تیكتۆك بۆمبە تەوقیتكراوەكەی ناو خێزان

11:46 - 2023-11-19
دووتوێ
298 جار خوێندراوەتەوە

ئالان محەمەد جەزا


پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و زوو گەیشتنی بە هاووڵاتیان، ئەگەر بە هۆشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ نەكرێت چەندە سوودی هەیە، دوو ئەوەندە زیان بە كۆمەڵگە دەگەیەنێت. 
لەڕووی كۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە، تیكتۆكیش وەك پلاتفۆرمەكانی دیکەی سۆشیال میدیا بەزوویی چووە ناو كۆمەڵگەی كوردییەوە، گەرچی دەتوانرێت بە شێوەیەكی باش بەكاریبهێنرێت بۆ سوود وەرگرتن لێی، بەڵام بەهۆی خراپ بەكارهێنانییەوە، رۆژبەڕۆژ زیانەكانی لەسەر کۆمەڵگە بەدیدەكرێت. 

هۆشیار کردنەوەی كۆمەڵگە 
یەكێك لەو خاڵە گرنگانەی پێویستە كۆمەڵگەی لێ‌ هۆشیار بكرێتەوە، چۆنێتی بەكارهێنان و مامەڵەكردنە لەگەڵ تۆڕەكانی فەیسبووك و تیكتۆك بەتایبەتی زیاتر ئەو تۆڕانەی لایڤی راستەوخۆیان هەیە، پێویستە لەڕێی دەزگاكانی راگەیاندن و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییەوە گرنگی تەواوی پێبدرێت، گەنجانی لێ‌ هۆشیار بكرێتەوە، دەستبخرێتە سەر زیان و سوودەكانی بەكارهێنەرانی ئەم تۆڕە و بەردەوام كاری لەسەر بكرێت، بەداخەوە لە كۆمەڵگەی كوردیدا ئەم خاڵە گرنگی پێنادرێت هەرئەوەش بۆتە هۆكاری چەندین كارەسات لەناو گەنجاندا. 

تیكتۆك وەك سەرچاوەی پارە پەیداكردن
ئێستا كۆمەڵە كەسانێك كە هەموو چین و توێژیكی تێدایە وەك گەنجان، هونەرمەندان، مامۆستایانی ئاینی بەدیدەكرێن لەناو تۆڕی تیكتۆك بەشێوەیەكی راستەوخۆ (لایڤ) دەكەنەوە بەهۆی هاتنی بڕێك پارە لەڕێی بینەرانییەوە بە شێوەیەكی ئەلیكترۆنی یەكەی باڵانسەوە بۆ ئەو كەسەی پەخشی راستەوخۆكەی كردۆتەوە، ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی بڕێك پارەی دەستبكەوێت دیارە ئەم پەخشە راستەوخۆیانەش زۆرجار بە شێوەیەكی نەشیاو بەكاردێت كە لەپێناوی دەستكەوتنی بڕێك پارەدا بەشێوەیەكی نا تەندروست كەسایەتی مرۆڤەكانی تێدا دەشكێنرێت، مامەڵەی ناشیرین وتەی نەشیاو بەدیدەكرێت. 
لای هەندێك لە کچان و ژنانیش بۆتە سەرچاوەی نمایشكردنی جەستەی خۆیان بۆ دەستكەوتنی چەند سەنتێك، زۆر جار بۆتە شوێنێكی لەشفرۆشی كردن كە ئەمە رێگەپێدراو نییە، هەروەها لەو تۆڕەوە ئامانجەكانی كەسانی پشت پەردە بەكاردەهێنرێت بۆ لێدانی كەسی نەیار.
 ئەم تۆڕە بۆتە هۆی تێكدان و پچڕاندنی  شیرازەی چەندین خێزان و سەرگەردان كردنی زۆرێك لەو گەنجانەی هۆگری ئەم تۆڕەبوون و بەشێوەیەكی تەندروست بەكاریناهێنن. 

چارەسەری و رێگریكردن 
پێویستە حكومەت دەوری سەرەكی ببینێت لە راگرتنی تۆڕی تیكتۆك، ئەویش لەڕێی سانسۆر خستەنەسەری لە هەرێمی كوردستان، گەرچی یاسای خراپ بەكارهینانی ئامێری پەیوەندیمان هەیە لەكوردستان، بەڵام پێویستە ئەو یاسایە هەمواربكرێتەوە و بە شێوەیەكی وا هەمواربكرێتەوە رێگری بكات لە تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگەی كوردی و خێزاندا لەپێناوی دوورخستنەوەی مەترسییەكان لەسەر كۆمەڵگە. پێویستیشە راگەیاندنەكان رۆژانە بەچەند وشەیەكیش بێت رێنمایی بڵاوبكەنەوە و كۆمەڵگە هۆشیاربكەنەوە لە تەندروست بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بە گشتی. 
دەكرێ‌ كۆمەڵگەی كوردیش وەك كۆمەڵگەكانی جیهان ئەم تۆڕە و تۆڕەكانی دیکەی سۆشیال میدیا بەكاربهێنێت بەو شێوەیەی بۆ سوود وەرگرتن بەكاربێت، چونكە ئەگەر بەشێوەیەكی خراپ بەكاربێت سەرئەنجام رۆژێك لە رۆژان كەس و منداڵ و نزیكەكانمان زیانیانیان بەردەكەوێ‌.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان