گەڵای مۆز دەکەنە سفرە و قاپی نانخواردن

11:49 - 2023-11-19
دووتوێ
234 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەیەک گەل و وڵاتانی ئاسیایی لە ژەمەکانی ناخواردندا گەڵای درەختی مۆز دەکەنە سفرە و قاپ و خواردنەکانی لەسەر دادەنێن، ئەم کلتورە ئەندەنوسی  و هیندی و فلیپینی و مالیزییەکان پەیڕەوی دەکەن، جگەلە دیمەنە جوانەکەی، لەکاتی فڕێدانیدا ژینگە پیس ناکات و لەناو خاک دەبێتەوە بە پەینێکی بەسود، هەروەها دەرکەوتووە ئەو گەڵایە خواردەمەنی و چێشت لە بەکتریا دەپارێزێت و تامێکی خۆشیشی پێ دەبەخشێت.

دژە شێرپەنجەیە
میللەتانی ئەو وڵاتانە تائێستاش ئەو کلتورەیان پاراستووە دەزانن ئەو گەڵایە رێژەیەکی باش لەو مادەیەی تێدایە کە لەناو چای سەوزدا هەیەو پێیدەڵین پۆلیفینۆل، ئەو دژە ئۆکسانە بۆ جەستەی مرۆڤ زۆر بەسودە و دژی هەوکردن و خانەشێرپەنجەییەکان و نەخۆشیەکانی دڵە، هۆکارێکی تریش وایکردووە ئەو گەڵایە زۆر بەکاربێت ئەوەیە گەڵاکە پانە و بەشی سفرەی دوو سێ کەس دەکات، دەشتوانرێت پارچە پارچە بکرێ و ببڕدرێت تا وەک ئەلەمنیۆمی کاغەزی ئێستا خواردنی تێدا لول بدرێ و پێشکەشی کڕیار بکرێت.

تۆز و خۆڵ و پیسی هەڵناگرێت
هەروەها رەنگەکەشی جوان و سەرنجڕاکێشە، هەورەها پاککردنەوەشی ئاسانە و دەکرێت دوو سێ جار بەکاربهێندرێتەوە ئینجا فڕێبدرێت، سیفەتێکی تریشی هەیە کە هەرگیز ئاو دانادات واتە دەتوانرێت خواردنی شلی تێبکرێت، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە ئەو گەڵایە لەو وڵاتانە نرخەکەی زۆر لەچاو قاپ و قاچاخی سەفەری و پلاستیک و جۆرەکانی زۆر هەرزانترە و فرۆشتنی بە کۆیەو زۆر هەرزانتر لەسەر دوکاندار و خاوەن چێشتخانەکان دەکەوێت، زانستی تازە دەریخستووە ئەو میللەتانە لە خۆڕا هەر لەکۆنەوە ئەو گەڵایەیان بەکارنەهێناوە و  درکیان بە سودەکانی کردووە، ئێستا زۆر لەکۆمپانیاکانی دروستکردنی داو و دەرمانیش ئەو گەڵایە وەک مادەی سەرەتایی بەکاردێنن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان سودی لێ وەردەگرن.

کیسەی لێ دروست دەکرێت
ئێستا لە تایلاند کۆکردنەوە و چاککردن و عەمبارکردن و کڕین و فرۆشتنی ئەو گەڵایە بۆتە کەرتێکی ئابووری گرنگ، چونکە لەپێناو پاراستنی ژینگەدا ژمارەیەک کۆمپانیای تایبەتی بۆ دروستکراوە لەجیاتی مادەی پلاستیک بۆ پێچانەوە و هەڵگرتن و پێشکەشکردنی خواردەمەنییەکان لە چێشتخانەو بازاڕەکاندائەم گەڵایەن دەکرێت بە کیسە، چونکە ئەو وڵاتە پێشتر ساڵانە ملیۆنێک تۆن لە مادەی پلاستیکی بەرهەم دەهێنا و ئێستا بەهۆی ئەو گەڵایەوە نیوەیان کەمکردۆتەوە.

سەرچاوە: Merkur.de

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان