بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی هەرێم نزیکەی 800 هەزار تۆنە

10:36 - 2023-11-22
ڕاپۆرت
493 جار خوێندراوەتەوە
هەرێمی كوردستان یەكێك لە باشترین شوێنەکانە بۆ چاندنی گەنم

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

بەهۆی بەپیتی خاك و ئاوی سازگار، هەرێمی كوردستان بە یەكێك لە باشترین شوێنەکان بۆ چاندنی بەرهەمی كشتوكاڵ لە ناوچەكەدا هەژمار دەكرێت یەكێك لەو بەرهەمانەش گەنمە.
ئێستا لە هەرێم رێژەیەكی باش گەنم بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام دەتوانرێت بە دابینكردنی پێداویستی زیاتر بەرهەمەكە زیاتر بكرێت، ماوەی چەند ساڵێكە حكومەتی عیراق بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێم وەردەگرێت ئەوەش وایكردووە تاڕادەیەک جووتیاران متمانەیان زیاتربێت و زەوییەکەیان بە گەنم داچێنن.
حسێن محەمەد سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی جووتیارانی كوردستان رایگەیاند، ئەگەر وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم هاوكاری جووتیاران بكات بەپێدانی پەینی كیمیایی، بنەتۆ و گازوایل بەنرخی پاڵپشتی، ئەوا جووتیاران زیاتر سوودمەند دەبن و هاندەرێکی باش دەبێت بە ئاڕاستەی زیاترکردنی بەرهەمی گەنم وەک ئەوەی ئێستا بنەتۆ و بە ژمارەیەك جووتیار دەدرێت بەتایبەتی ئەوانەی ئامێری ئاوپرژێنی گەورە و بیری ئیتیوازییان هەیە.
وتیشی، خاكی كوردستان هەموو زەوییەكانی بەپیتە بەتایبەت سنووری پارێزگای هەولێر، بەڵام خاوەنەكانیان پێویستیان بە هاوكارییە، چونكە زۆربەی بیرەكانیان وشكبوون و پێویستیان بەنۆژەنكردنەوەیە.
جیاوازی لە وەرگرتنی بڕی گەنم
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا دەرکەوتووە، حكومەتی عیراق لە وەرگرتنی گەنمدا جیاوازی دەكات لەنێوان جووتیارانی هەرێم و ناوچەكانی تری عیراق، ساڵانە لە دۆنمێك زەوی تەنیا 180 تا 300 كیلۆی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم دیاریكردووە، بەڵام بۆ جووتیارانی عیراق بۆ هەر دۆنمێك زەوی یەك تۆن گەنم دانراوە، ئەو رێژەیەی لە جووتیارانی هەرێم وەردەگیرێت زۆر كەمە و بەهۆیەوە ئەمساڵ جووتیارانی هەرێم گەنمێكی زۆریان لەسەر ماوەتەوە و نەیانتوانی رادەستی سایلۆكانی بكەن، بۆیە جووتیاران داوا دەكەن بڕی رێژەی وەرگرتنی گەنمی هەرێم زیاد بكرێت، چونكە ئەو گەنمەی ئاو دەدرێت لە دۆنمێك یەك تۆن بەرهەم دێت و هەندێكجار دەگاتە هەزار و 300 كیلۆ.
پێشتر زیاتر جۆرەکانی گەنمی (رەشگر، قەندەهار) لەلایەن جووتیارانەوە دەچێنران، بەڵام ئێستا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و جۆرەكانی (وای فای، بەرشلۆنە، ئەدەنە، جیهان و عەرەبی) دەچێنرێن.
سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی جووتیارانی كوردستان باسی لەوەکرد، ئێستا ئاوی ژێر زەوی زەوییە كشتوكاڵییەكان زۆركەم بووە و زۆربەی بیرەكان بەتایبەتی جۆری (پایل) وشكبوون و ئەوانی تریش نزیكەی 100  مەتر ئاویان دابەزیوە، بەڵام ئەگەر بێت و پڕۆژەی ئاودێری بكرێت زۆرباشە ئاو لە زێیەكان رابكێشرێت و جووتیارەكان هەر یەكێكیان دەتوانن لەنزیك زەوی خۆیان ئاوەكەی بۆ رابكێشن جگە لەوەش پێویستمان بەدروستكردنی بەنداوە.
بەگوێرەی ئەو ناسنامانەی لە لقی هەولێری یەكێتی جووتیارانی كوردستان هەیە تەنها لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیكەی 37 هەزار جووتیار هەیە و هەر لەو سنوورە نزیكەی ملیۆنێك و 114 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم دەچێنرێت.
پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم
پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم لەدوای ساڵی 2005 ەوە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عیراقەوە دەستی پێکردووە، ئەو ساڵانەی بێ بارانی بێت عیراق هەموو ئەو گەنمەی لە سایلۆكاندا هەیە وەریدەگرێت، بەڵام ئەگەر گەنم زۆربێت بەپێی ئەو زەویانەی جووتیاران چاندویانە بڕی وەرگرتنی گەنمیان بۆ دیاری دەكرێت، ساڵی 2022 بەهۆی وشكەساڵییەوە بەرهەمی گەنم كەم بوو 321 هەزار تۆن لە هەرێم وەرگیراو لەساڵی 2023 حكومەتی عیراق 375 هەزار تۆنیان بۆ هەرێم دیاریكرد، بەڵام بەهۆی پێداگری هەرێم ئەوە بوو بڕەکە زیادکرا بۆ  500 هەزار تۆن گەنم، بۆ سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین 230 هەزار تۆن، هەولێر 145 هەزار تۆن و بۆ پارێزگای دهۆكیش 125 هەزار تۆن  وەرگیران. لەگەڵ ئەوەش بڕێكی زۆر گەنم مایەوە لە سایلۆكان و حكومەتی عیراقیش هی تری وەرنەگرت، بۆیە بە نرخێکی کەمتر بە دوو کۆمپانیای ناوخۆیی فرۆشرانەوە.     
نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق رێكەوتوون بۆ ماوەی 45 رۆژ هەموو جووتیارانی هەرێم بچنە بنكە كشتوكاڵییەكان و ناوی خۆیان بنووسن كە چەند دۆنم زەوی هەیە و دەیكات بە گەنم بۆ ئەوەی هەركاتێك پڕۆسەی گەنم وەرگرتن دەستیپێكرد پشتگیری ئەو كرێكارە بكات ناوی تۆماركردووە و ئەو رێژەیەی بۆیان دیاریكراوە لێیان وەردەگرن.
سەبارەت بە پارەی گەنمی جووتیاران لەلای عیراق نەوزاد شێخ كامیل وتی، پارەی گەنمی ساڵانی 2020 و 2021 و 2022 و 2023 هەمووی وەرگیراوە تەنیا هەندێك پارەی گەنمی 2015 و 2016 ماوە كە خەریكی چارەسەركردنین لەوانەیە كێشەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كاتی خۆی چەكی پارەكانیان لەسایلۆ تۆمارنەكرابێت و هەڵە لە ژمارەكاندا هەیە.
ژمارەی سایلۆکانی هەرێم
نرخی تۆنێك گەنم بۆ ئەمساڵ كە حكومەتی عیراق وەریگرت 850 هەزار دینار بوو و بۆ ساڵی داهاتوو هێشتا دیارینەكراوە، بەڵام لەلایەن وەزارەتەکانی كشتوكاڵ و بازرگانی پێشنیازكراوە نرخەكە زیاتر بكەن، بۆ ئەوەی جووتیار پێویستی بەوە نەبێت بنەتۆ و دەرمانی بۆ دابین بكرێت و خۆی بیكڕێت و پشت بەحكومەت نەبەستێت، لەگەڵ ئەوەش ئەو نرخەی عیراق دایناوە زۆرباشە و لە نرخی بۆرسەی جیهانی باشترە.
نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان دەڵێت، زۆرترین بەرهەمی گەنمی جووتیاران لەمساڵدا بوو كە نزیكەی 800 هەزار تۆن دەخەمڵێنرێت، ئەگەر رێژەی باران بارین زۆربێت و جووتیاران هەموو زەوییەكان داچێنن چاوەڕوانی ئەوە دەكەین بەرهەمی گەنمی هەرێم زیاتر لەیەك ملیۆن تۆن بێت.
لە هەرێمی کوردستان هەشت سایلۆ هەیە سێ سایلۆی تریش دروستكراون و ئامادەن بۆ وەرگرتن كە توانای وەرگرتنی 750 هەزار تۆنیان هەیە بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان وتی، ئەمساڵ بەردی بناغەمان بۆ سایلۆی هەڵەبجە داناوە و بەنیازین پێنج سایلۆی تریش دروست بكەین، هەرێمی كوردستان پێویستی بە 15 تا 20 سایلۆ هەیە.

#ئابووری

بابەتە پەیوەندیدارەکان