بەزاندنی سنووری ژیانی تایبەتی گەمژەییە

10:48 - 2023-11-26
دووتوێ
286 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد كەریم
سنووری ژیانی تایبەتی مافێكی بنەڕەتییە، بۆ سەربەخۆیی و پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ پێویست و گرنگە، یەكێكە لە كۆڵەكەكانی چەمكی مافی مرۆڤ. ژیانی تایبەتی یانی ئێمە دەبێت بۆ پاراستنی خۆمان لە دەستێوەردانی بێ هۆكار لە ژیانمان پەرژینێك دروست بكەین، وەكو باخێك چۆن پەرژینی هەیە، ئێمەش لە پەیوەندی و رەفتاری خۆماندا لەگەڵ كەسانی جیاواز لە ژینگە جیاوازەكاندا، دەبێت چەند ئاداب و یاسایەك رەچاو بكەین هەم بۆ پاراستنی ژیانی تایبەتی خۆمان و هەم بۆ دەستوەرنەدان لە ژیانی تایبەتی كەسانیتر.
بەڵام ئەو شتانە چین كە ژیانی تایبەتی ئێمەن؟ ژیانی تایبەتی بریتییە لە بەدەن و هەڵسوكەوت، شوێن و شت و پەیوەندی و زانیارییەكانمان، پێویستە سنووریان بۆ دابنێین و نەیەڵین كەس بیانبەزێنێت، چونكە سنووری ژیانی تایبەتی مافێكی ئینسانییە و رەچاوكردن و پاراستنی هەستی ئارامی و ئەمن و ئاسایش بە مرۆڤ دەبەخشێت. بە زمانێكی ئاسانتر سنووری ژیانی تایبەتی زانیاری و ژیانی تایبەتی تاكەكەسە، چونكە هەر كەسێك زانیاری بەهاداری هەیە و ئاشكراكردن و دەستێوەردانی لەوانەیە تووشی سترێس و ئازار و شۆكی بكات.

جیاوازی پاراستنی سنوورەكان
بێگومان پاراستنی سنووری ژیانی تایبەتی لە ماڵەوە، لەگەڵ خزم و كەسوكار، لەگەڵ دۆست و هاوڕێ، لە شوێنی كار و لە كۆمەڵگەدا جیاوازە و هەر یەكەیان پێویستیان بە هێشتنەوەی سنوور و مەسافەیەكی جیاواز هەیە، هیچیان بەمانای لابردنی ئەو سنوور و مەسافەیە و بەزاندنی نییە. تەنانەت لە پەیوەندی خێزانی و ژن و مێردایەتیشدا نابێت هەموو سنوورەكانی ژیانی تایبەتی ببەزێنرێت و رەچاو نەكرێت. بۆ نموونە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت، نابێت سەیری مۆبایلی هاوسەرەكەشت بكەیت، یان لە جیاتی ئەو وەڵامی تەلەفۆنەكانی بدەیتەوە، یان لە هیچ حاڵەتێكدا نابێت سەیری مۆبایلی مناڵەكانت و ئەندامانی تری خێزانەكەت بكەیت، یان داوایان لێ بكەیت بە شێوەیەك رەفتار بكەن كە بەلای تۆوە پەسەندە ..هتد. مرۆڤی عاقڵ و مەدەنی و هاوسەنگ ئەو كەسەیە كە رەچاوی هەموو ئەم سنوورانە بكات و شتەكان تێكەڵ نەكات، بۆ نموونە نابێت زانیارییەكانی پەیوەندی خێزانی بۆ خزم و كەسوكار و دۆست و هاوكارەكانی باس بكات، ئەمە بە مانای راستگۆیی و شەفافیەت نییە، بەڵكو بە مانای گەمژەیی و نەزانییە. هەروەها نابێت زانیارییەكانی شوێنی كار و پەیوەندی لەگەڵ هاوكارەكانی لە ماڵەوە باس بكات. چونكە ئەمە جگەلەوەی بەزاندنی سنووری ژیانی هاوكارەكانی و ژیانی شوێنی كارە دەشێت كێشە و سەرئێشەی زۆریش دروست بكات و زانیارییەكانی شوێنی كاری لێوە بچێتە دەرەوە. هەروەها خزم و كەسوكار یان دۆست و هاوڕێ كاتێك دەپرسن مووچەكەت چەندە؟ ئەمە بەزاندنی سنووری ژیانی تایبەتی تۆیە و بۆیان نییە ئەو پرسیارە بكەن و تۆش ناچارنیت وەڵامیان بدەیتەوە.

ئازادی سنووری هەیە
قسەیەك هەیە زۆر دووبارە بۆتەوە و دووبارە كردنەوەشی لێرەدا بێسوود نییە، دەڵێت: «ئازادی تۆ لەوێدا کۆتایی دێت كە ئازادی بەرامبەرەكەت دەستپێدەكات» ئەمەش دیسان جەخت كردنەوەیە لە پاراستنی سنووری ژیانی تایبەتی بەرامبەرەكەت ئیتر هەركەسێكە. بێگومان پاراستنی سنووری ژیانی تایبەتی بەپێی وڵات و كۆمەڵگەكان دەگۆڕێت و لە هەموو وڵات و كۆمەڵگەیەك یاسای تایبەت هەیە بۆ پاراستنی ئەو سنوورە و نەبەزاندنی. 
ئاشكرایە كۆمەڵگە پێشكەوتووەكان كەمتر پێویستیان بە جێبەجێكردنی ئەو یاسایانە هەیە، چونكە خەڵكەكەیان بایی ئەوەندە مەدەنین كە رەچاوی سنووری ژیانی تایبەتی كەسەكان بكەن. بەڵام لە كۆمەڵگە دواكەوتووەكاندا بەزاندنی سنووری ژیانی تایبەتی هێشتا بەردەوامە، بەدبەختی ئەوەیە مامۆستای زانكۆ باسی شێوازی مەكیاجكردنی خوێندكارەكانی بكات و رای خۆی لەسەر بدات. یان پیاوی ئاینی ئەوە دیاری بكات ژن و پیاو حەفتەی چەند جار پێكەوە بخەون!! ئەمانە جگەلەوەی بەزاندنی سنووری ژیانی تایبەتین، گەمژەییەكی ئاشكران.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان