دابڕان لە شانۆنامەی بەرەو کەناری دانا رەئووفدا

10:02 - 2023-11-09
ئەدەب و هونەر
215 جار خوێندراوەتەوە

کوورش زارع رەمشتی 



ئەم توێژینەوەیە خوێندنەوەیەکی دیکانسترەکتیڤە (خوێندنەوەیەکی روخێنەر و بونیاتنەر)ە، بۆ چەمکی دابڕان لە شانۆنامەی(بەرەو کەنار)ی دانا رەئووفدا. جیا لەوەی دابڕان وەکو چەمک لەبەرامبەر بەردەوامبووندا رادەوەستێت، دەتوانین وەکو ئەو چەمکە سەرەکییە بیبینین، کە دەقەکەی دانا رەئووف دەیەوێت لێکی بداتەوە. ئێمە لەگەڵ دەقێکدا رووبەڕوو دەبینەوە، کە جیا لەوەی چیرۆکی دابڕانمان بۆ دەگێڕێتەوە، لە هەوڵی دابڕاندایە لە شانۆنامەی باو. دابڕانی دەق لە شانۆنامەی باوی سەردەم و گرێ دراوە بە شێوەی گێڕانەوەی چەمکی دابڕان لە دەقەکەدا. 
ئەم دەقە چیرۆکی کۆمەڵێک ئافرەتمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە خەریکی هەڵاتن و دابڕانن لە ژیانی خۆیان. پێنج ژن بە یەختێک خەریکن بەرەو داهاتوویەکی تازە و دەستپێکێکی تازە دەڕۆن. بە یەکجاری دەیانەوێت ماڵئاوایی لە ژیانی خۆیان بکەن و کۆچ بکەن بۆ وڵاتێکیتر و خۆیان لە رابردوویان دابڕن، بەختی رەشی خۆیان بپچڕێنن. یەکێک لەو توخمە باوانەی، کە ئەم دەقە لێی دابڕاوە، پرۆتاگۆنیستە . واتا ئێمە ناتوانین بڵێین کام کەسایەتی لەم دەقەدا، کەسایەتی سەرەکییە. ئەمە بۆخۆی تەنها یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی دەقی تازەی ئەم سەردەمە.(بەرەو کەنار)دەیەوێت بە دانەنانی کاراکتەری سەرەکی، ریزبەندی دەنگەکان  کە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شانۆنامەی باوە لەناو ببات. بەڵام چەمکی دابڕان چەمکی ناوەندی ئەم شانۆنامەیە نییە. باشتر وایە بڵێین ئەم شانۆنامەیە باوەڕی بە چەمکی ناوەندی نییە و بەپێچەوانەوە ئەم شانۆنامەیە خەریکە بە شێوەکی روخینەر و بونیاتنەر لەسەر ئەم چەمکە دەکۆڵێتەوە. لێکۆڵێنەوە، دەتوانین وەکو سەرەکیترین تایبەتمەندی دەقی سەردەم ناوبەرین. واتا دەقی سەردەم دەیەوێت بە لێکۆڵێنەوە باوەڕی باو و گونجاو بخاتە ژێر پرسیارەوە. بۆیە دەتوانین بڵین دەقی سەردەم بانگەشەی وەڵامی پرسیارەکان ناکا. هەروەها ئەو پرسیاری تازەی پێیە، یان لە پرسیارەکاندا قووڵتر دەبێتەوە. با بزانین ئەم دەقە توانیویەتی ئەم کارە بکاو ببێ بەدەقێکی کراوە . هەروەھا کە پێشتر ئاماژەی پێکرا، ئەم شانۆنامەیە چەمکێکی وەکو چەمکی ناوەندی نەخستووەتە بەردەست، بەڵکو هەوڵی داوە دیالکتیکی نێوان هەر چەمکێک لەگەڵ بەرامبەرەکەیدا ئاشکرا بکا. بۆیە ئێمە لێرە پێش هەر شتێک دوانە لێکدژەکانی  ناودەقەکە پیشاندەدەین و ئینجا باس لەسەر ئەوە دەکەین دەقەکە چۆن هەوڵی داوە دیالکتیکی نێوان ئەم دوانانە ئاشکرا بکا. لە خشتەکەی خوارە ئەو دوانانەی، کە دەق راستەوخۆ ئاماژەیان پێدەکا خراونەتە بەردەست:

یەکەم دوانە، دوانەی کەنار و زەریایە. ناوی دەقەکە بۆخۆی یەکەم هەوڵە بۆ پێکهێنانی دەقێکی پرسیاری. ئینجا چۆن؟ ناونیشانی"بەرەو کەنار"هەوڵدەدات کەنار نەکاتە ئامانج و ناوەندی دەق، کاتێک وشەی"بەرەو"دەبینین دیارە لەشوێنێکداین، کەنار نییە، واتا زەریا. واتا ئەو رۆڵەی وشەی بەرەو دەیگێڕێ سازکردنی پەیوەندییە لە نێوان دوانەکەدا(زەریا و کەنار) هەر بۆیە کەنار نابێتە چەکی ناوەندی.




ئاوەها ناونیشانێک بەبێ ئەوەی ناوی بەرامبەرەکەی کەنار بێنێ، ئاماژەی پێدەکا. واتا دەق دەزانێ، کە لەنەبوونی زەریادا، کەنار بێمانایە. ئینجا نایەوێت تەرکیز بخاتەسەر یەک لە مانەوەی ئەویتر و لە پێگەیەکی خوارتردا دایبنێت. بەم شێوە دەق لە هەمان دەستپێکدا دژەناوەندی خۆی لە گێڕانەوەدا  رادەگەینێ. جیا لەمە ئەم شانۆنامەیە وەک دقی پرسیاری دەیەوێت تۆکمەیی مانا بخاتە ژیر پرسیارەوە. لەم شێوە پەیوەندیی سازکردنە لە نێوان ئەم شانۆنامەیەدا زۆر کراوە.
لەژیر دوانەی زەریا و کەناردا هەموو ئەو دوانانەی ئاماژەی پێکرا دەتوانین کۆبکەینەوە. ئەڵبەت ئەمە خۆدی دەقە، کە ئاوەها دەرفەتێکمان دەداتێ. بۆیە رابردوو، پیاو، یادەوەرییەکان و وڵات لەژێر وشەی کەناردا کۆ دەبنەوە و بەرامبەرەکانیان دەبنە داهاتوو، ژن، ئاواتەکان و هەندەران لەژێر ناوی زەریادا. لێرەدا ئاشکرای دەکەین، کە دەق چۆناوچۆن هەوڵی بۆ دژەناوەندبوون و سەقامگیری یان تۆکمەیی مانا داوە. پێنج ژن لەنێو زەریادا خەریکن وڵات بەجێدەهێڵن بۆ ئەوەی لە کەنارێکی تر، واتا لە هەندەراندا و لە داهاتوودا بگەن بە خەونەکانیان. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە، کە ئەوان هەموو ئەو شتانەی دەیانەوێت لێیان دابڕن، لەگەڵ خۆیان هێناویانە. بۆ نموونە ئەوان بەردەوام ئاماژە بە بیرەوەرییە تاڵەکانی خۆیان دەکەن و هێشتا دانەبڕاون لە وڵات و پیاوەکانی ژیانی رابردوویان. لە داهاتوودا ئەم دوانە لێکدژانە بە وردی شی دەکەینەوە.
کەسایەتییەکانی ئەم شانۆنامەیە هەر هەموویان ئاماژە بە رابردوویان دەکەن، ئەگەرچی هەندێکیان زۆرتر و هەندێکیان کەمتر، بەڵام ئەو شتەی ئاشکرایە ئەوەیە، کە چەند ژنێکی دابڕاو لە رابردوویان هێشتا بە گێڕانەوەی رووداوەکانی پێشوو خەریکن، بەپێچەوانەی ویستی خۆیان و ئاراستەی یەختەکە دەگەڕێنەوە بۆ رابردوو. کەواتە دەق ئاماژە بەوە دەکا، کە داهاتوو بەبێ رابردوو ناتوانێ بوونی هەبێ. هەوڵێکی ئاشکرا، کە ناهێڵێ بەردەنگیش باوەڕێکی لەو شێوەیە لا دروست بێ، کە یەکێک لەمانە لەویتر گرنگترن.  
بەڵام پرسیارێک، کە لێرە دێتە ئاراوە ئەوەیە کە ژن ناوەندی دەقەکەیە و پیاو بە تەواوەتی لێرە وجودی نییە، بەڵام راستییەکەی پیاو تەنها بە جەستە لە دەقەکەدا وجودی نییە. مەبەستم ئەو چەند دەنگە نییە، کە لە لایەن پیاوەکانەوە دەبیسترێ. ئەم پیاوانە وەکو هۆکاری سەرەکی کۆچکردنی ئەم ژنانە ئاشکراو دیارن. هەروەها لە گێڕانەوەکانیشدا ئامادەبوونێکی بەرچاویان هەیە. واتە پیاو لە دەقەکەدا ئامادەبوونێکی نادیاری هەیە. بەڵێ ئەم دەقە چیرۆکی ژنانە و هی پیاوانیشە. بۆیە دەتوانین بڵین ژن ناوەندی ئەم دەقە نییە. ئەمە ئەگەر خواست ویستی دەقەکەش بێ، وا دەر نەچووە. ئەڵبەت دەقێک، کە بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدا کە چەمک یان بابەتێک نەکاتە ناوەندی گێڕانەوە، لەوە ناچێ ویستبێتی ژن وەکو بابەتی باڵادەست پیشان بدا. 
لە مابەینی بیرەوەرییەکان و ئاواتەکانی کەسایەتییەکاندا دیسان دەق هەوڵدەدا دیالکتیک پێک بێنێ. بۆ نموونە ژنی یەکەم بەردەوام باسی کچەکەی دەکا لە رابردوودا و دیسان بەتەمای داهاتوویەکە، کە بتوانێ کچەکەی بهێنێ بۆ لای خۆی و رزگاری بکا. ئەگەرچی ژنی پێنجەم دەڵێ:
ژنی پێنجەم:دەبێت سەیری پێشەوە بکەین... بیرلە رابردوو نەکەینەوە و هیچ ئاوڕێک بۆ دواوە نەدەینەوە... (بەرەو کەنار: ل 43)
بەڵام ئەوەندەی پێناچێ، کە دەست دەکا بە گێڕانەوەی رابردوو و بیرەوەرییەکانی:
ژنی پێنجەم:کە منداڵ بووم بە دزییەوە جلەکانی دایکمم لە بەر دەکرد. لە ژێر جلەکانیەوە هەستم بە چەندین جەستەی تر دەکرد... (بەرەو کەنار: ل 56)
ئابەم جۆرە دەق دەیەوێ پەیوەندی نێوان بیرەوەرییەکان و ئاواتەکان پیشانبدات و بڵێ ئەم دووانانە دژی یەک نین، بەڵکو بنیاتنەری یەکن. واتا پێکەوە لە پەیوەندی دوولایەنەدان. 
وڵات و هەندەران بەشێوەیەکی راستەوخۆ ئاماژەیان پێ ناکرێ لە دەقدا. بەڵام دیارە ئەو کەنارەی لێوە هاتوون وڵاتی ئەو ژنانەیە، ئەو کەنارەش بە نیازن تێیدا بحەسێنەوە هەندەرانە، بەڵام دەق چۆن پێمان دەڵێ کە وڵات و هەندەران بونیاتنەری یەکن؟ دیارە دەق لە هێچکام لەمانەدا روونادا. ناتوانین بڵین ئەو زەریایە، کە یەختی ئەو ژنانەی تێدایە هەندەرانە و لای ئەوان وڵاتە. واتا زەریا نە ئەو شوێنەیە وا لێ دابڕاون، نە ئەو شوێنەیە بەتەمان رووی تێبکەن. ئەمە چی تێدایە؟ لێرەدا دەر دەکەوێ دەق وڵات و هەندەرانیش لە ژێر تیشکی جیاوازیدا دەبینێ. واتا نە وڵات نە هەندەران مانایەکی مسۆگەریان لای ئەم دەقە نییە. بە کورتی ئەوە وڵاتە مانا دەدا بەهەندەران و بەپێچەوانەشەوە. 
لەکۆتاییدا، دەقی شانۆیی"بەرەو کەنار"دەقێکی پرسیارییە، کە نایەوێت وەڵامی هیچ پرسیارێک بداتەوە یان راستییەکمان بۆ باس بکات. ئەم شێوە دەقانە بەدوای وەڵامی پرسیارەکاندا ناگەڕێن، بەڵکو دەیانەوێ ئێمە رووبەڕووی پرسیار بکەنەوە. هەروا، کە شی کرایەوە، ئەم دەقە دەیەوێ دژایەتی دوانەکان بخاتە ژێر پرسیارەوە. لە راستیدا کاری زەقکردنەوەی ئەو تێڕوانینەیە، کە دوانە لێکدژەکان بنیاتنەری یەکترن. بۆیە مانایەکی مسۆگەر و بەردەوامیان نیە. واتا مانا بەردەوام لە پچڕان و دابڕاندایە. 

پەراوێزەکان:

 A Deconstructive Reading  
  Protagonist
  Hierarchy of Discourses
  The Interrogative Text
  Binary Oppositions
  Decentralised Narrative


بابەتە پەیوەندیدارەکان