جیۆئەندازیاری خۆر چییە؟

11:08 - 2023-11-12
دووتوێ
157 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دەشتی حەمە سدیق عەبدولکەریم* 

جیۆئەندازیاری خۆر ئەو بیرۆکەیە کە دەتوانین گەرمبوونی کەشوهەوای جیهان خاو بکەینەوە بە زیادکردنی رێژەی دانەوەی تیشکی خۆر بۆ بۆشایی ئاسمان یان بە رێگەدان بە دەرچوونی گەرمی زیاتر لە بەرگەهەوای زەوییەوە بۆ بۆشایی ئاسمان.
گەرمبوونی کەشوهەوای زەوی بەهۆی کۆبوونەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و گازە گەرمیدەرەکانی ترەوەیە کە گەرمی خۆر لەناو بەرگەهەوای زەویدا بە قەتیسی دەمێنێتەوە، بە کەمکردنەوەی رێژەی تیشکی خۆر کە دەگاتە زەوی یان رێگەدان بە دەرچوونی گەرمی زیاتر لە بەرگەهەواوە، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ساردکردنەوەی رووی زەوی.
لە ئێستادا ئەو زانایانەی لێکۆڵینەوە لە جیۆئەندازیاری خۆر دەکەن، لە سێ بیرۆکەی سەرەکی دەکۆڵنەوە ئەوانەش بریتین لە:
*زیادکردنی  ئایرۆسۆلی ستراتۆسپێریک: ئەم بیرۆکەیە بریتییە لە زیادکردنی گەردیلەی شل یان رەق بۆ هەوا کە نزیکەی 10-15 میل (16-25 کیلۆمەتر) لە سەرووی رووی زەویەوەیە بۆ ئەوەی تیشکی خۆر کاتێک بەر ئەوتەنۆلکانە دەکەوێت کرداری تیشکدانەوەی تیشکی خۆر زیاد بکات بۆ دەرەوەی بەرگەهەوا، ئەمجۆرە زیادکردنە بە شێوەیەکی سروشتی لەگەڵ هەندێک تەقینەوەی گڕکانە گەورەکاندا روودەدات، بۆ نموونە ئەو ئایرۆسۆلانەی کە بەهۆی تەقینەوەی چیای پیناتوبۆ لە ساڵی 1991 دا ئەوجۆرە تەنۆلکانەی خستە ناو ستراتۆسفێرەوە، کاریگەری دروست کرد لە دانەوەی  تیشکی  خۆر کە بووبووە هۆی ئەوەی رووی زەوی بۆ ماوەی 2 ساڵی داهاتوو سارد بکاتەوە لەو ناوچەیەدا، بە زیادکردنی  تەنۆلکەکان بە شێوەیەکی بەردەوام دەتوانرێت بە هەمانشێوە ببێتە هۆی فێنکتر کردنی پلەی گەرمی لەسەر رووی زەوی .
*هەوری دەریایی گەشاوە: ئەم بیرۆکەیە بریتییە لە زیادکردنی تەنۆلکە بۆ هەورە نزمەکان بەسەر زەریاکەدا بۆ ئەوەی هەورەکان زیاتر تیشکی خۆر بدەنەوە، هەوری نزم، بە تایبەتی لەسەر رووی تاریکی زەریاکان، تیشکی خۆر دەگێڕنەوە بۆ بۆشایی ئاسمان ئەگەرنا دەگاتە رووی زەوی و دەبێتە هۆی گەرمبوونی، بە زیادکردنی تەنۆلکەکان دەتوانێت رووبەری رووی هەورەکان زیادبکرێت، تەمەنی یان هێزی تیشکدانەوەی هەورە نزمەکان زیاد بکات، ئەمەش  وادەکات تیشکی خۆری زیاتر بگەڕێنێتەوە بۆ بۆشایی ئاسمان.
*هەوری سیڕەس تەنک: ئەم بیرۆکەیە هەوڵدەدات ئەستووری هەوری بلوری سەهۆڵین کەمبکاتەوە کە 4-8 میل (6-13 کیلۆمەتر) لە سەرووی رووی زەویەوەیە، ئەمجۆرە هەورە کە لە زانستی کەشناسیدا بە هەورە بەرزەکان ناسراوە زیاتر گەرمی بە قەتیسی دەهێڵێتەوە  لە بەرگەهەوادا و رێگە نادات ئەو گەرمییە  بۆ بۆشایی ئاسمان بگەڕێتەوە، بە تەنککردنەوەی ئەم هەورانە دەتوانرێت رێگە بدات گەرمی زیاتر لە بەرگە هەوای زەوی دەربچێت و کاریگەری ساردکردنەوە بەرهەم بهێنرێت.

*پێشبینەری کەشناسی

سەرچاوە: ناشناڵ ئەکادیمیس

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان