راگەیەنراوی هاوبەشی کۆبوونەوەی یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامی

06:04 - 2023-11-25
کوردستان
358 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ شەممە 25ی 11ی 2023 بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی  وەفدێكی باڵای یەكێتی سەردانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانی كرد و لە لایەن مامۆستا سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی و وەفدێكی باڵای یەكگرتووەوە پێشوازی لێكرا.

لە كۆبوونەوەیەكدا تاوتوێی دوا گۆڕانكارییە سیاسییەكان، یەكخستنەوەی نێوماڵی كورد، خۆئامادەكردن بۆ ئەگەر و پێشهاتەكان كرا و جەخت لە بەردەوامی دیالۆگی  نیشتمانیی و بەرپرسیارانە كرایەوە بە بەشداری سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە ناوخۆی هەرێم و عیراق بەشێوەیەك ژیان و گوزەرانی خەڵك پارێزراو بێت و هەوڵەكانیش بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشە داراییەكان، بەتایبەت دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم بخرێنەگەڕ.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا بە پەرۆشەوە هاوڕابوون كە دۆخی هەستیاری ناوچەكە وادەخوازێت نێوماڵی كورد یەكبخرێتەوەو  یەكڕیزی بپارێزرێت و كێشە و كەموكوڕییەكانی بەردەم پرسی حكومڕانی چارەسەر بكرێن و ستراتیژی سیاسی حزبەكانیش بخرێتە خزمەت گشتی و هەڵبژاردن لە كات و ساتی خۆیدا بەجۆرێك ببێتە مایەی سەقامگیری زیاتر لە هەرێم و بەهێزتركردنی قەوارەی هەرێم.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا تەئكیدكرایەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی یەكێتی و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و فراوانكردنی هاریكارییەكان لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان و خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان