کێشەی گەشەی زمان پێش تەمەنی خوێندنگە

11:34 - 2023-11-05
دووتوێ
572 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی
ئەگەر باس لە گەشەکردنی زمانی منداڵ و کێشەکانی لە تەمەنی پێش چوونە خوێندنگە بکەین، دەبێت پێش هەموو شتێک بزانین منداڵان بە یەک شێوە فێری زمان دەبن، بەڵام هەمیشە لە یەک کاتدا نا، واتا ئاساییە هەندێک لە منداڵان زوو دەست بە پەیوەندی بکەن و لە هەموو ئەو شتانە تێبگەن کە پێیان دەوترێت، بەڵام هەندێکی تریان لەڕووی زمانەوە قورس بێت بۆیان گوێبگرن و پەیوەندی بکەن بەرلەوەی دەست بە خوێندن بکەن.
منداڵانی «پێش قوتابخانە» هەندێکیان دەرفەتی زوو چوونە باخچەی ساوایانیان هەیە، بەڵام هەندێکی تریان ناتوانن ئەوە بکەن، ئەو جۆرەیان لە کاتی دەستپێکردنی خوێندندا رووبەڕووی کێشە دەبنەوە ئەوەش لەڕووی پەیڕەوکردنی رێنماییەکان یان تێگەیشتن لە پرسیارەکان، ئەو منداڵانە رەنگە کێشەیان هەبێت لە فێربوونی وشەی نوێ یان بەکارهێنانی رستە لەڕووی ناوەرۆک و واتاسازییەوە گونجاو بن، هەروەها ئەگەری زۆرە لە هەردووکیدا کێشەیان هەبێت ئەو حاڵەتەش بە ناتەواویی لە گەشەکردنی زماندا ناسراوە.

نیشانەکانی کێشە لە گەشەی زماندا
هەندێ نیشانە و کردار هەن لە منداڵدا دەریدەخەن کێشەی لە گەشەکردنی زماندا هەیە لەوانە:
*کاتێک پرسیاری لێدەکرێت بۆ وەڵامدانەوە بەدەست ئاماژە بە شت و وێنە دەکات.
*کێشەی لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکان و جێبەجێکردنی رێنماییەکاندا هەیە.
*باشتر لە مەبەستی مرۆڤەکان تێدەگات کاتێک ئاماژە بەکاردەهێنن لەبری رستە، وەک شان هەڵکێشان یان سەر لەقاندن.
*تێنەگەیشتن لە رستە درێژەکان و مەبەستی قسەکان کاتێک جێناوی شوێن و کات بەکاردەهێنین.
هەروەها هەندێکیان کێشەیان لە زمانی دەربڕیندا هەیە بریتییە لە:
*ناونانی شتەکان.
*چۆنیەتی پرسیارکردن و بەکارهێنانی ئامرازی پرسیاریی گونجاو.
*دابەشکردنی وشەکان بۆ رستە.
*فێربوونی گۆرانی و سروود.
* بەکارهێنانی جێگرەوە و رستەی دروست بۆ کات و شوێن.
هەندێکیشیان کێشەیان دەبێت لە توانای بەکارهێنانی زمان ئەوەی پێی دەوترێت «زمانی پراکتیکی» لەوانە:
-نازانێت چۆن گفتوگۆیەک دەست پێبکات و بەردەوامیی پێبدات.
-  نازانێت دەبێت بە نۆرە لەگەڵ کەسانی تردا قسە بکات.
-  نازانێت لەگەڵ کەسانی جیاواز لە شوێنی جیاوازدا چۆن قسە بکات، بۆ نموونە: قسەکردن لەگەڵ کەسێکی پێگەیشتوو جیاوازە لە منداڵێکی بچووک، قسەکردن بە دەنگێکی بەرزتر لە دەرەوە وەک لە ژوورەوە.
خوێندنەوە و نووسین
دەکرێت کێشەی تێگەیشتن و قسەکردنی منداڵ هاوشان بێت لەگەڵ کێشەی فێربوونی خوێندنەوە و نووسین، وەک:
-  تەماشاکردنی وێنەکانی ناو کتێبەکە و هەڵدانەوەی لاپەڕەکان.
-  گێڕانەوەی چیرۆکێک سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی هەبێت.
-  ناونانی پیت و ژمارەکان.
-  فێربوونی ئەلفوبێ و ژمارەکان.
دوو زمانیان هەبێت
ئەفسانەی باو ئەوەیە «فێربوونی زمانی دووەم لەوانەیە ببێتە هۆی کێشە لە زماندا» ئەمە لەڕووی زانستییەوە سەلمێنراوە هەڵەیە، چونکە دەبینین منداڵان لە سەرانسەری جیهاندا جگە لە زمانی زگماکی خۆیان فێری قسەکردن دەبن بە زمانەکانی تر، لەکاتی بوونی کێشە لە زماندا منداڵەکە لە هەردوو زمانەکەدا تووشی کێشە دەبێت، بۆیە فێربوونی زیاتر لە زمانێک هیچ زیانێکی نییە مەگەر خۆی لە بنەڕەتدا کێشەی فێربوون و گەشەی زمانەوانی هەبێت .
لە راستیشدا زانینی زیاتر لە زمانێک سوودی زۆری بۆ منداڵ هەیە، لەڕووی گەشەکردنی توانای مەعریفییەوە، لێکۆڵینەوەکانیش سەلماندویانە ئەو منداڵانەی بە دوو زمانی ناکۆک قسە دەکەن وەک ئەوە وایە لەکاتی وەڵامدانەوەی پرسیارەکاندا ئەو دوو زمانە لە کێشمەکێشدا بن و هەوڵ بدەن منداڵەکە رازی بکەن یەکێکیان هەڵبژێرێت، ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەشەکردنی مەعریفی و درک پێکردن لای منداڵ، هەروەها ئەو منداڵانەی بە دوو زمان قسە دەکەن لە خوێندنی ئەکادیمیدا لێهاتووترن.
هاوکات بەکارهێنانی زیاتر لە زمانێک لەگەڵ منداڵدا بۆخۆی نابێتە هۆی کێشە لە گەشەی زماندا، لە کاتێکدا ئەو منداڵانەی بەرکەوتەی زیاتر لە زمانێک دەبن، رەنگە دەستپێکردنی قسەکردنیان کەمێک خاوتر بێت لە چاو ئەو منداڵانەی بەر یەک زمان دەکەون، بەڵام لە سنووری ئاساییدا دەمێنێتەوە.

چارەسەرەکان 
* زیادکردنی تێگەیشتنی منداڵ بە راهێنانی بەردەوام.
*راهێنانی مامۆستایان و خێزانەکان لەسەر چۆنیەتی کارلێکردن لەگەڵ منداڵەکەدا، بەوەی فێربن لە ماڵەوە چی بۆ منداڵەکە بکەن و چۆن یارمەتی بدەن. 
*لەکاتی پێویستدا یارمەتی منداڵەکە بدەن رێگەی دیکەی پەیوەندیکردن بەکاربهێنێت.
* فێرکردنی تواناکانی خوێندنەوە و نووسینی پێشوەختە.

سەرچاوە: الشرق لأوسط

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان