راپۆرتی: ئەیاز هەركی
لە ماوەی رابردوودا تیمێكی شوێنەوارناسیی فەرەنسی گای باڵداریان لە شوێنی شوێنەواری ئاشورییەكانی گوندی خۆرسیبات لە دەشتی نەینەوا كە پایتەختی پێشووی ئاشورییەكان بووە دۆزییەوە، لە ساڵانی نەوەدەكاندا هەوڵی دزینی گای باڵدار لەم شوێنەوارە درا، بەڵام شكستیانهێنا و سەریان بڕی و هەوڵیاندا بە قاچاخ بیبەنە دەرەوەی عیراق، دواتر دەستگیركران و کەللەکەیان گەڕاندەوە بۆ مۆزەخانەی نیشتمانی عیراق، بەڵام پەیكەری گای باڵدار لە شوێنی خۆیدا ماوەتەوە تا ئەمساڵ جارێكی تر لەلایەن تیمێكی شوێنەواری فەرەنسییەوە هەڵكەندرا، تیمی شوێنەواری فەرەنسی بە میدیاكانیان راگەیاند: پەیكەرەكە سێ مەترە و كێشی 10 تۆنە و لە بەردی سپی دروستكراوە، ئاماژەیان بەوەشكردووە گای باڵدار دەكەوێتە دەروازەی سەرەكی كۆشكی شاهانەی پاشای ئاشوری لە خۆرسیبات كە شوێنی حوكمڕانی دەوڵەتی ئاشورییەكان بووە لە سەدەی حەوتەمی پێش زایین، پەیكەرەكە رەنگ و شێوازە رەسەنەكەی خۆی پاراستووە.
یەکەمجار ساڵی 1993 دۆزراوەتەوە
نەبیل نورەدین پسپۆری شارستانیەتی ئاشوری رایگەیاندووە، گای باڵدار لە شوێنەواری خۆرسیبات لە ساڵی 1993 لەلایەن تیمێكی هەڵكۆڵینی شوێنەواری عیراق بە سەرپەرشتی دكتۆر محەمەد سوبحی دلێمی لە خۆرسیبات دۆزرایەوە، پاشان بەشێوەیەكی رێكوپێك بە خۆڵ دادەپۆشرێت بە مەبەستی ئاوەدانكردنەوەی شارەكە وەك شوێنێكی شایستە بۆ گەشتیاری، كە پێشتر پایتەختی ئاشورییەكان بووە، بەڵام بەهۆی كاریگەرییە ئابوورییەكان و گەمارۆدانی ئەو كاتەی سەر عیراق پڕۆژەكە جێبەجێ نەكراوە.
خۆرسیبات گوندێكه دەكەوێتە نێوان ناحیەی باشیك و سەنتەری شاری موسڵ، نزیكەی 10 كیلۆمەتر لە باكووری شارەكەوە دوورە و زۆربەی دانیشتوانەكەی شەبەكی سونە مەزهەبن، ئەو گوندە بەناوبانگە بەوەی پایتەختی دەوڵەتی ئاشوری بووە لە پێش زایین، لە سەردەمی سارگۆنی دووەم پاشای ئیمپراتۆریەتی ئاشوری كە یەكێك بووە لە بەهێزترین ئیمپراتۆریەتەكان لە مێژوودا حوكمڕانی لە ناوچەیەكی بەرفراوانی خۆڕهەڵاتی ناوەڕاستدا كردووە، هەروەها شاری شوێنەواری گوندی خۆرسیبات بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1842 لەلایەن كونسوڵی فەرەنساوە لە موسل كاری لەسەر كراوە. دیارترین شوێنەوارەکانی ئەو پارێزگایە
دیارترین شوێنەوارەكانی پارێزگاری نەینەوا، بریتین لە نەمرود و حەزەر لە پشت موسڵ، گردی موسڵو، شورەی دەوروبەری موسڵ، گردی تەوبە كە مزگەوتی پێغەمبەر یونسی لەسەرە لە ناو شاری موسڵ لە ساڵی 2014 خەلافەتی داعش دەستی بەسەر موسڵدا گرت و تەقاندییەوە و شوێنەوارەكانی ژێرگردەكەیان تاڵان كرد، لەگەڵ چەند شوێنێكی تر، وەك شوێنەواری خۆرسیبات كە شارێكی ئاشوری كۆنە و تەواوی شارەكە لە ژێر زەویدایە، هەروەها دێرمارمەتی لە بناری چیای مەقلوب و دێركۆخ و دێررەبان هورمز لە ئەلقوش و چەندین شوێنەواری دیكە كە پێگەیەكی تایبەتیان هەیە لە مێژووی شارستانیەتی جیهانیدا.
هاوكات دانیشتوانی رەسەنی میزۆپۆتامیای كۆن لە بواری دەستیی و پەیكەرسازیدا داهێنەر و بلیمەت بوون، ئەم شارستانییەتە زیاتر لە شەش هەزار ساڵ پێش زایین حوكمڕانی جیهانی كردووە، میزۆپۆتامیا واتە وڵاتی نێوان دوو رووبار دیجلە و فورات، گەلانی وەك كورد و ئاشوری و بابلی و ئەكەدی لەو وڵاتەدا دەژیان و نیشتمان و شارستانیەتی تایبەت بە خۆیان هەبووە، لە پێش زاییندا نەینەوا ناوەندی سەرەكی بڕیاردانی ئاشورییەكان بووە، هەروەها شوێنێكی ستراتیژی و شارستانیەتێكی مێژووییە لە خۆڕهەڵاتی ناوەڕاست و میزۆپۆتامیادا.