نەفرەتی شاشە یان ریسوایی؟

11:06 - 2023-11-12
دووتوێ
315 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد كەریم
شاشە وەكو تیغێكی دوو دەم وایە، هەم مرۆڤ شیرین دەكات هەم ناشیرین. هەشبەسەر ئەو كەسەیە كە ناشیرین دەبێت، چونكە ئیتر بەهیچ شێوەیەك شیرین نابێتەوە و سەر لە ریسوایی دەدات. رەنگە شاشە هۆكارێكی گرنگ بێت بۆ ئەوەی دیكتاتۆرەكانی دنیا بەر نەفرەتی گەل كەوتوون و سەرەونگوم بوون. پێویست ناكات زۆر دوور بڕۆین بۆ سەلماندنی ئەم قسەیە، سەدام حسێن دیكتاتۆری سەرەونگومكراوی عیراق باشترین نموونەیە، ئەوانەی سەردەمی هاتنەسەر حوكمی سەدام حسێنیان دیوە دەزانن هەمیشە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان بوو، بێجگەلە كۆبوونەوە و كاروبارە تەشریفاتییەكانی و وتارە بێسەرە و بەرە و دوورودرێژەكانی، لە ژیانی تایبەتیشدا هەمیشە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان بوو، مەلەی دەكرد، تەقەی دەكرد، خۆی دەكرد بە موبەقی ماڵاندا و دەرگای سەلاجەی دەكردەوە، لەمانەشدا هەر لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان بوو.

لە سەدان شاشەوە بۆ ملیۆنان شاشە
ئەگەر رۆژگاری پێش ئینتەرنێت و مۆبایل تەنیا شاشەی تەلەفزیۆن و سینەما هەبوو، هەر ماڵێك تەلەفزیۆنێك یان دوانی تێدابوو، هەر شارێك سینەمایەك یان چەند سینەمایەكی تێدابوو، رۆژگاری ئەمڕۆ میلۆنەها شاشە هەیە و پەتای شیرین بوون و ناشیرین بوون یان ناودەركردن و ناوزڕاندنی كەسەكان بەخێرایی تیشك بڵاودەبێتەوە. ئیتر خۆشبەحاڵی ئەوەی بۆ ماوەیەكیش بێت شیرین دەبێت، واوەیلاش بۆ ئەو كەسەی ناشیرین دەبێت و ناوی دەزڕێت، ئیتر دەكەوێتە بەر نەفرەتی شاشە و وەها ریسوا دەبێت،  هەرگیزا و هەرگیز چارەی ئاشنا و شیرین نابێتەوە.

شاشە چۆن مرۆڤ ناشیرین دەكات؟
زۆر دەركەوتن لە شاشەوە هۆكارێكی سەرەكییە بۆ ناشیرین بوونی مرۆڤ، تەنانەت ئەو كەسانەی سەروەختێ شاشە شیرینی كردوون، ئەگەر ماوە ماوە لە شاشە دوور نەكەونەوە، بە زۆر دەركەوتنیان لە شاشەوە ناشیرین دەبن. یەكێكی تر لە هۆكارەكانی ناشیرین بوون زۆر بڵێی و هیچ نەگوتنە، خەڵكی واهەیە لە رێی یوتوب و تیكتۆك و فەیسبووك و ئەنستاگرام و ئەپەكانی ترەوە رۆژانە دێتە سەرشاشەی مۆبایلی سەدان هەزار كەس و نیو سەعات یان زیاتر قسە دەكات و هیچیش ناڵێت! هەتا دواجار وا ریسوا دەبێت ئیتر خاوەنی مۆبایل ئامادە نییە چەند سانیەیەكیش گوێی لێبگرێت، ئەمە یانی لووتكەی ریسوایی. 
كاتێك كەسێك بە سەروسیمایەكی ناشیرین و ناقۆڵاوە دێتەسەر شاشەكان و قسەی بێسەر و بەر و بێمانا و دەكات، پێش هەموو شتێك نەزانی و نەخوێندەواریی خۆی دووپات دەكاتەوە، خۆشبەختە ئەگەر ببێتە مەزە و وەكو نوكتە خەڵك قسەكانی بڵاو بكەنەوە، ئەگەر بەخت یاری نەبوو، نەبووە مایەی پێكەنین، ئەوا سەر لە ریسوایی دەدات و قەت ناتوانێ باری لاری راست بكاتەوە. دواجار لە كاتێكدا چەندان راستی هەن و خەڵك دەیانزانن، كەسێك دێت لە رێی شاشەكانەوە بەشێوەیەكیتر و بەمەستێكیتر رتوشیان دەكات و بەدرۆ نیشانیان دەدات و وەكو دەڵێن خۆڵ دەكاتە چاوی خەڵكی ئەم كەسەش دەكەوێتە بەر نەفرەتی شاشە و بەرەو ریسوایی مل دەنێت.
دەشێت هۆكاری تریش هەبن بۆ ئەوەی شاشەكان چۆن مرۆڤ ناشیرین دەكەن، بەڵام بۆ ئەوەی درێژەی نەدەمێ لێرەدا لە كورتی دەیبڕمەوە. ماوەتەوە بڵێم دەشێت زۆر كەس حەزی لە دەركەوتن و خۆنواندن بێت لە شاشەوە، با هیچ بەهرەیەكیشی نەبێت، با هیچ قسەیەكیشی نەبێت بۆ گوتن، بەڵام هەموو دەرفەتێك دەقۆزێتەوە بۆ دەركەوتن كە دەشێت لای ئەو خولیایەك بێت، ئەمما كەمن ئەو كەسانەی بەسەر نەفسی خۆیاندا زاڵبوون و دەركەوتن لە شاشەوە رەت دەكەونەوە و بەشێوازیتر گوزارشت لە بەهرەی خۆیان دەكەن.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان