كۆمار عه‌لی
كتێبێك، سه‌ربورده‌ی ته‌مه‌نی 31 ساڵه‌ی به‌رده‌وامی به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنی ده‌گێڕێته‌وه، كه له‌وه‌ته‌ی ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی كوردستان هه‌یه، ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ش هه‌یه و یه‌كێكه له‌و به‌رنامه ته‌له‌فزیۆنیانه‌ی كه جه‌ماوه‌ر و بینه‌ری تایبه‌تی خۆی هه‌یه. كتێبه‌كه، ناوی (دڵشاد ئه‌حمه‌د، سه‌ربورده‌ی به‌رنامه 31 ساڵییه‌كه‌ی ده‌گێڕێته‌وه)، كه پێكهاتووه له چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌وانی كه نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس ستران عه‌بدوڵڵا له‌گه‌ڵ دڵشاد ئه‌حمه‌د-ی ساز كردووه.
له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا، كه له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووس و چاودێری سیاسی و به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووتری ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی كوردستان شوان كه‌ریم كابان-ه‌وه نووسراوه، له‌باره‌ی به‌رنامه‌كه‌ی دڵشاد ئه‌حمه‌د به‌ناوی (ژیانه‌وه‌ی كوردستان) ده‌ڵێت: به‌رنامه‌ی ژیانه‌وه‌ی كوردستان، به هه‌وراز و نشێودا تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام به‌هیمه‌تی كاك دڵشاد و ستافه‌كه‌ی قۆناغی باشی بڕیووه‌و یه‌كێكه له‌و به‌رنامانه‌ی جێی خۆی له دڵی بینه‌ردا هه‌یه. كاك دڵشاد ئه‌حمه‌د له‌به‌رنامه‌كه‌یدا جگه له پێدانی زانیاری زۆر و زه‌وه‌ند له‌سه‌ر جوگرافیا و مێژووی گوند و دێهات و ناوچه‌كانی كوردستان و تاوانه‌كانی رژێمه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی عیراق ده‌رهه‌ق به خه‌ڵكی كوردستان، له هه‌مان كاتیش‌دا هه‌میشه جه‌خت له خۆشه‌ویستی نیشتمان و به‌رزی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی ده‌كاته‌وه. فرسه‌تێكی باشه به بیانووی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م دیداره به‌نده پێشنیازی ئه‌وه بكه‌م، ده‌قی به‌رنامه‌كانی ژیانه‌وه‌ی كوردستان بكرێته كتێبێك هه‌ر به‌و ناوه‌وه بۆ سوود وه‌رگرتن له‌و هه‌موو زانیارییه جۆراوجۆرانه‌ی تیایاندایه.
كتێبه‌كه، له دوو به‌ش پێكهاتووه، به‌شی یه‌كه‌می چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌وانییه له‌گه‌ڵ دڵشاد ئه‌حمه‌د و به‌شی دووه‌میش ئه‌لبومێكی تایبه‌ت وێنه‌ی به‌رنامه‌ی ژیانه‌وه‌ی كوردستانه، بۆیه له پێشه‌كی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا، ستران عه‌بدوڵڵا ده‌ڵێت: ته‌مه‌نی به‌رنامه‌ی ژیانه‌وه‌ی كوردستان له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی ته‌جره‌به‌ی كوردستانی رزگاره، له‌گه‌ڵ ره‌وتێكی نیوچاره‌كه سه‌ده‌یی راگه‌یاندنی كوردستانی ئازاده. به‌رنامه‌كه ئاوێته‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستانی دوای شه‌ڕ و شۆڕ و ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و سوتماتكردنی خاكی وڵات بوو بۆیه گێڕانه‌وه‌ی مێژووی ئه‌و به‌رنامه‌یه هه‌ر گێڕانه‌وه‌ی كارێكی میدیایی نییه، به‌ڵكو گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی سه‌ركه‌وتن و شكسته‌كانی بوژاندنه‌وه‌یه.
كتێبه‌كه، له بڵاوكراوه‌كانی مه‌كته‌بی راگه‌یاندن و هۆشیارییه و له چاپخانه‌ی حه‌مدی له سلێمانی چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه.