رۆژووی پچڕ پچڕ بۆ نەخۆشانی شەکرە بەسوودە؟

11:11 - 2023-11-12
دووتوێ
134 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی


لە نوێترین توێژینەوەی ئەمریکیدا لەسەر سیستەمی رۆژووی پچڕ پچڕ دەرکەوتووە ئەوانەی نەخۆشی شەکرە لەجۆری دووەمیان هەیە سەلامەتە، لێکۆڵەران روونیانکردۆتەوە ئەو جۆرە سیستەمە یارمەتیان دەدات کێشیان دابەزێنن و ئاستی شەکر لە خوێنیاندا کۆنترۆڵ بکەن، ئەنجامەکانی توێژینەوەکە لە رۆژنامەی جاما نیویۆرک ئۆپندا بڵاوکرایەوە، باس لەوە دەکات یەک کەس لە 10 کەسدا لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەدەست نەخۆشی شەکرەوە دەناڵێنێت و واچاوەڕوان دەکرێت ئەو ژمارەیە بۆ ساڵی 2050 بگاتە سێ کەس لە 10 کەسدا، بۆیە دۆزینەوەی هەڵبژاردەی دیکە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکر لە خوێنی بۆ نەخۆشانی شەکرە زۆر گرنگە.
ئەو تیمە توێژینەوەیان لەسەر ئەوە کردووە تا بزانن تاچەند ئەو جۆرە سیستەمە سەلامەتە بۆ نەخۆشانی شەکرە و تا چەند کاریگەرە، بەپێی ئەوەی رۆژووی پچڕ پچڕ پشت بەوە دەبەستێت کاتێکی دیاریکراو بۆ نانخواردن دادەنرێت کە ماوەی نەخواردنی خواردن لە 16 سەعات کەمتر نەبێت و کەسەکە تەنیا لە ماوەی 8 سەعاتدا ناندەخوات هەروەها نێوان ئەو دوو ژەمەی لە رۆژێکدا دەخورێت لە 4 سەعات کەمتر نەبێت و لە نێوان ژەمەکاندا تەنیا ئاو دەخورێتەوە و هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەک وزەی تێدا بێت نابێت بخورێتەوە، هاوکات لەکاتی خواردنی ژەمەکانیشدا دەتوانرێت بەشێوەیەکی سروشتی خواردن بخورێت.
لەماوەی توێژینەوەکەدا تیمی لێکۆڵەران 75 نەخۆشی شەکرەیان کرد بە سێ گروپەوە، یەکەمیان رۆژووی پچڕ پچڕیان پەیڕەو دەکرد، دووەمیان تەنیا رێژەی کالۆری لەماوەی رۆژەکەدا لە خۆراکیاندا کەمکردبۆوە، جگە لە گروپی سێیەم کە تەنیا کۆنتڕۆڵی خۆراکیان کردووە، لەماوەی 6 مانگدا ئەو سێ گروپە چاودێریکران و ئاستی شەکر و پێوانەی کەمەر و ئاماژە تەندروستییەکانی دیکەیان وەردەگیرا لە ئەنجامدا دەرکەوت ئەوانەی تەنیا لە ماوەی 8 سەعاتدا خواردنیان خواردووە بەسەر دوو ژەمدا دابەشیان کردووە 25 ٪ زیاتر کێشیان لە دەست داوە و رێژەی شەکر لە خوێنیاندا کۆنترۆڵ بووە وەک لە دوو گروپەکەی دیکە.
بەو شێوەیە ئەو ئەنجامانە دەریدەخات رۆژووی پچڕ پچڕ بۆ نەخۆشانی شەکرە سەلامەتە و لەماوەی توێژینەوەکەدا هیچ رووداوێکی نێگەتیڤ و مەترسیدار رووینەداوە.
هەر لەو بارەیەوە سەرۆکی ئەو تیمە و مامۆستا لە زانستی خۆراک لە زانکۆی ئیلینۆی ئەمریکی د. کریستا فارادی وتی: توێژینەوەکەمان دەریدەخات دەکرێت رۆژووی پچڕ پچڕ جێگرەوەیەکی کاریگەر بێت بۆ سیستەمی تەقلیدی نەخۆشانی شەکرە ئەوانەی لە کەمکردنەوەی رێژەی وزە لە خۆراکدا یان نەخواردنی زۆربەی ئەو خۆراکانەی شەکر بەرزدەکەنەوە ماندوون و دەیانەوێت کێشیان دابەزێنن، پەیڕەوکردنی ئەم سیستەمە ئاسانترە، چونکە ژماردنی کات ئاسانترە لە ژماردنی رێژەی وزە لە خۆراکدا.  
لە هەمانکاتدا ئەو توێژەرە جەختی لەوە کردەوە راستە ئەنجامەکانی توێژینەوەکە بۆ نەخۆشانی شەکرە سەلامەتە، بەڵام گرنگە پێش پەیڕەوکردنی هەر سیستەمێکی خۆراکیی نوێ راوێژ بە پزیشکی تایبەت بە خۆت بکەیت.
سەرچاوە: الشرق الأوسط

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان