قاوە بەناوبانگترین خواردنەوەی دنیایە

11:52 - 2023-11-19
دووتوێ
273 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دڵان سامان
قاوە بەناوبانگترین خواردنەوەیە لە دنیادا، زۆربەمان حەزمان لەم خواردنەوەیەیە و ساڵانە ملیاران کوپی قاوە دەخورێتەوە بەتایبەت لە وڵاتانی رۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبیدا، هەرچەندە خواردنەوەی قاوە بەشێک نییە لە کەلتوری وڵاتی ئێمە، بەڵام چەند ساڵێکە لەگەڵ کرانەوەی وڵاتەکەمان بەڕووی دنیادا وردە وردە کەلتوری قاوە خواردنەوە بە هەموو جۆرەکانییەوە هاتۆتە نێومانەوە بەتایبەت توێژی گەنجان لەگەڵ زیادبوونی کافێ جۆراوجۆرەکاندا هەوادارانی خواردنەوەی قاوە زیادیان کردووە.

قاوە بەتاڵی دەخورێتەوە
ئامادەکردنی قاوە سەلیقە و لێزانینی دەوێت دەبێت بزانین قاوە بەئاوی سارد و بەشێنەیی لێدەنرێت و ئەگەر شەکر بکەیتە قاوەوە وەک ئەوە وایە سووکایەتیت پێکردبێت، چونکە قاوە بە تاڵی دەخورێتەوە، شیرینی پێوە بخۆیت باشترە وەک لەوەی شەکری تێبکەیت، هەروەها زۆر زانیاری بەسوود و سەیرو سەمەرە هەیە رەنگە تا ئێستا لەبارەی قاوەوە نەمانزانیبێت، بۆیە لێرەدا هەندێکیان دەخەینەڕوو:
* مێژووی قاوە دەگەڕێتەوە بۆ 800 ساڵ پێش زایین، کاتێک لە لایەن هەندێک شوانی بزنەوە لە سەدەی نۆیەمدا دۆزرایەوە، ئاماژە دەکەن بزنەکان گیای قاوەکە دەخۆن و پاشان سەما دەکەن، بۆیە یەکێکیان تاقیدەکاتەوە تەماشا دەکات وزەی پێ دەدات.
*هەرچەندە قاوە بە دانەوێڵە ناودەبرێت، بەڵام لەبنەمادا جۆرێکە لە میوە و بە گێلاسی قاوە ناسراوە.
*لەگەڵ ئەوەی بەرازیل زۆرترین بڕی قاوە بەرهەمدەهێنێت و قاوەی سێ یەکی جیهان دەستەبەر دەکات بەدوایدا ڤێتنام و کۆڵۆمبیا دێت، بەڵام فینلەندا زۆرترین قاوە بەکاردەهێنێت هەر تاکێکی فینلەندی مانگانە 12 کگم قاوە دەخواتەوە کە بەرامبەرە بە 1680 کوپ قاوە لە ساڵێکدا. 
* هاوکات هەر قاوە یارمەتی بەرازیلی دا بەشداری یارییەکانی ئۆڵۆمپی ساڵی 1932 بکات، لەبەرئەوەی ئیتر پارەی هەبوو یاریزانەکانی بنێرێت بۆ یارییەکان لەڕێگەی سپۆنسەرکردنی گەشتەکەیانەوە لەڕێی فرۆشتنی قاوە وە، بەجۆرێک ئەو کەشتییەی دەنکەقاوەکانی هەڵگرتبوو بۆ فرۆشتنیان لە کالیفۆرنیای ئەمریکا یاریزانەکانیشی هەڵگرتبوو. 
*دوو جۆر قاوە هەیە وەک خواردنەوەیەکی خۆش دەخورێتەوە قاوەی رۆبوستا و ئەرابیکا، بەڵام قاوەی ئەرابیکا زیاتر خواستی لەسەرە، چونکە تامی خۆشترە و ترشییەکەی کەمترە وەک لە قاوەی روبوستا کە تاڵ و ترشە.
* هەرچەندە بەریتانییەکان بە خواردنەوەی چا ناسراون، بەڵام رەنگە پێت سەیر بێت بزانیت بەریتانیا بە تەنیا رۆژانە 95 ملیۆن کوپ قاوەی تێدا دەخورێتەوە.
*چەند جارێک لە مێژوودا هەوڵدراوە خواردنەوەی قاوە قەدەغەبکرێت، بۆ نموونە لەسەدەی هەژدەدا حکومەتەکان هەوڵیاندا قەدەغەی بکەن بە بیانووی ئەوەی هانی بیرکردنەوەی رادیکالی دەدات و بەڕاستی لە ساڵی 1746 دا لە سوید قەدەغە کرا.
*گرانترین قاوە لە دنیادا جۆری قاوەی کوبی لواک-ە کە نزیکەی یەک کیلۆی 600 دۆلار دەکەوێت بنەچەی ئەو جۆرە قاوەیە ئەندەنوسیایە، دەنکەکانی دەبرژێنرێت دوای ئەوەی پشیلەی جۆری زباد باشترین جۆری دەنکە قاوەکان دەخوات و دوای هەرسکردنی کاتێک بەشێوەیەکی سروشتی ترشاوە دەیبرژێنن ئەوەش تامێکی تایبەتی دەداتێ، ئایا دوای زانینی ئەو راستییە ئامادەی کوپێک لەو جۆرە تاقیبکەیتەوە!

سوودەکانی خواردنەوەی قاوە
-چالاکی لەش زیاد دەکات بەهۆی ئەوەی مادەی کافایینی تێدایە، بۆیە بۆ یاریزانان بەسوودە پێش یاری کوپێک قاوەی تاڵ بخۆنەوە.
-دژە ئۆکسانی تێدایە، بۆیە بە دژە شێرپەنجە دادەنرێت.
 -مێشک چالاک دەکات و دژە سەر ئێشەیە.
-رێژەی شەکر لە خوێندا دادەبەزێنێت، بۆیە یارمەتی لەدەستدانی کێش دەکات.

زیانەکانی 
بەڵام لەگەڵ سوودە زۆرەکانی خواردنەوەی قاوە، ئەگەر زیادەڕەوی تێدا بکرێت زیانی هەیە، چونکە کافایینی تێدایە زۆرخواردنەوەی قاوە ئالوودەت دەکات، هاوکات بۆ منداڵ گونجاو نییە.
هەروەها زۆر خواردنەوەی دەبێتە هۆی زیادبوونی دڵەڕاوکێ و قەلەقی، فشەڵبوونی ئێسک، بۆ نەخۆشانی شەکرە زۆر خواردنەوەی خراپە، دەبێتە هۆی سکچوون، دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ بەهۆی ئەوەی چەوری بەرزە و کۆڵسترۆل بەرزدەکاتەوە، فشاری خوێن بەرزدەکاتەوە بۆ ئەوانەی بەرزە پەستانی دڵیان هەیە زۆر خواردنەوەی خراپە.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان