كۆڕبەندی ساڵانەی گەنجانی كوردستان

09:44 - 2023-11-13
ڕاپۆرت
322 جار خوێندراوەتەوە
گەنجان پێویستیان بە ئاڕاستەكردنە

پ.ی.د. یادگار عەلی*


هەفتەی رابردوو لە شاری سلێمانی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمەڵێك گەنجی بەتوانا و كارسازی كورد كۆبووەوە و رایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا، کۆڕبەندێکی ساڵانەی نێودەوڵەتی داهێنان و کارسازی بۆ گەنجانی کوردستان لەشاری سلێمانی دەکەن. 
كۆكردنەوەی گەنجانی كارساز و بەتوانا لە بوارە جیاجیاكان و دەستگیرۆیی كردنیان كارێكی ئێجگار گرنگە، بەتایبەت بۆ هەرێمی كوردستان، سەرباری ئەوەی زۆرینەی دانیشتوانەكەی لە توێژی گەنجان پێكهاتووە، بەڵام تائێستا سوودی پێویست لە تواناكانیان وەرنەگیراوە و لایەنی كارسازی و بەهرەمەندییان پێویستی زۆری بە پەرەپێدان و ئاڕاستەكردن هەیە.
هەرێمی كوردستان لە نۆ ساڵی رابردوودا بەهۆكاری قەیرانی دارایی، دەركەوتنی پەتای كۆرۆنا، شەڕی تیرۆریستانی داعش، ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق و خراپ بەڕێوەبردنی توانا مادی و مرۆیی ساڵ دوای ساڵ رێژەی بێكاریی و هەژاری و نزمبوونەوەی ئاستی گوزەرانی خەڵكی بەرەوهەڵكشانی گەورە رۆیشتووە.
سەدان هەزار دەرچووی بەتوانا و لێهاتووی زانكۆكان هەموویان لە توێژی گەنجان پێكهاتوون، بە بێكاری ماونەتەوە و دەیان و سەدان توانا و كارامەیی و پسپۆڕی جیاوازیان تێدایە، ئەگەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت، بێگومان دەتوانن خزمەتی گەورە بەخۆیان و دەوروبەرەكانیان بكەن. بۆیە هەر هەنگاوێك بۆ كۆكردنەوە و گفتوگۆ و پشتیوانی گەنجان، كە داینەمۆی كۆمەڵگەن جێگەی دەستخۆشی و پاڵپشتییە.

كۆڕبەندی گەنجان بكرێت  بە نەریتێكی ساڵانە
زۆر گرنگە كۆڕبەندی گەنجانی كوردستان بكرێت بە نەریتێكی ساڵانە و سەرەتا لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان بکرێت و هەڵسەنگاندنی وردی بۆ بكرێت، پاشان بۆ ساڵانی دواتر گەنجانی كورد لە پارچەكانی تری كوردستان و دەرەوەی وڵاتیش لەسەر بنەمای توانای راستەقینە و كارسازیی و شوێن دەستیان لە بوارێك لە بوارە زیندووەكانی ژیانی كۆمەڵگە بانگهێشت و میوانداریی بكرێن.
هەڵبژاردنی شاری سلێمانی بۆ کردنی ئەو رووداوە گەورەیە، بژاردەیەكی دروستە و سلێمانی لە پاڵ رووە جوان و زیندووەكەی لە بواری نوێگەری و رۆشنبیری، دەبێت بە مەڵبەندێكی گرنگیش بۆ كۆكردنەوەی گەنجانی كورد لەپێناو پتەوكردنی كەلتوری گفتوگۆ و تاوتوێی پرسەكانی پەیوەست بە كار و گەشەپێدان، بەو هەنگاوە سلێمانی بۆ ئەمساڵ پەیامی كار و ژیان بە هەموو هەرێمی كوردستان و بۆ ساڵانی داهاتووش بە هەموو كورد و كوردستان دەدات.
بەدڵنیاییەوە سەركەوتنی ئەو كۆڕبەندە و بەردەوامی كارەكانی، دەرفەت و شانازی گرنگ بە سلێمانی دەدات و دەرگای ئەوەی بۆ دەكاتەوە، ئەو دەستپێشخەریەی لەلایەن لیژنەی گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان بە رەسمی، وەك سەكۆیەكی نێودەوڵەتی بۆ گفتوگۆی گەنجان بناسێنرێت.

مینبەرێك بۆ دەرخستنی ئاڵنگارییەکان
دەكرێت كۆڕبەندی سلێمانی بكرێت بە پیشانگەیەكی نێودەوڵەتی بۆ گەنجان، لە رێگەیەوە گوزارشت لە بۆچوونەكانیان بۆ كار و گەشەپێدان بكەن، پێشنیاز و دەستپێشخەرییەكانیان رابگەیەنن، بانگهێشتی زۆرترین لە سەركردە و كەسایەتییە كاریگەرەكان لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بكرێت، سەرمایەداران و خاوەنكارەكان بەشدارییان پێبكرێت، چالاكییەكە بكرێت بە دەرفەتێكی گرنگ بۆ بەیەكگەیشتنی ئەوان و گەنجانی خاوەن بیرۆكە، داهێنان، ئەوانەی دەتوانن بە ئیرادە و بەرنامەكانیان، گۆڕانكاری لە نەخشەی ئەمڕۆ و سبەی كار و رووداوەكان بكەن.
دەیان پرس و بابەتی گرنگ هاتووەتەپێش، گەنجان دەتوانن توانا و كارامەیی خۆیانی تێدا تاقیبكەنەوە، هەر لە كارامەیی و كارسازی تایبەت بەبواری تەكنەلۆژیا تادەگات بە زیرەكی دەستكرد، ئاسایشی خۆراك، دۆسیەی ژینگە و كەشوهەوا، رۆڵی ژنان لە كۆمەڵگەی ژمارەیی. هەروەها تێكشكاندنی ئاڵنگارییەكانی بەردەم داهێنان لە سەردەمی شۆڕشی چوارەمی پیشەسازیی و رەخساندنی بوار بۆ بەرجەستەكردنی گەشەپێدانی كارامەییە پیشەییەكان لە بواری كار و بازرگانی.
كۆڕبەندی سلێمانی بۆ گەنجان دەتوانێت ببێت بە مینبەرێك بۆ دەرخستنی ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی بازاڕی كاری هەرێمی كوردستان بووەتەوە لە روانگەی گەنجان. وەك چۆن دەتوانێت دەرفەتی باش بۆ بەشداری گەنجان لە ئەڵقەكانی گفتوگۆ و وۆركشۆپەكانی كۆڕبەندەكە بڕەخسێنێت. ئەوە سەرباری ئەوەی دەرفەت بە گەنجان دەدات ئەو بیرۆكانەی، هەیانبووە، لەمیانەی چالاكییە لاوەكیەكانی كۆڕبەندەكە پێشكەشی بكەن و فەند و پشتیوانی دارایی بۆ بدۆزنەوە.

پێوەری تایبەت بۆ هەڵبژاردنی كەسایەتییەكان
دەشێت لە كۆڕبەندی گەنجان میوانداری خاوەن عەقڵە گەنجەكان، خاوەن توانا دەگمەن و سەركەوتووەكان لە بوارە جیاجیاكانی كار و بازاڕ بكرێت، دەرفەتێكی زێڕین بێت بۆ ئاشنابوونی گەنجە خاوەن توانا و كارامەییەكانمان بە ئەزموونی ئەوان و ببن بەڕێبەرییەكی باش و ئاڕاستەكارێكی گرنگ و بەسوود بۆیان.
گرنگە كۆڕبەندی گەنجانی كوردستان پێوەری تایبەتی خۆی بۆ هەڵبژاردنی كەسایەتییە كاریگەرەكان و گەنجە وریا و هۆشیارەكان لە هەرێمی كوردستان هەبێت. ئەوەی تایبەت بێت بە گەنجان ئەوانەبن خاوەنی ئەزموونی بەهێزی پیشەیی، زانستی و خودی پەیوەست بە بابەتەكانی كارنامەی كۆڕبەندەكە بن، هەروەها گرنگە خاوەن بیرۆكە و ئامانجی كردەیی بۆ كەمكردنەوەی كێشەی بێكاریی و رەخساندنی دەرفەتی كاربن.
گەنجانی بەشدار لە میانی كۆڕبەندی گەنجانی كوردستان دەشێت، وەك: ئەندامی گرووپ، یان بەشدار بە چالاكییەكی زیرەك، پێشكەشكردنی سیمینار یاخود وۆركشۆپێكی تایبەت بەبابەتی كۆڕبەند بەشداربن. هەروەها گرنگە لیژنەیەكی پسپۆڕ هەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی داواكاری بەشداربوون، بیرۆكە، پڕۆژەكان، سیڤی خوازیاران و هۆكاری ئارەزومەندییان بۆ بەشداربوون لە كۆڕبەند و ..هتد.
دەكرێت كۆڕبەندی گەنجان دەستپێكی بیركردنەوە بێت بۆ دروستكردنی كۆمەڵگەی پسپۆڕی جیاجیا بۆ چالاكییەكانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری لە بوارەكانی پیشەسازیی، كشتوكاڵ، گەشتوگوزار و ..هتد، بەوجۆرەی حكومەت و كەرتی تایبەت پێكەوە گەنجانی خاوەن توانا و كارامەییان بۆ كاركردن لەو كۆمەڵگانە پێویست بێت. هەروەها سەرەتایەكیش بێت بۆ گۆڕانكاری ریشەیی لە پڕۆگرامەكانی خوێندن و گونجاندنیان لەگەڵ بازاڕی كار و پێگەیاندنی كادیری ئامادە بۆ بازاڕی كاری هەرێمی كوردستان. 
گرنگە كۆڕبەند دەرفەتی یەكسان لە بەردەم هەردوو رەگەز بەتایبەت بۆ كچان بڕەخسێنێت و هەموو پسپۆڕییە جیاوازەكان  و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانیش لەبیر نەكات.

*مامۆستا لە زانكۆی گەرمیان

بابەتە پەیوەندیدارەکان