هاوڕێم بە، بەڵام هاوڕێیەکی باش

11:44 - 2023-11-19
دووتوێ
228 جار خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی


لە رادیۆکەوە گۆرانی «کن صدیقی-هاوڕێم بە» ی ماجیدە رۆمی پەخش دەکرا کە شیعری شاعیری کوێتی سوعاد سەباحە، دایکەش مانای گۆرانییەکەی بۆ کچەکەی لێکدەدایەوە بەوەی پیاوی رۆژهەڵاتی هاوڕێیەتی نازانێت تەنیا رۆڵی پاڵەوانیان وەک خۆشەویست و هاوسەر لە ژن دەوێت، پاشان بە زۆرزانییەوە لە کچە هەرزەکارەکەی پرسی کاتێک بە جۆش و خرۆشەوە باسی رۆژەکەی خۆی دەکرد لە خوێندنگە ئایا هیچ کام لە کوڕەکان هاوڕێتان نین؟ ئێستا هاوڕێیەتی نێوان کچ و کوڕ هەیە؟ ئەو پرسیارە ئەزەلییەی هەمیشە و لەو هەموو سەردەمێکدا دووبارە دەکرێتەوە رەنگە لەو ساتەوەی وشەی هاوڕێیەتی دانراوە و پێناسە بۆ ئەو جۆرە پەیوەندییە کراوە ئەو پرسیارە دروست بووبێت، ئەویش بە زەردەخەنەیەکەوە وتی: ئینجا دایە کوڕ کوا هاوڕێیەتی دەزانێ هەر کامێک لە کوڕەکان بە ناوی هاوڕێوە لە هەر کچێک نزیکبنەوە ئەوە مەبەستێکی دیکەیان هەیە!
دوای ئەوەی دایکە شۆک بەری دا وتی: وامزانی لەم سەردەمەدا دنیا و پەیوەندییەکان بەجۆرێک گۆڕاون دەکرێت هاوڕێیەتی نێوان کچ و کوڕ هەبێت، لە سەردەمی ئێمەدا تا تەمەنێک پێکەوە بووین و هاوڕێ بووین لەگەڵ کوڕەکان بەس دوای ئەو تەمەنە جیادەکراینەوە کاتێک یەکمان دەگرتەوە هەموو شتێک گۆڕابوو.
ئەویش وتی: ئێ وایە هەرچەندە ئێمە لە هەموو قۆناغەکاندا پێکەوەین، بەڵام لەدوای ئەو تەمەنەوە هەموو شتێک دەگۆڕێت ئیتر هەستدەکەیت ناتوانیت وەک جاران هاوڕێیان بیت.

ناتوانن هاوڕێ بن
هەر لەو بارەیەوە نووسەر و میدیاکاری ئەمریکی بەناوبانگ ستیڤ هارڤی جارێکیان لە بەرنامەکەیدا یەکێک لە ئامادەبوان ئەو پرسیارەی لێکرد ئەویش لە وەڵامدا وتی: «پیاو ئەوەندە هاوڕێتە تا چاوەڕێی هەلێک دەکات ببێتە خۆشەویست و شتێکی دیکە، درۆیە پیاوان ناتوانن هاوڕێی ژنان بن» ئەم نموونانە لە هەموو سەردەم و کۆمەڵگەیەکدا بە جیاوازی کەلتور و ئاستی رۆشنبیری وەک یەکە و بۆمان دووپاتدەکاتەوە ژن و پیاو ناتوانن هاوڕێ بن، رەنگە لەخۆمان بپرسین بۆچی؟ زۆر بە سادەیی لەبەرئەوەی مرۆڤ غەریزەکانی پاڵنەرێتی و بەو شێوەیە دروست بووە، راستە دەکرێت حاڵەتی شاز هەبێت، بەڵام ئێمە بەگشتگیری باسی دەکەین.

پەیوەندییەکە پتەوتر دەبێت
خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە بەدوای پیاوێکدا مەگەڕێ هاوڕێت بێت، بەڵکو بەدوای خۆشەویستێکدا بگەڕێ بتوانێت هاوڕێشت بێت، چونکە دەکرێت پەیوەندی نێوان ژن و پیاو وەک خۆشەویست و هاوسەر پتەوتر بێت ئەگەر لە هاوڕێیەتییەوە پەرە بستێنێت یان ئەگەر دوو هاوسەر هاوڕێ بن و تەنیا لە چوارچێوەی خۆشەویستی یان ژن و مێردایەتیدا رەفتار نەکەن پەیوەندییەکەیان پتەوتر دەبێت و باشتر لە یەکتری تێدەگەن و ناخی یەک دەخوێننەوە لە خۆشی و ناخۆشیدا دەزانن کەسی بەرامبەر بەچی بێزار دەبێت و بەچی دڵخۆش دەبێت و لە رۆژە سەختەکاندا خەمڕەوێنی یەکتر دەبن، بەڵام لایەنی خراپ بۆ ئەو دۆخە ئەوەیە کاتێک خۆشەویستەکەت یان هاوسەرەکەت هاوڕێشتە لەکاتی شەڕ و ناکۆکیدا زۆر بە خراپی دەتوانن ئازاری یەکتری بدەن و لەکاتی جیابوونەوەشدا تەنیا هاوسەرێک لە دەست نادەیت، بەڵکو هاوڕێیەکیش لە دەست دەدەیت، لەو حاڵەتانەدا ئەو جیابوونەوەیە لەسەر یەکێکیان یان هەردووکیان زۆر بە گران لەسەر دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتیان دەکەوێت، کەواتە دەکرێت بە خۆشەویستەکەت بڵێیت هاوڕێم بە، بەڵام هاوڕێیەکی باش.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان