رێوڕەسمی دەرچوانی خولی 16ی كۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان بەڕێوەچوو

10:09 - 2022-05-23
کوردستان
786 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی هەرێم: كەمكردنەوەی ناكۆكییە سیاسییەكان

بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەید قادر جێگرانی سەرۆكی هەرێم، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و ژمارەیەك لە لێپرسراوانی حزبی، حكومی و فەرماندە سەربازییەكان، رێوڕەسمی دەرچوانی خولی 16ی كۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان بەڕێوەچوو.



سەرۆكی هەرێم: كۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان، 
‏یادگارێكی گرنگی 
سەرۆك مام جەلال-ە


لە رێوڕەسمەكەدا، سەرۆكی هەرێم وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: بۆ كەمكردنەوەی ناكۆكییە سیاسییەكان ‏و كاریگەرییەكانی بەسەر بارودۆخی ‏كوردستانەوە، ئێمە وەك ئەركی یاسایی ‏خۆمان لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەر هەوڵمانداوە و ‏هەوڵدەدەین، ‏بەردەوام لەگەڵ هەموو لایەنەكان ‏گفتوگۆمان كردووە و دەیكەین. ‏بە خۆشحاڵییەوە دەڵێم ئێستا زەمینەیەك ‏هاتۆتە پێشەوە بۆ نەرمی نواندن و ‏گفتوگۆ لەگەڵ یەكتر. ‏
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، رایگەیاند: رۆڵی كۆلیژی سەربازیی (3)، لە ‏پێگەیاندنی پێشمەرگە و هێزی ‏سەربازیی عیراقدا، رۆڵێكی دیار و ‏جێگەی رێز و دەستخۆشییە. ‏هەر لێرەدا پێویستە بڵێم: كۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان، ‏یادگارێكی گرنگی سەرۆك مام جەلال-ە، راشیگەیاند: پیرۆزبایی لە ئێوە دەكەم، كە ئەمڕۆ ‏لێرەدا دەرچوونی ئەم پۆلە پێشمەرگەیە ‏دەبینن، چونكە ئەمانە دەبنە ‏یارمەتیدەرێكی سەرەكی بۆ پاراستنی ‏سەروەریی عیراق. پاراستنی سەروەریی ‏عیراق لە بەرژەوەندیی هەموو ‏هاووڵاتییەك و ناوچەیەكی عیراقدایە. پاراستنی عیراق زۆر بەلای ئێمەوە ‏گرنگە. بە هەمان شێوە پێویستە ‏پاراستنی هەرێمی كوردستانیش وەك ‏بەشێك لە دەوڵەتی عیراق، بەلای هەموو ‏عیراقییەك و هەموو دامەزراوە ‏دەوڵەتییەكانی عیراقەوە جێگەی بایەخ ‏بێت و وەك ئەركێكی هاوبەش تەماشا ‏بكرێت. بەهێزبوونی عیراق، پارێزراوبوونی ‏بەرژەوەندییەكانی گەلی عیراق، دەبێتە مایەی ‏بەهێزبوونی هەموو ناوچەكانی عیراق، بە ‏هەرێمی كوردستانیشەوە، راشیگەیاند: لێرەوە داوا لە هەموو عیراقییەك ‏دەكەم، دژی ئەو هێرشانە بێت كە ‏گروپە یاساشكێنەكان لە ناوخۆی ‏عیراقەوە دەیكەنە سەر هەرێمی ‏كوردستان و هەولێری پایتەخت. ‏
سەرۆكی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا «نیگەرانی، مەترسی و هەستیاریی ‏خەڵكی كوردستان، دەبێ بۆ ئێمە ‏جێگەی بایەخ بێت. دەبێ هاندەرمان بێت بۆ بەجێهێنانی ئەو ‏بەڵێنانەی حزبەكانمان بە گەلی كوردستانیان داوە»، وتیشی: دەبێت دەستتێوەردانی حزبی لە كاروباری ‏پێشمەرگەدا بە زووترین كات كۆتایی پێبهێنین. ‏


وەزیری پێشمەرگە: دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان وادەخوازێت بە یەكەوە كار بكەین

هەر لە رێوڕەسمەكەدا، وتاری كۆلێجی سەربازیی قەڵاچوالان خوێندرایەوە، هەروەها شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: مەترسیی لەسەر هەرێمی كوردستان و قەوارەكەی هەیە و دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان وادەخوازێت كە زیاتر لەوەی هەیە، بە یەكەوە كار بكەین.
وەزیری پێشمەرگە راشیگەیاند: لە رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەدا بە یەكتیم كارمان كردووە و هەنگاوی باشمان لە چاكسازیی سەربازیی پێشمەرگەدا ناوە، داواشی کرد «هیچ هێزێكی پێشمەرگە لە دەرەوەی پێكهاتەی وەزارەتی پێشمەرگە دانەمەزرێت»، راشیگەیاند: هاوكارییەكانی هاوپەیمانان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوامە. 

#كۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان

بابەتە پەیوەندیدارەکان