆغان و عەلیێڤ زۆر بەهێزە، ئەردۆغان پاش چەند رۆژێک لە دوای هەڵبژاردنەوەی، سەردانی ئازەربایجانی کرد و وتی: «یەکڕیزی و برایەتیی تورکیا و ئازەربایجان هۆکاری سەقامگیریی و گەشەسەندنی ئاسایشە»، زۆر جار دەڵێن ئێمە یەک میللەتین لە دوو وڵاتدا.
بە پێچەوانەی ئازەربایجان، ئەرمینیا رووی لە لاوازی کردووە، تا ساڵی 2020 ئەرمینیا لە گەندەڵییەوە گلابوو. ئابووریی لاوازە و بەرهەمی هەناردەی کەمە و بەهۆی پاکتاوی نەژادی و کۆچکردنیان، زۆربەی ئەرمەنییەکان لە دەرەوەی ئەرمینیا دەژین و تەنیا سێ ملیۆن ئەرمەنی لەنێو ئەرمینیادان بە بەراورد بە ئازەربایجان، کە دانیشتوانەکەی 10 ملیۆن کەس زیاترن. ئەرمینیا وڵاتێکی داخراوە و رێگەی دەریایی نییە و بە دوژمنەکانی دەورە دراوە، تاکە دەرچەی پەیوەندیی لەگەڵ دەرەوەدا، سنوورێکی کورتە لەگەڵ ئێران لە باشووری ئەرمینیاوە.
ئازەربایجان لە شەڕێکی نابەرابەردا
لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان چەندین شەڕ و وردەشەڕ هەبووە، بەڵام هیچیان وەکو شەڕی 27ی ئەیلولی 2020 نەبووە. ئازەربایجان بە 60 هەزار سەربازی پڕچەکەوە و بەبەرچاوی روسیاوە هێرشی کردە سەر قەرەباخ. روسیا لەگەڵ بێلاڕوسیا، کازاخستان، قیرغیزستان، تاجیکستان، ئۆزبەکستان و ئەرمینیا رێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵیان هەیە (لە بابەتی رێکخراوی ناتۆ)، ئەو پەیمانە لەسەر بنەمای یارمەتی ئاسایشی و سەربازیی یەکتر دروستبووە، بەڵام روسیا هیچ رێگریی لەو هێرشەی ئازەربایجان نەکرد!
ئازەربایجان لە شەڕێکی نابەرابەردا نەک هەر ئەو زەوییانەی گرتەوە کە لە 1992 لەدەستی دابوو، بەڵکو ناوچەی قەرەباخی زۆر بەرتەسک کردەوە، ئەرمینیا و قەرەباخ ناچار بوون ئاگربەست لەگەڵ ئازەربایجان رابگەیەنن و زەوییەکانی دەوروبەری بەرزاییەکانی قەرەباخیان گەڕاندەوە بۆ ئازەربایجان؛ پەیمانێکیان بەست کە قەرەباخ لە چەک دابماڵرێت و دوو هەزار سەربازی روسیا چاودێرییان بکات و بکەوێتە نێوانیان وەک هێزی ئاشتیپارێز. بەشێکی زۆر لە قەرەباخییەکان ئاوارەی ئەرمینیا بوون.
لە تشرینی یەکەمی 2022 ئازەربایجان رێگەی نێوان ئەرمینیا و قەرەباخی داخست کە بە رێڕەوی لاچین ناسراوە، نەیدەهێشت شتومەک و خواردن و دەرمان لە ئەرمینیاوە بۆ قەرەباخ بڕوات و قەرەباخی لە دنیای دەرەوە دابڕی، هیچ رۆژنامەنووس و رێکخراوێکی خێرخوازی و کۆمەکی مەدەنی بۆی نەبوو بچێتە قەرەباخەوە.
قەرەباخ؛ دانیشتوانەکەی بە 120 هەزار کەس دەخەمڵێنرێت، تەنیا هەندێک بەرهەمی ئاژەڵ و کشتوکاڵییان هەیە، ناوچەیەکی هەژارن. ئازەربایجان بەوە نەوەستا کە گەمارۆی لەسەر دانان، لە 19ی ئەیلولی 2023 هێرشێکی گەورەی کردە سەریان و حکومەتی خۆجێیی قەرەباخی ناچارکرد هەموو دامەزراوە حکومییەکانی هەڵبوەشێنێتەوە، رێگەی لاچینی بۆ هەفتەیەک کردەوە تا دانیشتوانی قەرەباخ کۆچ بکەن بۆ ئەرمینیا و مۆڵەتی دا بە هەر کەسێک کە بەشداریی شەڕەکانی نێوان قەرەباخ و ئازەربایجانی نەکردووە، دەتوانێت وەک هاووڵاتییەکی ئازەری بمێنێتەوە، ئەگەرنا وەک تاوانباری جەنگ هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکرێت.
زیاتر لە 100 هەزار کەس لە دانیشتوانی قەرەباخ هەموو موڵک و ماڵ و زێدی باوباپیرانیان بەجێهێشت و ئاوارەی ئەرمینیا بوون.
گومان لە روسیا دەکرێت
هیچ وڵاتێک هەڵوێستی نەنواند و هەموویان بە کێشەی ناوخۆیی وەسفیان کرد، بابەتەکە لە مەحکومکردن تێنەپەڕی. داوایان لە ئازەربایجان دەکرد بە چاوی یەکسانی و وەک هاووڵاتیی وڵاتەکەی هەڵسوکەوت لەگەڵ قەرەباخییەکاندا بکات.
دوو هەزار سەربازی روسی کە لە ناوچەکەدا بوون بۆ پارێزگاریی لە ئەرمەنییەکانی قەرەباخ، پەنجەیان نەجووڵاند بۆ پارێزگاریکردن لێیان.
ئێستا گومان لە روسیا دەکرێت کە لەگەڵ عەلیێڤ رێکەوتبێت و بەشێك لە غازی روسیا بەدزییەوە و بەناوی غازی ئازەربایجانەوە دەنێرێتە دەرەوە. هەرچەندە ئەمە بەئاشکرا نییە، بەڵام دیارە هەناردەی غازی ئازەربایجان دوای شەڕی ئۆکرانیا ئەوەندە و نیوی جاران زیادیکردووە و ئەو زیادبوونەش غازی روسیایە.
دوای شەڕی 2020 و هەڵوێستی نەرێنی و کەمتەرخەمیی روسیا، سەرۆکی ئەرمینیا، نیکۆڵ پاشینیان، بێ هیوا بوو لە روسیا، بۆیە هەوڵی نزیکبوونەوەی لەگەڵ خۆرئاوا و ئەمریکادا دا و ئەوەش پۆتینی زیاتر تووڕە کرد.
لەگەڵ ئەوەی لۆبییەکی زۆری ئەرمەنی لە دەرەوەی ئەرمینیا دەژین، کە بە نزیکەی هەشت تا 10 ملیۆن کەس دەخەمڵێنرێن و سەرمایەداریان زۆرە، بەڵام کەمتەرخەمن بەرامبەر بە ئەرمینیا و کاریگەریی زۆریان لەسەر سیاسەتی ئەو وڵاتانە نییە کە تێیدا دەژین.
هەرچەندە ئێران پشتی ئەرمینیا دەگرێت، بەڵام ترسی لە ئازەربایجان هەیە کە بەرەیەک دروستبکات لەگەڵ ئازەرییەکانی ئێران و هانی جیابوونەوەیان بدات، لەبەرئەوە نایەوێت بیگەیەنێتە ئەو ئاستە.
ئازەربایجان لەگەڵ تورکیا هەوڵی یەکگرتنی میللەتی تورک زمان دەدەن و خاکی ئەرمینیا بە خاکی خۆیان دەزانن، تا ئەو رادەیەی لە یەکێک لە وتەکانیدا عەلیێڤ دەڵێت: «یەریڤان بە هەڵە دراوەتە ئەرمەنییەکان، ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە و ئەرمەن میوانن لە یەریڤان».
لەگەڵ ئەوەی لەدەستدانی قەرەباخ کارەساتێکی مرۆییە و شکستێکی گەورەی ئەرمینیایە، بەڵام ئێستا مەترسییەکی گەورەتر لەبەردەمیاندایە، ئەویش ئەوەیە ئازەربایجان بچێتە نێو خاکی ئەرمینیا و ئەو رێگەیەی نێوان ئازەربایجان و نەخچەڤان بکاتەوە کە بە رێڕەوی زانگەزۆر دەناسرێت و بە ناوچەی زانگەزۆری ئەرمەنیدا تێدەپەڕێت. بەو شێوەیە ئەرمینیا لە ئێران دادەبڕێت و هەر چواردەوری دەگیرێت و دەخنکێت، جگە لە رێگەی ئاسمانی، هیچ رێگەیەکی تری بۆ نامێنێتەوە.
تورکیا رۆڵی براگەورەی ئازەربایجان دەبینێت، ئەردۆگان و ئیلهام عەلیێڤ پشتی یەکترییان گرتووە و خەونی تورکیای گەورەیان هەیە، خۆرئاوا و ئەمریکا چاویان داخستووە لە هەموو ئەو دەستدرێژییانەی دەیکەنە سەر دەوروبەریان، نەبادا راستەوخۆ ئەو دوو هێزە ببن بە پشتیوانی روسیا و لە سووتەمەنی بێبەشی بکەن.