د. ژینۆ عەبدوڵڵا
كلیلی كردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی توركیا و باشووری كوردستان، سەرۆك تاڵەبانی و سەرۆك تۆرگۆت ئۆزال بوون، بە دیدارە مێژوییەكەیان لە كۆشكی چان قایا و ئەندازیاری ئەم ئاسایكردنەوەیەش رۆژنامەنووسی ناودار و بە ئەزمون كامەران قەرەداغی بوو.
یەكێك لەو كتێبە بەنرخ وگرنگانەی بەم دواییە بڵاوكراوەتەوە و رەنگە تۆمارێكی مێژووی دەگمەنیش بێت، كتێبی یادەوەری «ربیع الكرد الدامی- شاهد و شهادات علی الانتفاضة الكردیة»ی رۆژنامەنووس كامەران قەرەداغی لە بڵاوكراوەكانی دار المدی 2022.
پردی پەیوەندیی نێوان مام و ئۆزال
ئەم كتێبە تژییە بە بەڵگە و دیكۆمێنت و دیداری رۆژنامەنووسی لەگەڵ كەسی یەكەم و پەیوەندیدار بە رووداوەكانی باشووری كوردستان، نووسەر رۆڵی تێدا دەبینێت وەك رۆژنامەنووس و دواتر وەك پردی پەیوەندی و رێكخستنی دیدارەكان لە نێوان سەرۆك مام جەلال و سەرۆك تۆرگۆت ئۆزال و هاوكات چەندین نامە و پلانیش لە زۆر بواردا، بەتایبەت دوای راپەڕینی باشووری كوردستان بۆ سەرۆك تاڵەبانی و مەسعود بارزانی دەنێرێت.
ئەم كتێبە وەكو لە پێشەكییەکەیدا هاتووە باسی رووداوە مێژووییەكانی باشووری كوردستان و گۆڕانكارییە دراماتیكییەكان دەكات لە
(1970-1996) هەر لە نسكۆی شۆرش و داگیركردنی كوەیت لەلایەن سوپای سەدام حسێن و پلان و بەرنامە و وردەكارییەكانی راپەڕینی ساڵی 1991 و نهێنی و وردەكاری گفتوگۆی بەرەی كوردستانی و رژێمی سەدام، دواتریش شەڕی ناوخۆ و تا كارەساتی 31 ئاب.
كامەران قەرەداغی كە دەرچووی زمانی روسییە لە یەكێتی سۆڤیەتی جاران و رۆژنامەنووسێكی بەسەلیقە و بەئەزموونی جیهانییە، بەوردی چیرۆكی پشت رووداوەكانی رێكخستنی یەكەمین دیداری مێژوویی نێوان سەرۆك مام جەلال و سەرۆك تۆرگۆت ئۆزال باس دەكات، لە رۆژی 14/6/1991، كە ئەو كات لە رۆژنامەی «الحیاة»ی چاپی لەندەن كاری كردووە وەك نوێنەری رۆژنامەكەو سەردانی ئەنكەرەی كردووە بۆ رووماڵی ڕووداوەكان، بەڵام جارێكیان لەڕێگای راوێژكاری راگەیاندنی توركوت ئۆزالی سەرۆكی توركیا «كایا تۆبیریەوە» ئاگاداركراوەتەوە بۆ دیداری رۆژنامەوانی سەرۆك، ماوەكەشی تەنها 20 دەقیقە بووە، بەڵام ماوەی یەك سەعات تۆرگۆت ئۆزال پرسیار و هەواڵی سەركردایەتی باشووری كوردستانی لێپرسیووە و زانیاری كۆكردۆتەوە، ئەم دیدارەش بۆتە شكاندنی سەهۆڵبەندی پەیوەندی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان، دوای چەندین سەردان و پەیوەندی و ریگاخۆشكردن، دواتر لە رووداوێكی دەگمەندا دیدارە مێژوییەكە لە نێوان مام جەلال و ئۆزال رێكخراوە و لەو كاتەوە بونیاتی پەیوەندی باشووری كوردستان و توركیا دەستی پێكردووە.
رۆڵی پڕبایەخی جەنگیز چاندار
كامەران قەرەداغی رۆڵی مێژوویی و پڕبایەخی رۆژنامەنووسی ناوداری توركیش (جەنگیز چاندار) بەرزدەنرخێنێت لەم پرۆسەیەدا وەك راوێژكارێكی ناڕەسمی تۆرگۆت ئۆزالیشی دادەنێت، كە بەردەوام لەسەر هێڵ بووە بۆ سەرخستنی پرۆسەكە.
ئەم یادەوەرییە دەوڵەمەندە بەزانیاری مێژوویی کە نووسەر خۆی رۆڵی تێدا بینیوە و كارەكتەری سەرەكی بووە بۆ زانیارییەكان یاخود دیدار و چاوپێكەوتنی لەگەڵ كەسی یەكەم و پەیوەندیدار بە دۆسیەكەوە کردووە، دەتوانرێت بوترێت تەكنیكی نووسین و شێوازی داڕشتنی بابەتەكان بەسەلیقەیەكی وردی بەرزەوە كراوە و خوێنەر بەتەواوەتی ئاشنا دەكات بە رووداوەكانی باشووری كوردستان و گۆڕانكارییەكانی پەیوەند پێوەی.
نووسەر وەك باسی دەكات دوای كاركردنی لە رۆژنامەیەكی ناسراو و سەنگینی وەكو «الحیاة
1988-1998» و دواتر كاركردنی لە رادیۆی دەنگی ئازادی عیراق، بەردەوام بۆ بەدواداچوونەكانی هەواڵ و زانیاری لەسەر هیڵ بووە و لە گەڵ سەرۆك مام جەلال و سەركردەكانی كەسی یەكەمی باشوری كوردستان و عیراق.
كامەران قەرەداغی باسی لێهاتوویی و توانا و ئەزموون و شێوازی قەناعەت پێهێنان دەكات لەمامەڵەی سەرۆك مام جەلال لەگەڵ رۆژنامەنووسانی جیهان و هەر زووش دەبووە هاوڕێی رۆژنامەنووسە جیهانییەكان و كەسانی دیپلۆماسی و شارەزایان و مامۆستاكانی ناوەندی شیكەرەوە و سەنتەرە ستراتیژیەكان لەم بوارەدا، ئەم كتێبە چەندین نمونەی زیندووی تیایە.
لێبووردەیی سەرۆك مام جەلال
دوای یەكەم دیدار و بینین و چاوپێكەوتن دوای هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ، كامەران قەرەداغی دەگێڕێتەوە، سەرۆك مام جەلال لە شێوازی داڕشتنی هەواڵ و نوسینەكانی من ناڕازی بوو لە روماڵكردنی شەڕی ناوخۆ و چەندین نامەی توند و ئاگاداری بۆ دەناردم، بەڵام دوای ئەوەی نامەی تانسۆ چێلەر و سلێمان دیمیلەر كە ئەو كات سەرۆك وەزیران و سەرۆكی توركیا بوون، هێنا بۆ مام جەلال بەمەبەستی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، شەوێكی درەنگ لە قەلاچۆلان چاوەڕێی دەكردم وەك دۆستێكی هەمیشەیی پێشوازی لێكردم وهەموو ئەو ناخۆشیەی بیرچوبۆوە.
شۆك كردنی دەسەڵاتدارانی توركیا
دوای ساردی و تیكچوونی پەیوەندییەكانی توركیا و هەریمی كوردستان ساڵی 1995، حكومەتی توركیا لەڕێگای وەزارەتی دەرەوە، بە نووسەری كتێبدا دوو نامەی تایبەت و نهێنی بۆ مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی (پ.د.ك) و سەرۆك مام جەلال ناردبوو، كامەران قەردەغی دەڵێت: بە كاك مەسعودم وت دەتوانم وەڵامی نامەكەتان بۆ بەرمەوە بۆ توركیا، سوپاسی كردم و وتی خۆمان بەڕێگای پەیوەندیەكانمان
دەینێرینەوە.
كامەران قەرەداغی دەڵێت، دوای مانەوەم لە سلێمانی، چوومەوە بۆ لای سەرۆك مام جەلال بۆ وەڵامی نامەکە، وتی دانیشە دەینووسم ئێستا، بە دە دەقە نامەیەكی كورت و پوختی نووسی، كە دامە دەست وەزارەتی دەرەوەی توركیا، دواتر ناوەندە سیاسییەكان و چاودێرانی سیاسی توركیا زۆر وەڵامەكەیان بەدڵ بوو، شۆك بوون لەو وەڵامە بەهیزە و دەیانوت تاڵەبانی پرس و رای بە پسپۆڕان ومامۆستایانی زانكۆی توركیا كردووە بۆیە وا جوان نووسیویەتی، كە سەرۆك مام جەلال بیستیەوە زۆر كەیف خۆش بوو، لە كۆبونەوەكاندا پێدەكەنی باسی دەكرد و دەیوت ئەو كامەران قەردەغییە شاهیدە خۆم نوسییم بە دە دەقیقە.
ناكرێت لە خستنەڕوویەكی خێرادا، هەموو وردەكاریەكان باس بكرێت، كەلەم كتێبەدا هاتووە، چونكە خوێندنەوەی پێویستیەكی گرنگە، بە تایبەت وردەكاری راپەڕینی گەلی كورد1991 و وردەكاری دانوستان و گفتوگۆ و هۆكاری شكستهێنانی و هەوڵەكانی ئاشتی بۆ راگرتنی شەڕی ناوخۆ و چەندین دۆسیەی تایبەت بەهەرێمی كوردستان لە ساڵانی (1970-1996) بەوردی باسكراوە.
هاوكات رەنگە لایەنێكی تری دەوڵەمەندی كتێبكە، ئەو پاشكۆیە بێت کە لەگەڵ ئەم سەركردانە تایبەت بە راپەڕین و دانوستان لە گەڵ رژێمی بەعسدا ئەنجامدراوە، لە ساڵی 1993 كە بریتین لە (سەرۆك مام جەلال، نەوشیران مستەفا، كۆسرەت رەسوڵ، دكتۆر فوئاد مەعسوم، مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، عەدنان موفتی، محەمەد تۆفیق، سامی عەبدولرەحمان، عەبدولموهەیمن بارزانی، فەلەكەدین كاكەیی، جەبار فەرمان، فەریدون عەبدولقادر، ئازاد بەرواری، عەبدولڵا ئۆجالان).
هەر لەم بەرهەمە ناوەزە و دەگمەنەدا، كامەران قەرەداغی كە بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو وەك لێپرسراوی نووسینگەی سەرۆك مام جەلال كاری كردەوەو لە 2007 خانەنشین بووە، بەشی دووەمی یادەوەرییەكانی تەرخان کردووە بۆ ئەو ماوەیە لەنووسینگەی سەرۆکایەتی کۆمار.