ئا: فەرید دڵشاد
بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی نوێ، لە گۆڤاری (زە لانسێت) بڵاوكراوەتەوە، ئاماژەی بە زیادبوونی ژمارەی تووشبوانی كەمخوێنی كردووە لەسەر گۆی زەوی بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو بەجۆرێك چارەكێكی دانیشتوانی جیهان تووشی كەمخوێنی بوون و رێژەی تووشبوون لەنێو ژنان و كچانی گەنج و منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵان زۆر زیادیكردووە.
لێكۆڵینەوەكە ماوەی سێ دەیەیە بەردەوام بووە لەلایەن (پەیمانگەی پێوەری تەندروستی و هەڵسەنگاندن) كراوە تایبەتە بە لێكۆڵینەوەی زانستیی و بارەگاكەی لەشاری سیاتڵی ئەمریكایە، ئاشكرایكردووە، زیادبوونی ژمارەی تووشبوان بە كێشەی كەمخوێنی لەم ساڵانەی دوایدا گەیشتۆتە ئاستێكی پێوانەیی 24 ملیۆنی تێپەڕاندووە.
هەر بەپێی توێژینەوەكە، زیاتر لە 31 % ی ژنانی جیهان تووشی كەمخوێنی بوون، پیاوانیش 17% كەمخوێنن، توێژینەوەكانیش ئەو مەترسییەیان خستۆتەڕوو بەوەی كەمخوێنی حاڵەتێكی مەترسیدارە و دەبێتە هۆی مردنی 20 % ئەو دایكانەی دەگەنە تەمەنی منداڵبوون كە دەكاتە كۆتایی بیستەكانی تەمەنیان، هەروەها تێكچوونی تەندروستی دایكان و خوێنبەربوون و نەبوونی چاودێری باش دوای منداڵبوون هۆكاری كەمخوێنی ژنانە.
کێشەیەکی جددییە
سەبارەت بە منداڵان، كرم و مەلاریا و سیل و ڤایرۆسی كەمی بەرگری دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر لە 40 % منداڵان تووشی كەمخوێنی ببن بەتایبەت لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوودا، بەوتەی توێژەران كەمخوێنی كێشەیەكی جدییە بۆ منداڵان و كاریگەرییەكی زۆری لەسەر گەشەی جەستەیی و مەعریفی هەیە و رەنگە ببێتە هۆی ماندوێتی دەروونی و جەستەیی بۆ گەورەكانیش.
كەمخوێنیی حاڵەتێكە تێیدا بڕ یان كوالێتی خڕۆكە سوورەكان وەك ئاسایی نییە و بەم هۆیەشەوە بڕی تەواوی ئۆكسجین ناگاتە خانە و شانەكانی لەش و هۆكارەكانیشی خۆی دەبینێتەوە لە كەمیی ئاسن و فۆلیك ئەسید و ڤیتامین B12 لە خۆراكدا، یان بە باشی لە ریخۆڵەدا نامژرێت، زۆر خوێن دانان بەهۆی سووڕی مانگانە لای ژنان، خوێنبەربوونی هەناو، سكپڕی، نەخۆشیی درێژخایەن، نەخۆشییە بۆماوەییەكانی وەك سالاسیما.
پزیشكان پێشنیار دەكەن بۆ چارەسەری كەمخوێنی ئەو خۆراكانە بخۆن، كە مادەی ئاسنیان زۆرە وەك:سەوزە، جگەر، گۆشتی سوور، نیسك، پاقلەمەنییەكان، هەروەها خواردن و خواردنەوەی ئەو خۆراك و میوانەی ڤیتامین سییان زۆرە، وەك لیمۆ، پرتەقاڵ، كێوی، قۆخ، هەروەها نەخواردنی چاو و قاوە.
سەرچاوە: سكای نیوز