تەندروستی گۆی زەوی

11:18 - 2023-11-12
دووتوێ
188 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی ئینستوتی « پۆتسدام» ی ئەڵمانی بۆ توێژینەوەی زانستی ژینگە لە تازەترین راپۆرتیدابەناوی «تەندروستی گۆی زەوی»  مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمی قوڵایی زەوی ئاشکرا دەکات و هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر رەوشەکە بەمجۆرە بەردەوام بێت، ئایندەیەکی گەش بۆ مرۆڤایەتی بەدی نایەت.
لەو توێژینەوەیەدا کە گەورە زانایانی ئەڵمانی بەشداریان تێدا کردووە هەشت هۆکاریان دەستنیشان کردووە بۆ پاراستنی ژیان لەسەر زەوی، لەو هەشتە مرۆڤ حەوتیانی پێشێل کردووە، کە بریتین لە ژینگە، کەشوهەوا، ئاوی سەر زەوی، ئاوی ژێر زەوی، نیترۆجین، فوسفۆر، سروشت، پاراستنی ئاسایشی سیستەمی ژینگە، ئەوە سەلمێندراوە مرۆڤ هەموو ئەو هۆکارانە پێشێل دەکات، بەوپێیە لەدوای شۆڕشی پیشەسازییەوە یەک پلە لە گەرمای گۆی زەوی بەرزبۆتەوە و گۆڕان لە کەشوهەوادا دروست بووە، ئاوی سەرزەوی کەمی کردووە و پیسبووە، بەو هۆیەشەوە ژیانی کۆمەڵگەکان خراپ بووە.
«یۆهان رۆکسترۆم» بەڕێوەبەری پەیمانگە و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ئەو پیشێلکارییە دەستکردەی مرۆڤە و زیانی زۆری گەیاندووە لە مردن و برسی و تینوێتی و روودانی لافاو و زریان و کارەساتی سروشتی کە جگە لە زیانی گیانی زیانی ئابووری زەبەللاحیشی بەرکەوتووە، ئەو زانایانە دەڵێن لە هەر کونجێکی ئەو جیهانەدا ژیان لەسەر زەوی سەلامەتی تێدا نەماوە و هەر کاتێک کارەساتێکی سروشتی لە ئەنجامی ئەو پیشێلکاریانەدا رووبدات ئاساییە، ئەو دۆسیە یە نە لەسەر ئاستی حکومەتەکان و نە لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵگەکانیش رەچاوی ئەو مەترسییانە ناکرێت کە بەهۆیەوە مرۆڤایەتی تووشی مەترسییەکان دەبێتەوە.
سەرچاوە: گۆڤاری Natura

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان