پاشا دەبێت ورگی زل بێت

11:15 - 2023-11-12
دووتوێ
202 جار خوێندراوەتەوە

لە لێواری رووباری ئۆمۆی سەرسنووری نێوان هەردوو وڵاتی کینیاو ئەسیوبیا گەلێکی ئەفریقی هەن ناویان کۆنسۆ-یە، زیاتر لە 5000 ساڵ دەبێت لەناو شاخەکانی ناو ئەو دارستانە نزیکەی 1000 کیلۆمەتر دوجایان لە خاکی ئەسیوبیا دابڕیووە و دوور لە هەموو کۆمەڵگەیەکی مرۆڤایەتی بەتەنیا تێیدا دەژین، ئەو گەلە تائێستاش کارو پیشە و دابونەریتیان هی مرۆڤی چاخە بەردینەکانە.
پێشبڕکی لەسەر ورگ زلکردن دەکەن
 گەلی کۆنسۆ هەندێک نەریتی سەمەرەیان هەیە لەوانە ژمارە 9 دەپەرستن و لایان پیرۆزە، خۆشیان نازانن هۆکارەکەی چییە، کەم ئەندامەکانی جەستەیان داپۆشن، یەک پاشایان هەیە، سەرەکیترین سیمای هەڵبژاردنی پاشا ئەوەیە دەبێت کاندیدەکە ورگ زل بێت، بنەماڵەی پاشای کۆن دادوەران ورگ زلترین لە کاندیدەکان دەکەنە پاشای خۆیان، بۆیە ئەوانەی مەراقیان ئەو پۆستە بێت گەنمەشامی زۆر دەخۆن یان راوی گیاندارانی کێوی دەکەن تا گۆشت زۆر بخۆن و ورگیان زل بێت، هەیانە پەنادەباتەبەر خواردنەوەی دروستکراو لە میوەی گەنیو.
مردوو کەوڵ دەکەن
ئەو گەلە بێ هەست و توندوتیژن، کچ و کوڕەکان کە تەمەنیان دەگاتە 15 ساڵ زەماوەندیان بۆ دەکەن، بۆیان هەیە هەریەکەیان پێنج شەش ژن بێنێت، مردووەکانیان نانێژن بەڵکو کەوڵیان دەکەن و پێستەکانیان بە دارو درەختەکانەوە هەڵدەواسن، وای وێنا دەکەن هەمیشە لەژیاندا ماون، پاشاکەیان کە دەمرێ بە هەمانشێوە کەوڵی دەکەن و پێستەکەی پڕ دەکەن لە دارو بەرد تا بمێنێتەوە دوای تێپەڕبونی  9 ساڵ 9 مانگ و 9 رۆژ ئینجا دەیهێننە دەرەوە فڕێی دەدەنە ناو دارستان.
ژیانیان لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییە
ئابووری و ژیان و گوزەرانی ئەو گەلە لەسەر کشتوکاڵکردنە، بەزۆری گەنمەشامی لۆکە و قاوە دەچێنن و بە بەرهەمەکانیان دەژین، هەروەها ئاژەڵداریش، گاو مانگاکانی خۆیان خۆشدەوێت و دەیانپارێزن، بەدەست خواردنیان دەدەنێ، لە شیرەکەی دەیان جۆر بەرهەم دروست دەکەن و بگرە پاشەڕۆکەشیان دەخۆن و نایەڵن بەفیڕۆ بڕوات، ئەو گەلە لەم ساڵانەی دواییدا لەپێناو بەردەوامی ژیان بە رووی گەلانی تر کراونەتەوە و بە پشتی گاکانیان بەرهەمەکانیان بۆ شوێنی تر دەگوازنەوە و دەیفرۆشن، بەپارەکەی کەل و پەل و ئازوقەو پێداویستی خۆیانی پێ دەکڕن، زۆر جار ماست و پەنیر و قاوە بە شەکر و ئارد و برنج دەگۆڕنەوە.
یۆنسکۆ
دە ساڵ زیاتر رێکخراوی یۆنسکۆ ئەو ناوچەیەی کردۆتە ناوچەیەکی کەلەپوری و گەشتیاری و چەند تیمێکی بۆ ناردووە، لەوێ دەیان ئەشکەوت و کوخ و پەناگەی دێرینی هەزاران ساڵ لەمەوبەریان دۆزیوەتەوە کە گوزارشت لەژیانی کلاسیکی کۆن و چاخە کۆنەکان دەکەن.
سەرچاوە:  Tripadvisor



 

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان