پەیامی مەکتەبی سیاسی بۆ رۆژی شەهیدی یەکێتی

11:05 - 2023-11-20
کوردستان
595 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی 21ی 11، رۆژی شەهیدی یەکێتی، رۆژی شایەتیی یەکێتییە لەسەر خەباتی نەپساوەی گەلەکەمان لەڕێی مافی چارەنووسدا.
رۆژی رێبازی (کەم بژی و کەڵ بژی)یە کە سەردەقشکێنانی شەهادەت؛ خاڵە شیهاب، جەعفەر و ئەنوەر مۆری یەکێتیانەیان لێ دا و لەم کاروانە دوور و درێژەدا سەرکردە، فەرماندە، پێشمەرگە قارەمانەکانی سەنگەری نەبەردی لە شاخە سەرکەشەکان، تێکۆشەرانی زیندان و رێکخستنە نهێنییەکانی شۆڕشی نوێ و شەهیدانی راپەڕین و رزگاری و بەرەنگاری تیرۆر و تۆقاندن و ستەمی هەمەچەشنی دوژمنان گیانبازییان نواندووە و بەخوێن بوونەتە شەهید و شایەتی ئەم داستانە دوور و درێژە. 
لەو رۆژەوە شار و ئاوایی، رۆژ نییە و ساڵ نییە لە تەقویمی ژیانی نزیکەی پێنج دەیەی خەباتی گەلەکەمان یەکێتی شەهیدی تیا نەدابێت و خەڵاتی ئازادی ئاوێتەی گوڵاڵە سوورەی قوربانیدان نەکردبێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبی شەهیدانە، بەڵام شەهیدخواز نییە، شەهیدپەروەرە، ژیاندۆست و ئایندەخوازە لێ کە کوردایەتی و رزگاری و دیموکراتی خوێنی بوێ قەت درێغی ناکات، ئەگەرچی بژاردەی یەکەمی تێکۆشانی بێوچانی هەمەلایەنەی سیاسی و شارستانی و دیموکراتییە، بەڵام بۆ رزگاری کوردستان هیچی لێ چاو نییە.
لەم رۆژە پیرۆزەشدا هەم خەباتی ئاوەدانی درێژەپێدەدا و هەم بەڵێن و وەفاداری بۆ رێبازی شەهیدانی  بەڵێن و وەفای تاسەرە. هەروا پابەندێتی بە یادگارە شیرینەکانیان کە کەسوکاری شەهیدانن، دووپات دەکاتەوە.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی یەکێتی و شۆڕشی نوێ و تێکڕای شەهیدانی کوردستان.
رۆحی سەرۆکی نەمر سەرۆک مام جەلال شاد و ئاسوودە بێت.
                   
مەکتەبی سیاسیی 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان