دوێنێ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، كۆبۆوە و تاوتوێی چەند پرسێكی كرد و بڕیاردرا «بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی داوا و پێداویستییەكانی پارێزگای هەڵەبجە بكرێت».
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، كە تایبەتبوو بە بەرزڕاگرتنی یادی 34 ساڵەی تاوانی جینۆسایدی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ژمارەیەك پێشنیاز و داواكاریی پارێزگای هەڵەبجەی خستەڕوو، كە بریتی بوو لە تەواوكردنی هەیكەلی ئیداریی پارێزگا و ئەنجومەنی پارێزگا و پڕكردنەوەی پێداویستیی میلاك و دامەزراندن بۆ فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و بودجەی پارێزگا و پڕۆژەكانی خزمەتگوزاریی گشتی و ئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجە و چەندانی تر، كە پارێزگاری هەڵەبجە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی كردبوو. بۆ ئەوەش بڕیاردرا، لیژنەیەك لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان رابسپێردرێت بۆ بەدواداچوونی خێرا و جێبەجێكردنی داواكاری و پێشنیازەكان. تەئكیدیشكرایەوە كە «ئەركی لەپێشینەی حكومەتە خزمەتێكی شایستەی هەڵەبجە و دانیشتووانەكەی بكات».
هەروەها، جەختكرایەوە كە پێویستە حكومەتی عیراق، بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و دەستووریی خۆی لە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری شەهیدان و برینداران و زیانلێكەوتووانی كیمیابارانی هەڵەبجە و گشت قوربانییانی جینۆسایدكردنی گەلی كوردستان و ناوچە زیانلێكەوتووەكانی دیكەی كوردستان بگرێتەئەستۆ، وەک ئەوەی لە مادەی 132ی دەستووردا هاتووە.