پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ یادی کارەساتی هەڵەبجە

11:04 - 2022-03-16
کوردستان
876 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ٣٤ ساڵ بەسەر كیمیابارانی شاری هەڵەبجەی خۆڕاگردا تێدەپەڕێت و بە خەمێكی قووڵەوە یادی ئەو كارەساتە گەورەیە دەكەینەوە كە بەرامبەر گەلی كورد کرا.

دەبێت لەم رۆژەدا واز لە دروشم بهێنین و بەکردار خزمەتی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان بکەین. بەرپرسیارێتی نیشتمانیی و نەتەوەیی ئێمەیە ئاسەوارەکانی ئەم برینە ساڕێژ بکەین و هیوا بۆ هەڵەبجەییەکان بگەڕێنینەوە. پێویستە حکومەتی عیراق بەرپرسیارانەتر مامەڵە لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە بکات و قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و برینداران بکاتەوە. داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم ئاوڕی جددی لە داخوازییەکانی خەڵکی ئەو شارە خۆشەویستە بداتەوە و خزمەتی زیاتری هەڵەبجەییەکان بکات. دەبێت ئەو غەدرەی دەرحەق بە هەڵەبجە و دانیشتووانەکەی کرا ببێتە وانەیەک و رۆحی یەکگرتوویی و تەباییمان تێدا پتەوتر بکات. دەبێت سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لەوە تێبگات چەند لە دیدگا و روانینمان بۆ سیاسەت جیاواز بین، بەڵام لە ئازاردا هاوبەشین و دەبێت کارێک بکەین جارێکی تر هاووڵاتییانمان رووبەڕووی سەختی و نەهامەتی نەبنەوە. دەبێت هەموو خەڵکی خۆشەویستی کوردستان بەیەک چاو سەیربکرێن و خزمەت بکرێن. ئازادیی ئەمڕۆ و دروستبوونی دامەزراوە دەستوورییەکان لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدان و تێکۆشانی خەڵکە، ئەرکی ئێمەیە بەرپرسیارێتی ژیان و گوزەرانی خەڵک هەڵبگرین و بەرامبەر قوربانییەکانیان وەفاداربین.

سڵاو لە رۆحی پاكی شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی كوردستان

بافڵ جەلال تاڵەبانی
١٦ی ئاداری ٢٠٢٢

#هەڵەبجە

بابەتە پەیوەندیدارەکان