کاریگەری هەواڵەکانی جەنگ لەسەر مرۆڤ

11:48 - 2023-11-19
دووتوێ
214 جار خوێندراوەتەوە

رۆژانە لە شاشەی تیڤیەکان و سۆشیال میدیادا هەواڵی شەڕ و رووداوی تراژیدی و کوشتار و دەیان کارەساتی تری دەستکردی مرۆڤ دەبینین و دەبیستین و دەخوێنینەوە، لەم رۆژگارەدا ئەو هەواڵە ناخۆشانە وەک لێزمەی باران دادەبارێنە سەرمان و لەناو مێشک و ئەندێشەمان تۆماردەبن، ئەمەش کاریگەری نێگەتیڤ دروست دەکات و زۆر کەس تووشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەکات کە زۆر جار نەخۆشی دەروونیشی لێ دروست دەبێت.

کۆرۆنا ئینجا جەنگ
لە دوو سێ ساڵی رابردوودا ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاسەوارێکی خراپی بەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەجێهێشت، جگەلەوە زۆر کەسی کوشت، زۆریش تووشی نەخۆشی دەروونی کرد ئێستاش جەنگی (روسیا- ئۆکرانیا) و( ئیسرائیل- فەلەستین) رۆژانە هەواڵ و سەر شاشەی تیڤیەکانی پڕکردووە لە دیمەنی زۆر تراژیدی منداڵ و پیروپەککەوتە و پیسبوونی ژینگە و رژانی رووبارێک لە خوێنی خەڵکی بێتاوان، ئەمانە راستەوخۆ دڵتەنگی و بێزاریان لە هەموو کۆمەڵگە و وڵاتاندا دروست کردووە، ئەو بارە ناهەموارە وایکردووە ترس و دڵەڕاوکێ لای خەڵکی دروست ببێت لە مەترسی روودانی جەنگێکی سەرتاسەری و بۆمبارانکردنی هەر وڵات و ناوچەیەک لەهەر کاتێکدا بێت، بۆیە شارەزایانی دەروونناسی هەندێ رێنمایی دەدەنە هاووڵاتیان تا ئاسەوارە خراپەکانی ئەو هەواڵانە کەمبکەنەوە.

کەمکردنەوەی بینینی دیمەنەکان
ئەو شارەزایانە داوادەکەن هاووڵاتیان کاتێکی کەمتر بۆ بینین و بیستنی هەواڵەکان تەرخان بکەن و زۆر بەدوای سەرچاوەکاندا نەگەڕێن، هەوڵ بدەن تەنها سەرەقەڵەمێک وەرگرن و نەچنە ناو درێژەی باسەکانەوە و بەدیار دیمەنی قوربانیانی شەڕ دانەنیشن، خۆ دوورگرتن لە دیمەنە تراژیدی و ترسناکەکان مرۆڤ ئاسودەتر دەکات، هەروەها پشت نەبەستن بە هەواڵەکانی سۆشیال میدیا، چونکە زۆرجار راستگۆییان تێدا نییە و بۆ ناشیرین کردن و ناوزڕاندنی دوژمنەکانیان گرتەی ڤیدیۆیی مۆنتاژ و بەرهەمدەهێنن دوورن لە هەموو بەها مرۆییەکان.

خوێندنەوە
وەک دیارە 80 ٪ ی کاردانەوەکانی مێشک لە ئەنجامی ئاماژەکانی چاوە وە دروست دەبێت، بۆیە بینینی دیمەنی ترسناک کاری خراپ دەکاتە سەر مێشک و سەری لێتێکدەچێت، بۆیە ئەوان دەڵێن باشتر وایە کاتەکان زیاتر بە خوێندنەوە و فلیمی سەنگین و کات بەسەربردن لەگەڵ کەسانی نزیک بدرێت لەوەی سەیری هەواڵەکانی تەلەفزیۆن بکرێت.
بایەخدان بە خود
پسپۆڕان پێیان وایە کاتێک مرۆڤ ئەو هەواڵە ناخۆشانە دەبیستێت تاقەتی نامێنێت و دەست لەخۆی بەردەدات، بگرە لەزەتی ژەمە خواردنەکانیشی کەمتر دەبێتەوە و تەمبەڵتر لە ئاسایی رەفتار دەکات، بۆیە ئامۆژگاریمان دەکەن زیاتر بایەخ بە جەستەی خۆمان بدەین لە راگرتنی سیستەمی خۆراک و وەرزش کردن و گەشت بینینی خۆشەویستانمان، هەروەها گوێگرتن لە میوزیک و بەشداری لە چالاکی هونەری ئەمانە وادەکەن دیمەنە تراژیدییەکان دابپۆشن و زۆر لە کارەساتەکان لەبیربکەین.

سەرچاوە: www. juliusbaer.com

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان